بە مەبەستی گەشەپێدان و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، #وەزارەتی دارایی# هاوردەکردنی چیمەنتۆی قەدەغە کرد، بەو هۆیەشەوە فرۆشی ڕۆژانەی کارگەکانی چیمەنتۆ لە کوردستان نزیکەی 3500 تۆن زیادی کردووە و تێکڕای وزەی بەرهەمهێنانیان بۆ نزیکەی 84% بەرز بووەتەوە.
بەپێی ئاماری #وەزارەتی بازرگانی# و پیشەسازی، شەش کارگەی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ لە کوردستان هەن کە بریتین لە کارگەکانی ماس، تاسڵوجە، بازیان، دەلتا، گاسن و کار. ئەم کارگانە ئەگەر بە وزەی تەواو کاربکەن بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە زیاتر لە 16 ملیۆن و 500 هەزار تۆن. ئێستا بە نزیکەی 84%ی توانای بەرهەمهێنانیان کاردەکەن و نزیکەی 70%ی بەرهەمەکانیان هەناردەی شارەکانی عێراق دەکەن.
تا ساڵی 2013 سێ کارگەی چیمەنتۆ لە هەرێمی کوردستان هەبوون کە فرۆشیان 7 ملیۆن و 400 هەزار تۆن بووە لە ساڵێکدا، بەڵام بەهۆی گرفتی ساغنەبوونەوە و دابەزینی نرخ لە ساڵی 2014 فرۆشیان بۆ 5 ملیۆن و 700 هەزار دابەزی. ساڵی 2015 کە کارگەیەکی دیکەش دامەزرا، فرۆشیان بۆ 4 ملیۆن و 800 هەزار دابەزی.
لە ساڵی 2016 دوو کارگەی دیکە لە هەرێمی کوردستان دامەزران، بەو هۆیەوە تێکڕای وزەی بەرهەمهێنانی کارگەکان بۆ 16 ملیۆن و 500 هەزارن تۆن زیاد بوو، بەڵام فرۆشیان تەنیا 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆن بووە کە دەکاتە نزیکەی 31.5%ی تێکڕای بەرهەمیان، بەڵام بەهۆی باشبوونی باری ئابووری و پەیوەندی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و نەمانی #داعش#، لە دوو ساڵی ڕابردوودا فرۆشی کارگەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. بەجۆرێک لە ساڵی 2017 نزیکەی 10 ملیۆن و 700 هەزار تۆن و ساڵی ڕابردووش 12 ملیۆن و 550 هەزار تۆن فرۆشیان هەبووە. نزیکەی 75%ی بەرهەمی کارگەکانی کوردستان هەناردەی شارەکانی عێراق کراوە، کە ڕۆژانە دەکاتە نزیکەی 25 هەزار تۆن.
مستەفا زوبێر، بەرێوەبەری هونەری و سەرپەرشتیاری کارگەکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەڵێت: بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، لەنێوان ساڵانی 2014 تاوەکو 2016 کارگەکانی چیمەنتۆ لە بارودۆخێکی سەختدا بوون و فرۆشیان زۆر دابەزی، بەڵام لە دوو ساڵی ڕابردوودا فرۆشی کارگەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بەپێی ئەو داتایانەی لەلای مستەفا زوبێرن، لە دوو ساڵی ڕابردوودا فرۆشی کارگەکانی چیمەنتۆ بەراورد بە فرۆشی ساڵانی 2014 و 2015 نزیکەی 55% زیادی کردووە. هەروەها بەهۆی هەڵگرتنی خاڵە گومرگییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردنی چیمەنتۆ و بووژانەوەی کەرتی بیناسازی، مستەفا زوبێر پێشبینی دەکات ئەمساڵ فرۆشی کارگەکان نزیک بێتەوە لە تێکڕای وزەی بەرهەمهێنانیان.
دەستکەوتنی کەرەستەی خاوی چیمەنتۆ لە کوردستان و خواستی بەردەوامی چیمەنتۆ لە عێراق، بوونەتە دوو خاڵی گرنگ بۆ وەرچەرخان لە پیشەسازیی چیمەنتۆ، بۆیە لە چوار ساڵی ڕابردوودا سێ کارگەی چیمەنتۆ لە هەرێمی کوردستان دامەزراون، سێ کارگەی دیکەش مۆڵەتیان وەرگرتووە و ئێستا لە قۆناغی دامەزراندان.
مستەفا زوبێر دەڵێت: کواڵیتی چیمەنتۆی کارگەکانی هەرێمی کوردستان زۆر باشە، ئەوەش پەیوەندی بەوە هەیە کە کارگەکان هی کەرتی تایبەتن، خاوەنەکانیان بۆ کێبڕکێی بازاڕ تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بەکاردێنن.
کارگەی ماس یەکێکە لە کارگەکانی بەرهەمهێنانی چیمەتۆ، خاوەنی سێ هێڵی بەرهەمهێنانە، وزەی هەر هێڵێکیان 2 هەزار تۆنە لە ڕۆژێکدا، تێکڕای توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی دەگاتە 6 ملیۆن تۆن چیمەنتۆ، ئەم کارگەیە لەساڵی 2017 بە وزەی 60% و لە ساڵی ڕابردووش بە وزەی 77.5% کاری کردووە و 8 ملیۆن و 250 هەزار تۆن چیمەنتۆی بەرهەمهێناوە، ئەمە لەکاتێکدایە تێکڕای فرۆش و بەرهەمی ئەم کارگەیە لە ساڵی 2014 و 2015 تەنیا 3 ملیۆن و 300 هەزار تۆن بووە.
ئاراس عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کارگەی چیمەنتۆی ماس دەڵێت: دوای دابەزینی نرخی نەوت و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، بەتایبەتی لە ساڵی 2015 و 2016، فرۆشمان زۆر دابەزی، بەڵام لە دوو ساڵی ڕابردوودا جارێکی دیکە فرۆشمان ڕووی لە زیادی کردووە، ئێستا هەرسێ هێڵەکەمان لەکاردایە و نزیکەی 75%ی بەرهەمەکانمان هەناردەی شارەکانی عێراق دەکەین.
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان جگە لە چیمەنتۆی خۆماڵی، چیمەنتۆی تورکی و ئێرانیش هەبوو. دوای قەدەغەکردنی چیمەنتۆی ئێرانی و تورکی، کۆمپانیاکان ڕوویان لە فرۆشتنی بەرهەمی خۆماڵی کردووە.
رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ڤان بۆ فرۆشتنی چیمەنتۆ و کۆنکریتی ئامادەکراو دەڵێت: بەهۆی بەرزیی کواڵیتییەکەی و هەرزانیی نرخەکەی، خواستێکی زۆر لەسەر چیمەتۆی ئێرانی هەبوو، بەر لە بڕیاری قەدەغەکردنی، ڕۆژانە 1200 تاوەکو 1500 تۆن چیمەنتۆی ئێرانیمان دەفرۆشت، لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکە نزیکەی 3500 تۆنمان دەفرۆشت، لە #زاخۆ#ش ڕۆژانە نزیکەی 300 تۆن چیمەنتۆی تورکی دەفرۆشرا.
ئێستا سەرجەم کۆمپانیاکان ڕوویان لە فرۆشتنی چیمەنتۆی خۆماڵی کردووە، بۆیە ڕابەر پێشبینی دەکات ئەم مانگە فرۆشی ڕۆژانەی چیمەنتۆی خۆماڵی 3500 تاوەکو 3500 تۆن زیادی کردبێ.
رابەر گوتی: هەرچەندە ئێستا نرخی چیمەنتۆ بەرز نەبووەتەوە، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان و زیادبوونی خواست، ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی چیمەنتۆ هەیە.
بەڵام جەنگی قادر، بەڕێوەبەری پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ بە وەکالەت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی دەڵێت: بەڵێنمان لە خاوەن کارگەکانی چیمەنتۆ وەرگرتووە پابەند بن بە نرخ و کواڵیتی. لەکاتی زیادبوونی خواستدا، نرخ بەرز نەکەنەوە.[1]
#23-05-2019#