لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی تر بەرەهەمە کشتوکاڵییەکان زیادیکردووە و بە شێوەیەک یەک دەنک گەنم 40 دەنک دەدات. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕیکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (فاو) ئەمساڵ زۆرترین باران باریوە لە ماوەی 22 ساڵی ڕابردوودا، بۆیە بەرهەمی کشتوکاڵیی ئەمساڵ زیاترە.
ئەندازیار محەمەد دەخیل بەڕێوبەری کۆمپانیای گەشەپێدانی کشتوکاڵی لە کۆبانێ و هەرێمی فورات دەربارەی ڕەوشی وەرزی دورینەوەی گەنم بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
محەمەد دەخیل دەربارەی جیاوازی لە بەرهەمی کشتوکاڵیی ئەمساڵ و ساڵی پاردا ڕایگەیاند: ساڵی پار سالێکی زۆر ووشک بوو، بەڵام ئەمساڵ جیاوازە بە هۆی باران بارینی زۆرەوە بەرهەمەکانمان زیادی کردووە. لە هەرێمی فورات بەرهەمان کەمتر دەبێت بە بەراورد بە هەرێمی جزیرە و ناوچەکانی دیکە، چونکە باران لێرە لە مانگی یەک وەستا، لە ئیستادا هاووڵاتیان دەستیان بە دوورینەوە و چنینەوەی بەرهەمەکانیان کردوە.
دەربارەی هاندانی خەک بۆ زیاتر گرنگیدان بە کشتوکاڵ محەمەد دەخیل ڕاشیگەیاند: ''هەوڵمان داوە یارمەتیی هاووڵاتییان بدەین لە پێدانی پێداویستیی کشتوکاڵی بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕ، بەڵام هاوکارێکانمان سنووردار بووە، چونکە توانای خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک زۆر نییە تا بتوانی هەموو هاوکارییەک پێشکەش بە جوتیاران بکات.''
دەربارەی وەرگرتنی بەرهەمەکان لە جوتیاران وتی: ''رۆژی شەممە دەست دەکەین بەکڕینی جۆ و گەنم لە جوتیاران لە 9 ناوەندی جیاواز. نرخی وەرگرتنی جۆ 100 لیرەی سوریە، بەڵام گەنم بە 150 لیرەی سوری دەکڕین.''
وتیشی: ''هەموو جوتیارەکانمان مۆڵەتیان هەیە لە بەڕێوبەڕایەتیی کشتوکاڵ کارتێکمان بەپێی ناوچەکانیان پێداون تا بازرگانی دەرەوەی ناوچەکە گەنم نەهێنێ و مافی جوتیاران نەخوات.''
دەربارەی زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی باسی ئەوەیکرد: ''سەرەتای دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری هێچ کڕینێکی بەرهەمەکانی گەنم و جۆ و لۆکە لە گۆڕێ نەبوو ئەمەش جوتیارانی ساردکردبووە، چونکە هیچ شوێنێک نەبوو بەرهەمەکانیانی بۆ بەرن، بەڵام ئێستا و ماوەی ساڵە ئێمە بەشێوەیەکی ڕێکخستوو بەرهەمەکانی جوتیاران دەکڕین و ساڵ بە دوای ساڵ ڕووبەری کشتوکاڵی فراوان دەکەین و نرخێکی زۆر باش و زیاد دەدەینە جوتیاران بە بەروارد بە گشت ناوچەکانی تر بەرامبەر کڕینی بەرهەمەکانیان.''
بەڕێوبەری کۆمپانیای گەشەپێدانی کشتوکاڵی لە کۆبانێ باسی ئەوەشیکرد: ''بۆ هاندانی جوتیاران پێداویستییەکان بە قیست و بە قەرز بە جوتیاران دەدەین، کە بە پارەیەکی زۆرگرانتر لەوەی بە جوتیاران دەدرێت کڕدراون، بەڵام خۆبەرێوبەری تەحەمولی ئەو زەرەو زیانە مادیە هەڵدەگرێت تا پاڵپشتی جوتیاران بکات.''
محەمەد دەخیل دەربارەی پاراستنی بەربوومی کشتوکاڵی لە بڵاوکردنەوەی نەخۆشییەکان و سوتاندن بۆ تێکدانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لەلایەن لایەنی دوژمنی ئەم ناوچەیەوە ئاماژەی بەوەکرد: '' پاراستنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەپێی توانایە. ئێمەش توانامان سنووردارە، بەڵام هەماهەنگیمان هەیە لەگەل بەشی ئابووری و شارەوانی و بەشی ئاگر کوژێنەوەی #یەپەگە# بۆ پاراستنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لەم وەرزەدا لە هەر کێشەیەک.''
بەڕێوبەری کۆمپانیای گەشەپێدانی کشتوکاڵی لە کۆبانێ دەربارەی بەشداری کۆپەراتیڤەکان (دەستە هەرەوەزییەکان) لە کەرتی کشوکاڵی ئاماژەی بەوەشکرد: ''لە هەرێمی فورات زەویی کشتوکاڵی لە نێوان 2000-2500 هێکتارە (8 هەزار دۆنم بۆ 10 هەزار دۆنمە)، لە کۆپەراتیڤەکان زەویی موڵکی دەووڵەتمان هەیە کە بەپێی بنەماڵ وپەرەنسیپی کۆپەراتیڤەکان ئەم زەویانە بە خێزانە هەژارەکان دەدرێت. لەو چوارچێوەیەدا 6 هێکتار (24 دۆنم) زەوی دەدەینە ئەو خێزانەی هەژارە بۆ ئەوەی کاری جوتیاریی تیادا بکات و پێداویستیشمان بە قەرز داوە بەو خێزانانە تا ئاسانکارییان بۆ بکەین. زەوییەکانمان بە نرخێکی ڕەمزی داوە بەو خێزانانە و تەنها ٪10ی قازانجەکانیان لێوەردەگیرێت. دوای کۆتایی وەرزەکە ئەو قەرزانە دەدەنەوە و پارەی بەرهەمەکانی کۆپەراتیڤەکان بەسەر خێزانە هەژارەکان دابەش دەکرێت.''
نیهاد هۆزان کرێکارێکی ئەم شارەیە کە ماوەی سالێکە کاری چنین و دورینەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی دەکات ڕایگەیاند: ''ئەمساڵ ساڵێکی زۆر باش بوو بۆ ئەو وەکو کرێکارێک، چونکە توانیویەتی ئیشی زۆر بە بەراورد بە ساڵانی دیکە دەستبکەوێت.''
هەروەها نیهاد هۆزان دەربارەی قازانجی گەنم ڕاشیگەیاند: ''هەر ناوچەیەک قازانجی جیاوازە. بەپێی بە پبیتیی خاکەکەی لە هەندێکی ناوچە یەک دەنک گەنم دەبێتە 35 دەنک لە هەندێک ناوچەی دیکە یەک دەنک گەنم دەبێتە 20 دەنک.''[1]
#26-05-2019#