ناوەندی ڕاگەیاندنی یەرەکە، ئاماری چوار مانگ ئۆپەراسیۆن و جموجۆڵە سیخوڕییەکانی هێزەکانی ئێران دژی گەریلاکانیان ئاشکرا کردووە و، ڕایگەیاندووە هێزەکانیان لەسەربنەمای خۆپاراستن وەڵامیان داوەتەوە.
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە، ئاماری چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵی ئۆپەراسیۆن، کەمین و جموجۆڵی سیخوڕیی هێزەکانی ئێران دژی گەریلاکانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرا کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی یەرەکەدا، هاتووە: ماوەیەکە لە ڕۆژهەڵاتی کورستان دەوڵەتی ئێران لە بەرامبەر هێزەکانمان لە ئاسمانەوە بە فڕۆکەی سیخوڕی و لە زەمینەوە بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەستی بە جموجوڵ کردووە، هەرچی هێزەکانمان هەوڵیانداوە لەگەڵ هێزەکانی ڕژێم نەکەونە شەڕەوە، هێزەکانی ئێران لەدژی هێزەکانمان ئۆپەراسیۆنیان ئەمجامداوە و کەمینیان داناوە، بۆیەش هێزەکانی ئێمەش لەسەر بنەمای خۆپاراستن، وەڵامیان داوەتەوە.
هەروەها هاتووە: ڕۆژی 24ی مانگی یەک گەریلاکانمان لە کوێستانی شاهۆ و لە شاخەکانی گوندی گۆزیبان، لە کاتێک خەریکی تێپەڕاندنی ئەرکەکانیان بوون، سەربازانی ڕژێمی ئیران ئۆپەراسیۆنێک دەستپێدەکات و کەمین دادەنێت، لەوێ هێزەکانمان ڕووبەڕوویان دەبنەوە و پێکدادان ڕوودەدات، هێزەکانمان لەسەر بنەمای خۆپاراستن وەڵامیان داونەتەوە و لە ئەنجامدا سەربازێکی ڕژێم کوژراوە و سیانی دیکەش برینداربوون.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی 11ی مانگی دوو، لە گەلیی قاسملۆ-ی سەربە #شنۆ#، کاتێک سێ لە هەڤاڵانمان دەچن بۆ تێپەڕاندنی ئەرکەکانیان، کاتژمێر 19:00 لە گوندی بەرباران ڕژێم ئۆپەراسیۆنێک دەستپێدەکات و لە ئەنجامدا لە نێوان هێزەکانی ئێمە و ئەواندا پێکدادان ڕوودەدات، هیچ زیانێک بە هێزەکانی ئێمە نەگەیشتووە، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی ڕژێم ڕوون نەبووەتەوە، هەروەها هەندیک لایەن ئەو پێکدادانەی گرتبووە ئەستۆ کە، دوورە لە ڕاستییەوە.
لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا، باس لە بوونی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەسەر گەریلاکانی یەرەکە کراوە و هاتووە: ڕۆژانی 13 و 14ی مانگی سێ لە مەیدانی شەهید ڕۆناهی سەربە شاهۆ، فڕۆکەی سیخوڕی گەڕاوە، هەر لەو مانگەدا و ڕۆژانی 11، 12 و 13 فڕۆکە سیخوڕییەکان بەسەر ئاسمانی شاهۆ گەڕاون، ڕۆژانی 13 و 14ی مانگی سێ فڕۆکە سیخوڕییەکان بەسەر کوێستانی کۆساڵان-ەوە گەڕاون، ڕۆژی 14 مانگی سێ-ش لە مەیدانی شەهید زیلان سەربە #مەریوان# فڕۆکەی سیخوڕی گەڕاوە، ڕۆژانی 15، 16 و 17ی مانگی سێ لە گوندەکانی مووجەسە، بلۆ، درۆلە، داوسین، کانیاو و سەبەدیلۆ سەربە بانە فڕۆکەکانی سیخوڕی لە بەرەبەیانی تا نیوەڕۆ گەراون.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەپێی زانیاریی سەرچاوە هەرێمییەکان، ماوەیەکە لەسەر هێڵی سنووری لە #هەڵەبجە#، #پێنجوێن# و ئاسۆس جموجۆڵی فڕۆکەی سیخوڕی هەیە.[1]
#26-05-2019#