ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستێکی مەترسیداردایە و لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 62 ژن کوژراون و خۆیان کوشتووە.
بەپێی ئاژانسە ناوخۆییەکان، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 62 ژن کوژراون یان خۆیان کوشتووە، زۆرترین حاڵەتەکانیش لە شارەکانی #ئیلام# و #کرماشان# بوون.
هەر بە گوێرەی ئەو هەواڵانە، لەو ژمارەیە 10ژنیان لە لایەن هاوسەر و باوک و براکیانیان کوژراون و 4 ژنی دیکە بە خۆ سووتاندن گیانیان لەدەستداوە، 48 ژنی دیکەش بە خۆهەڵواسین و دەرمان و شێوازەکانی دیکە کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە.
کوشتن و خۆکوشتنەکان لە منداڵی کچی 10 ساڵەوە دەستپێدەکات تا ژنی تەمەن60 ساڵییدایە، کە 18 کەسیان تەمەنیان لەنێوان 10 بۆ 20 ساڵییدایە، 13 ژن لە نێوان تەمەنی 20- 30 ساڵ و 31ی دیکەشیان تەمەنیان لەنیوان 30 ساڵ بۆ 60 ساڵ-دا بووە.
دوایین ڕووداوی خۆکوشتن لە #پیرانشار# بوو، کە ڕۆژی 24ی ئەم مانگە، کچێکی تەمەن 16 ساڵ بە پەت خنکا و دەوترێت، کە گوایە خۆی هەڵواسیوە و خۆی کوشتووە، هەروەها هەفتەی ڕابردوو دوو خوشک بە ناوەکانی شایسته 23 ساڵ و ئەسرا 22 ساڵ، بە دەستی باوک و برایەکیان بە چەقۆ کوژراون، کە دواتر ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و خەڵکی #مەریوان# دژ بە کوشتنی ژنان و توندوتیژییەکانی سەریان گردبوونەوە، بەڵام ڕووبەڕووی ئاستەنگیی هێزە ئەمییەکان بوونەوە و چەند چالاکوانێک دەستگیرکران.
جوانا #سنە#، بەرپرسی کۆمیتەی دیبلۆماسی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی کوردستان- کژار، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوە کرد، کە ڕووداوەکانی توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە، بەڵکو لە هەموو ئێران بەربڵاوە، بەڵام لە ڕۆژهەڵات زۆرترە.
جوانا سنە، بەپێویستی دەزانێت، ژنان لەبری ئەوەی کە هەبوونی خۆیان لە ناو ببەن، هەوڵبدەن ئەو زهنیەتەی کە بە سەریاندا سەپێنراوە تێکبشکێنن و یەکڕیزیی و یەکدەنگیی لەناوخۆیاندا دروست بکەن.
دەربارەی ڕۆڵی ڕێکخراو و لایەن سیاسییەکان، باسی لەوە کرد، کە پێویستە ڕۆڵیان هەبێت لە بەڕێکخستنکردنی کۆمەڵگا و ژنان و بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە و پشتیوانی هەموو ژنان بن تا ئەوان خۆیان بە تەنیا نەبینن.[1]
#27-05-2019#