حسێن محەمەد ئەحمەد فەتاح یاروەیسی ناسراو بە حسێن تەپی سەفایی لە ساڵی 1957 لە گوندی تەپی سەفای #شارەزوور# لە خێزانێکی جوتیاری کوردپەروەر چاوی بە ژیان هەڵهێناوە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە گوندەکەیان و شارۆچکەی خورماڵ تەواو کردووە. شەهید حسێن کەسێکی ڕۆشنبیرو بە هەڵویست بووەو دەستی شیعر نوسینیشی هەبووە، زۆربەی شیعرەکانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدی لەبەر بووە. دیوانێکی شیعری خۆی هەبووەو هەمیشە لە کۆڵەپشتەکەیدا بووە، بەداخەوە دیوانەکەش لەگەڵ خۆیدا شەهید بوو.
ساڵی 1976 ئەو کاتەی لە قۆناغی ئامادەییدا بووە، پەیوەندی کردووە بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوەو دواتر شانەیەکی بەهێزی ڕێکخستنی لە گوندەکەی خۆیان و ناوچەکەدا دروست کردووە. ڕژێم بە کەین و بەینەکانی دەزانێت و دەستگیر دەکرێت، پاش سێ مانگ و دوای ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆرو پاش ئەوەی هیچ نهێنییەک نادرکێنێت ئازاد دەکرێت.
لە ساڵی 1977 چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتە شانی. دوای ساڵێک دەبێت بە ڕابەر سیاسی هەرێمی یەک.
لە ڕۆژی 16-09-1978 لەگەڵ سێ هاوڕێیدا لە شەڕێکدا لەلایەن قیادەی موەقەتەی ئەو کاتەوە دەستگیر دەکرێن و گولەباران دەکرێن و بۆ هەمیشەیی دەچنە کاروانی نەمرانەوە.
وە جێگای گولەبارانەکەشیان بە نەزانراوی مایەوە، تا ساڵی 1987 جێگاکەیان دۆزرایەوە، کەتەنها جلوبەرگ و ئێسکەکانیان مابوو.
لە ناوچەی دزڵی بەخاکیان سپاردن. کوژرانی حسێنی مامە حەمۆل لەدوای کوژرانی شەهید یونس محەمەد خەفەتێکی تر بوو بۆ خزم و کەسوکاریان، هێشتا جلی ڕەش دانەکەنرابوو کۆستێکی تر هاتە بانی و ژمارەی ڕەشپۆشەکان زیاتر بوون، کاک حسێن کە لەلایەن قیادەی موەقەتەوە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی لەشاخی هەورامان گولەباران کرابوون و خرابوونە ناو کەنێکی زۆر قوڵ کە هیچ کەس نەیدەزانی لەو شوێنەدا کۆتایی بە ژیانیان هاتووە، تا چەند ساڵ دواتر بەهۆی شوانێکەوە دۆزرانەوەو بەخاکیان سپاردن.