هاونیشتمانیانی خۆشەویست...
خەڵکی کوردستان و بەشێکی گەلانی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دونیاش ئەو ڕاستییە دەزانن، کە میللەتی کورد و بەشێک لە گەلانی ناوچەکە، بەسەدان ساڵە پاکتاو دەکرێن و خاکەکەشیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕەگەزپەرستەوە داگیر دەکرێت، لەم ڕووەوە #کەرکووک# و #خانەقین# و شەنگال و دوز و مەخمور و زوممار و دانیشتوانی ئەم ناوچانە هەمیشە ئامانجی یەکەمی داگیرکەران بوون.
روخانی قەڵای ڕەگەزپەرەستی و نەتەوە پەرستی بەعس لە عێراق، لە ساڵی 2003، ئومێد بەخش بوو، بۆ گەلانی زوڵم لێکراوی عێراق و بۆ گەڕاندنەوەی خاک و مافی گەلانی کورد و تورکمان و کلد و ئاشور و پێکهاتەی شیعە لە خواروی عێراق، لە چوارچێوەی دەستوری هەمیشەیی عێراقدا.
بەڵام، ئەوە زیاتر لە (15) پانزە ساڵە حکومەتی فیدراڵی عێراق خۆی لە جێبەجێکردنی ماددەی (140)ی دەستوری عێراق دەدزێتەوە، بەهۆی بیری نەتەوە پەرستی و مەزهەب پەرستی دەسەڵاتدارانی حکومەتی فیدراڵی لە عێراق و بەفشار و هاوکاری و پشتگیری دەوڵەتانی ناوچەکە لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە نەبوونی گوتاری یەکگرتوو و یەکهەڵوێستی سیاسیی کورد لە بەغداد و ناوچە جێناکۆکەکان و دروستنەبوونی هەرێمێکی یەکگرتوو و حکومەتێکی نیشتمانی و هێزێکی نیشتیمانی و ئابورییەکی نیشتمانی لە کوردستان و سەرقاڵبوونی دەسەڵاتدارانی هەرێم بە بەرژەوەندیی تەسکی حزبی، هۆکارێکی تری سەرەکی بوون، بۆ بێمنەتی بەغداد و خۆدزینەوەیان لە جێبەجێکردنی ماددەی (140) و مافە دەستورییەکانی تری خەڵکی کوردستان.
سەرەنجام بەهۆی نەبوونی وتاری یەکگرتووی هێز و لایەنە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و هەڵوێستی سیاسی جیاواز و ناواقیعانەی #پارتی دیموکراتی کوردستان# و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هەڵوێستی جیاوازیان لە کاروباری ئەمنی و سەربازی و هتد.. هەلی تەواوی ڕەخساند بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی بتوانێت لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، دەست بەسەر تەواوی ناوچە جێناکۆکەکاندا بگرێت، تاکلایەنە و بەپێچەوانەی دەستوری عێراق حکومرانی ئەو ناوچانە بکات، بەم جۆرە جارێکیتر کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان، لە سەردەمی عێراقی فیدراڵدا، کەوتنەوە بەر شاڵاوی داگیرکردن و پاکتاوکردن و تەعریبکردن، ئەمجارە لەسەر دەستی زوڵم لێکراوەکانی دوێنێ و دەسەڵاتدارەکانی ئەمرۆی عێراق.
هاونیشتمانیانی بەڕێز...
هاوکات لەگەڵ ئەم بارودۆخە ناهەموارەدا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمرۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەت، هەڕەشە و مەترسی ئەوەی لەسەرە، ببن بە مەیدانی جەنگێکی مەترسیدار و وێرانکەر، کە بێگومان لێکەوتەکانی زیانی ئابوری و سیاسی زۆرقورسیان دەبێت لەسەر ئەم ناوچەیە.
لەم ڕوانگەیەوە و لە پەرۆشیی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دۆخەکە و دوارۆژی وڵات و میللەتەکەمان، داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی کوردستان دەکەین، بەیەکەوە کۆبوونەوەیەکی لوتکەیی سازبکرێت بۆ دیراسەکردنی دۆخەکە و نەخشەدانان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و گەڕاندنەوەیان بۆسەر هەرێمی کوردستان.
بزوتنەوەی گۆڕان
#27-05-2019#