ژنێکی ڕەشپۆش لەکاتی ئیش و کاری ناوماڵدا هەمیشە گوێ قوڵاخە بۆ دەنگی مێردەکەی، لە پەنجەرەی کابینەکەوە جارجار تەماشای جادەی شانەدەری دەکرد، بەهیوای ئەوەی پیاوەکەی مابێت و لە سۆراغی دۆزینەوەی ژن و منداڵەکانیدا بێت. هەرکە ناوی ناسیح بهاتابە ئەم دادەچڵەکی، وا نزیکەی چوار ساڵە ناسیح ڕاپێچی بیابان کراوە و سۆراغی نییە، ئای چاوەڕوانی چۆن مرۆڤ پیر دەکەیت و دای دەڕزێنیت.
دایک بۆ نیوەڕۆ لەسەر زۆپای تەحالوف دوو هێلکەی کردە تاوەیەک و بۆی کردن بە هێلکەوڕۆن، منداڵەکان بەچای گەرمەوە هیڵکەکەیان خوارد و هەستانەوە، دواتر دەموچاویان شت و جانتا لە گونیە درووستکراوەکەیان هێنا کە پەرتووکەکانیانی تێدابوو، کردیانە شانیان و هەر بەجلە پینەپیناوییەکانی ماڵەوە و یەکی بە جوتێک جزمەی لاستیکەوە بەبێ گۆرەوی ڕوویان لە قوتابخانە کرد. پێش دەرچوونیان دایک سەروماچی کردن و بۆ ساتێک لە ئامێزی گرتن. دڵی ترسا و خورپەیەکی کرد، دنیا سارد و کەشوهەوا نالەبار بوو، هەوری سپی داویەتی بە یەکدا و هاکا ڕەشایی خاک بشارێتەوە. هەتا لە چاو ون بوون دایک نەیتوای بچێتەوە کابینەکە، هەر چاوی لە دوایان بوو بەردەوام دڵە خورپەی بوو، هەستی پێش وەختەی دایک هەرگیز هەڵە ناکات و وەکوو تەلی تەلەگراف هەواڵی داهاتوو دەگەیەنێت بە دڵ.
کاتێک ئەوان لە چاو ون بوون دایک ڕۆشتەوە ناو کابینەکەی، قاپ و قاچاخەکەی هەڵگرت بیانشوات هەردوو پیاڵەی چاکە کەوتنە خوارەوە و شکان، دایک داچڵەکی، هەستایەوە لە پەنجەرە تەماوییەکەی کابینەکەوە تەماشایەکی جادەی کردەوە، بەڵام هیچی نەبینی، دڵی هەر لای پەپولەکانی بوو، خوایە بەخێری بگێریت.
چنار و هێمن بە هەڵبەز و دابەز و بەزمی منداڵانە گەشتنە قوتابخانەکەیان، وانەیەک و دوان و سیان خوێنرا، بۆ وانەی چوارەم لە ژوورەوە بوون، بەفر دەستی کرد بە بارین، منداڵەکان لەپەنجەرەکەوە تەماشای دەریان دەکرد و دڵیان لای بەفرەکەبوو، چنار و هێمنیش هەرکامیان لە پۆلی خۆیانەوە خەمی ڕێگای ڕۆشتنەوەیان کەوتە بەر، بەڵام هەر وەکوو هەستی منداڵانە حەزیشیان لە بارینی بوو. بەڕێوەبەری قوتابخانە پەیامی نارد بۆ مامۆستایان کە کۆتایی بە وانە بهێنن و منداڵەکان ڕەوانە بکەنەوە بۆ ماڵەوە.
وردەوردە بەفر دنیای سپی دەکرد و ڕەشایی خاکی دەشاردەوە، منداڵەکان لە دەرەوەی حەوشی قوتابخانەوە دەستیان کرد بەشەڕە بەفر، چنار پەلی هێمنی گرت و کەوتنەڕێ، ڕێگای ئەوان وەکوو ڕێگای منداڵەکانی تر نییە، ئەوان دەبێت بەپێ لە سەیدسادقەوە بڕۆنەوە بۆ شانەدەری.
کاتێک بەفر دای کرد دایک لە شانەدەرییەوە کەوتە چرپ و چاپ، دەهات و دەچو، چاوی دەبڕییە جادەکە دڵی لای چنار و هێمن بوو، جارجار ژنە دراوسێکانی دڵخۆشییان دەدایەوە و کەمێ هێمنیان دەکردەوە:
تێنۆ... خوشکم تێنۆ... هاونەڕێوە، هیچ مەترسێ، خوا وەڕەحمە
هیچ نییە ئیشەڵا مەترسێ خۆیشکم، ئەوە منداڵ بەرەتای گەیی
دایک:نا بەخوا دڵم ئێژێ چتێکیان وەسەرتێ
بەفرەکە دەیدا لە دەموچاو و ڕومەتی و بەرەو منداڵەکان کەوتەڕێ
کوا ڕۆڵە ئەی چنار و هێمن کوان؟ ئەوانتان نەبینی؟
ناوەڵا پورێ ئەوان لەدواتر بوون
تا سەر جادە قیرەکە دەڕۆشت و دەگەڕایەوە، ئارامی لێ بڕابوو، وا دنیا تاریکی کرد چنار و هێمن دیاریان نییە. ئەو ئێوارەیە نان و ئاوی لێ حەرام بوو، دراوسێکانی هاتن بۆ لای بۆ دڵخۆشکردنی:
خۆیشکم دڵی خۆت ناڕەحەت مەکە، وەخوا لە ماڵێ لایانداوە
ئا ئا خۆ کافرسانی نییە کەسێ ئەوێ بیانواتە ماڵۆ نان و ئاوێکیان بداتێ
ئیشەڵا هیچیان وەسەر نایەت
دایک تا نیوەشەو چاوی نەچووە خەو، لە کۆتاییدا ماندوو شەکەت بوو لەپاڵ زۆپاکەدا هەڵتروشکابوو بۆ ساتێک چووە دنیای خەوەوە. لەخەویدا ناسیح بەجلی کەتافییەوە قژە ڕەشەکانی شانە کردووە و تفەنگ لە شانیدایەو بەزەوق و شەوقەوە بەرەو کابینەکە دێت، سڵاوێک لە دایکی منداڵەکان دەکات و دەڵێت:
ژنەکە کوانێ چنار و هێمن لە کوێن؟
پیاوەکە ئەوان خەوتوون
خەوی چی هەڵیان سێنە ئەیان وەم بۆ ماڵەکەی خۆم
ماڵی چی پیاوەکە، بۆ ئەمە ماڵی ئێمە نییە؟
نا ماڵە تازەکەمان لەناو باخچە و سەیرانگایەکی خۆشدایە، ئەوەندە خۆشە دڵ تیایدا حەیران ئەوێ
ناسیح منداڵەکانی لەخەو هەڵساند و دەستی هەردوکیانی گرت و وەکوو تیشک لەچاوان ون بوون
دایک لەخەو ڕاپەڕی، تەماشای کرد دنیا ڕووناکە و ئاسۆ ڕوون بوەتەوە، بەپەلە هاتە دەرەوە، بەفر تا دەمی دەرگای کابینەکە هاتبوو، پاتە لاستیکەکانی لەپێ کرد و گوێی هەڵخست بزانێت چ باسە، ماشێنێک پەیدا بوو، ئاوارەکان لەدەوری ماشێنەکە خڕ بوون، ژنە ڕەشپۆشە ئەنفالکراوەکان کێشایان بە ڕوومەتی خۆیاندا، دایک لێرەوە ڕاچڵەکی، ئەژنۆی شکا، بڕستی لێ بڕا توانای نەبوو هەنگاوێکی تر بنێت. لەسەر ئەژنۆ لەسەر بەفرەکە دانیشت، ژنەکان هاتن چواردەوریان گرت، هەڵیان ساندەوە و بەرەو ماشێنەکە بردیان.
شۆفێر: خوشکم دوو منداڵ لە نەخۆشخانەن و بەفر بردوونی، ناردومیان بە دوای ئێوەدا، بەڵام خەمت نەبێت ماون و نەمردوون.
دایک قەڵەمی ئەژنۆی شکابوو، زمانی گۆی نەدەکرد، وەک بی ناو ئاو دەلەرزی، ترس و سەرما پێکەوە جەستەیان ماندوو شەکەت کرد، لەگەڵ ژنە ڕەشپۆشەکانی تر خۆی هەڵدایە ناو ماشێن و بەرەو سەیدسادق ڕۆشتن.
کاتێک چوونە نەخۆشخانەکە دکتۆر شێخ فاتح کارمەندی نەخۆشخانەی (MSF) بەچاوی پڕ لە فرمێسکەوە لەگەڵ دکتۆر جەباری هاوڕێیدا بەرەو ڕووی ژنە دڵ بریندارەکە ڕۆشتن و سەرەخۆشییان لێ کرد:
خوشکم خۆتان خۆش بن منداڵەکانی ترتان خۆش بن (إنا لله وإنا إلیە راجعون) .
دایک چەرچەفی سپی بەسەر دوو پەپولەوە لادا، هەر دەڵێی لەخەودا بوون، خۆی دا بەسەریاندا دەمی خستە سەر ڕوومەتی ئاڵیان کە تازە شەختە بەری دابوون، تێرتێر بۆنی کردن، هاواری کرد چنار، هێمن کۆترەکان دایان لە شەقەی باڵ، زەوی لە ماتەمدا هەرچی بەفر بوو کردی بە فرمێسک، دارو دەوەن شیوەن و ماتەمیان گێڕا، تەپ و تۆز لە عەرعەر و نوگرە سەلمان هەستا، پەپولەکان لە بیابان لەژێر خاکەوە هاتنە دەر و پێشوازییان لە چنار و هێمن کرد.
بەڵی چنار و هێمن ئەو ئێوارەیە لەژێر کلوی بەفردا ڕێگا دەبڕن، بەڵام تەمومژ و تاریکی شەو ڕێگایان لێ ون دەکات و لە چۆڵەوانی نێوان سەیدسادق و شانەدەریدا سەر دەنێن بەسەری یەکەوە و بەفر جەستەی ناسک و پەپولە ئاسایان سارد دەکاتەوە و دڵیان لە لێدان دەخات.
سەرحەد یونس [1]