بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان 900 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، هاتنی جەژنی ڕەمەزانیش هێندەی دیکە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان قەرەباڵخ کردووە.
فەیسەڵ کانەبی، خاوەن دوو هۆتێلە لە #هەولێر# بۆ دواڕۆژ وتی: بە بەراورد بە جەژنی ڕەمەزانی ساڵی ڕابردوو ئەمساڵ گەشتیاری زیاترمان بۆ هاتووە، بەجۆرێک ساڵی ڕابردوو 140 ژوورمان گەشتیاری تێدابوو، ئەمساڵ تا ئەمڕۆ 230 ژوورم پڕە لە گەشتیار.
گەشتیاران زۆربەیان بە پاس و لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی گەشتیارییەوە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دەهێندرێنە سەیرانگەکانی هەرێمی کوردستان.
سەیف نەجەفی، شۆفێری پاسی کۆمپانیا گەشتیارییەکانە و گەشتیار لە ناوەڕاست و خواروی عێراق بەره و هەرێمی کوردستان دەبات.
سەیف نەجەفی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ڕێگاکان دوای ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر زۆر خراپ بووە هەمووی تاسەیە و خاڵی پشکنین زۆرە، زۆربەی کات لە ئیقامە دوادەکەوین داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کارئاسانیمان بۆبکات.
دوای تەواو بوونی پرۆسەی خوێندن و لەگەڵ دەستپێکی پشووی هاوین گەشتیارانی خوار و ناوەڕاستی عێڕاق ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستان دەکەن، نرخەکانیش لە 50 هەزارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 150 هەزار دینار بۆهەر کەسێک.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کردستان، ساڵی ڕابردوو 3 ملیۆن و 57 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان کە زۆربەیان گەشتیاری عەرەبن. لەسێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ زیاتر لە 900 هەزار گەشتیار ڕوویان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کردووه.چاوەڕوان دەکرێ تا کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان بگاتە نزیکەی 3 ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار.[1]
#06-06-2019#