وەرگێڕانی لە یۆنانییەوە: عەلی فەتحی
وەرگێڕانی ڕۆمانی خاکی خوێناوی بەلامەوە حەسڕەتێک بوو. ساڵانێک بوو لە گۆشەی کتێبخانەکەمدا پاڵیلیدابۆوە و جاروبار بە خێسە پێیدەگوتم نۆرەمە. ڕاستییەکەی خۆیشم چاوبڕکێم دەگەڵ دەکرد و حەوداڵی فرسەتی ژوانێک بووم. چەند مانگێک لەوەپێش، شەوێکیان دەستم دایە و ملم دەبەر ملی نا. هەستم کرد سەیر بەدوای خۆیدا ڕامدەکێشێ. هەر ئەوەندە کە زانی عاشقی بوومە، دەستی گرتم و بەنێو دۆڵ و چیا و پێدەشتەکانی ئاسیای بچووکدا بردمیە نێو جیهانی پەرادۆکسەکان، بۆ ئەو شوێنەی عەشق و نەفرەت، جوامێری و خەیانەت، شادی و خەم، تێری و برسیەتی، ترس و بوێری، گریان و پێکەنین، هیواداربوون و بێ هومێدی، نەخۆشی و سڵامەتی و ئازادی و کۆیلەتی.... دراوسیی یەکترن. ئەوجار پەردەی لەسەر هەموو ڕووداوە شیرین و تاڵەکان لادا بۆوەی لەلایەک بزەی دایک بۆ کۆرپە و لەولاشەوە جەستەی لەتوپەتکراوی بێتاوانەکان ببینم و بەو قەناعەتە بگەم عینایەت و جینایەت هەردوو دەستکردی مرۆڤن لەپێناو بەرژەوەندی و مەسڵەحەتدا، هەڵبەت بە پاڵپشتی سیاسەت و ڕەگەزپەرستی. ئەو هەستانەی باسم کردن، کۆڵیک پرسیاریان خوڵقاندبوو. خاتوو دیدۆ سۆتیرییووی نووسەر، ئەویش وەکوو هەمووی ئێمەی خوێنەر، دەبوایە بەدوای ڕووداوەکاندا بچێ و وڵامێک بۆ هەرکامیان بدۆزێتەوە. ئەو مەعموریەتەی بە ئەکتەری ڕۆمانەکەی دا دەڕێ کەوێ و هەموو پارادۆکسەکان بە چاوی خۆی ببینێ. بەڵێ، مانۆلیس ئاکسیۆتیس، کوڕە لادییەکەی قیرقینجە لە دەڤەری ئیزمیر، بەقسەی نووسەر وەڕێکەوت و منی خوێنەریشی لەگەڵ خۆی کردە هاوڕێ و جار دەبوایە بۆ دۆخی ئەو بگریم و جار قاقای بۆ لێدەم. هەر هەمووی ئاڵوگۆڕەکانم بەدڵ بوو.
مانۆلیس سەرەتا باسی پێکەوە ژیانی نەتەوکانی بۆ کردم. خۆی مەسیحی بووە و چ کێشەیەکی لەگەڵ تورکی موسوڵمان نەبووە. ئەو لە گوندەکەی خۆی ژیاوە و چ نەفرەتێکی لە سوڵتانی عوسمانی نەبووە. ئەو هەستە تا ئەو کاتە بەردەوام بووە کە تورک هێشتا تووشی پەتای ڕەگەزپەرستی نەبوونە، بەڵام هەرکە بانکی ئاڵمانی لە فەلەستین مەعموریەتی پێ دەدرێت دۆخەکە بشێوێنێ، خیرا گورگە بۆرەکانی تورک دێنەمەیدان و لەژێر ناوی ئیسلام دەگیانی نەتەوەکانی دیکە بەردەبن. یونانی و ئەرمەنی بە گاور بانگ دەکەن و کورد بە کێویلکە.... چەندی دڵیان دەخوازێ دەکوژن و بەزەییان بە مناڵی نێو لانکەشدا نایە.
خاکی خوێناوی بەدڵم بوو. خۆشحاڵم وەرگێڕانی تەواو بوو. دڵنیام هەر خوێنەرێک دەست بە خوێندنەوەی بکا، هەم لە دنیای بەرژەوەندییە سیاسییەکان و هەم لە خۆشەویستی بۆ نیشتمان چاکتر تێدەگا و ئەوەشی تەواو بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ڕووداوەکانی ئەو سەردەم و ئێستا دەکرێ بڵێین ڕاست وەکوو یەکن: زلهێزەکان، بۆ بەرژەوەندی خۆیان، گەلانی ژێردەستە دەکەنە گۆپاڵ بۆ لێدانی نەیارانی بەرژەوەندییەکانیان و هەرکە بە مەبەستیان گەیشتن، ئەو گۆپاڵە فڕێ دەدەن و ڕێگە بە نەیاری کۆن و یاری تازەیان دەدەن چەندی حەزدەکا گۆپاڵەکە لە داروبەرد ڕاکێشێ و لەتوپەتی بکا...! [1]