هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبوڵ 23 حوزەیرانی 2019 نوێترین لێکۆڵینەوەی شیکاری ژوری تویژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانە، ئامادەکردن و نوسینی گەیلان عەباس – ئەندامی ژوری توێژینەوەی سیاسیه.
رۆژی 23 حوزەیرانی 2019 هەڵبژاردنی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ بەرێوەبچێت، ئەم هەڵبژاردنە بریتییە لەدوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ کە لە 31 ئازاری ئەمساڵدا ئەنجامدرا. لەهەڵبژاردنی پێشودا بەربژێرەکەی جەهەپە، توانی بەسەر بەربژێرەرەکەی ئاکپارتیدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. بەڵام دواتر بەهۆی فشارە بەردەوامەکانی ئاکپارتی، ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەکۆمەڵێک پاساوی جیاواز، بریاریدا بەهەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانی ئیستەنبوڵ و ڕۆژی 23 حوزەیرانیشی دەستنیشان کرد بۆ ڕۆژی دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکە.
ئەوەی لەم هەڵبژاردنەی ئەمجارەدا چاوەروان دەکرێت، بریتییە لەرکابەریەکی توند لەنێوان هەردوو بەربژێر (بیناڵی یەڵدرم: ئاکپارتی) و (ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ: جەهەپە)، بەراورد بە بەربژێری پارتەکانی دیکە. لەلایەکی دیکەشەوە (هەدەپە)، هاوشێوەی هەڵبژاردنی 31 ئازاری ئەمساڵ سەرەرایی نەبونی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆک شارەوانی ئیستەنبوڵ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرجەمی چاوەکان لەسەر دەنگدەرانی هەدەپەیە، بەو پێیەی چاوەروان دەکرێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی 31 ئازار، لەم هەڵبژاردنەشدا دەنگدەرانی کوردو هەدەپە، ڕۆڵی گەورە ببینن لە یەکلابونەوەی ئەنجامەکان لەبەرژەوەندی یەکێک لەکاندیدە ڕکابەرەکان.