هەر کەسێک دان بەو ڕاستیە دانەنێت یان گێل و نەزانە یان خیانەتکارە.
من 39 سالی تەواوە (پێشمەرگەم)
بەلام لەمێژە بەو ئەنجامە گەیشتومە،
کە (موخەڕیبم) تێکدەری ئەو گەل و نیشتیمانەم. پێشمەرگەم تاوانباری یەکەمم لە وێرانکردن و تێکدانی هەمو خانە کۆمەلایەتیەکانی ئەو گەلە.
پێشمەگەم تاوانباری یەکەمم لە دوو سەد هەزار ئەنفالی پیاوو ژن و کوڕو کچی مێردمندال و ساوا.
پێشمەرگەم تاوانباری یەکەمم لە سوتان و تێکدانی چوار هەزار گوند.
پێشمەرگەم تاوانباری یەکەمم لە کیمبابارانی هەلەبجەو شێخوسانان و بادینان و #گەرمیان#.
پێشمەرگەم تاوانباری یەکەمم لە زیندانی کردن و ئیعدام کردنی هەزاران خوشک و براو دایک و باوکی ئەو خەلکە.
پێشمەرگەم بەرپرسیارم لە درێژەدان بە دەستەلاتێکی بازرگانی ستەمکاری دەسپۆتیزم و ئالیگارشی توندو تیژی مشەخۆر.
پێشمەرگەم هۆکاری یەکەمم، لە لەت و پەتکردنی کۆمەلگا لە سەر دوو چین.
یەکەم ؛ لە خولقاندنی چینی پلەداری دەستەلات و درێژەدان بە سیاسەتی تاکڕەوی و عەقلیەتی کلاسیکی خێل گەرایەتی و ئەرستۆکراتی خانەدان و بەرەبابگەرایەتی.
دوەم ؛ لە کوشتنی ئیرادەی خەلک و خنکاندنی ئازادی و بەهێزکردنی چەمکی دەستەلاتی تاکڕەوی بیرۆقراتی و لە پشتگیری بازرگانانی کۆمپرادۆر و پشتگیری لە دەستبەسەرداگرتنی مولکایەتی شەخسی لەلایەن بەرپرسانەوە، کە بوە بە دیاردەیەکی زۆر زۆر شەفاف و بەرچاو بەرجەستە.
سێیەم ؛ پێشمەرگەم بەرپرسیارم لە تێکدانی سیستەمی خوێندن و پەروەردەو جیاکردنەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانەکان، کە دابەشکراون لەسەر بنەمایی تایبەتیی و نمونەیی و ئەهلی لە نێوان دەستەلاتدارە بازرگانەکان و مێگەل کە بەشێوەیەکی زۆر بێشەرمانە نمونەییەکان بۆ دەولەمەندو بەرپرسانە، نانمونەییەکانیش بە شێوەیەکی کەربازاری بۆ هەژارەکانە، کە لەدوای شازدە سال خوێندن بە ڕەزالەت ئینجا هیچ سودێکی نابێت بۆ هەژاران.
چوارەم ؛ پێشمەرگەم تاوانباری یەکەمم لە بەهێزکردنی دەستەلاتی حیزبەکان.
پێنجەم ؛ پێشمەرگەم تاوانباری یەکەمم لە پڕۆسەی موتوربەکردنی کۆمەلگاو بە مێگەلکردنیان بۆ درێژەدان بە دەستەلاتی خێلگەرایەتی.
شەشەم ؛ پێشمەرگەم تاوانبارو بەرپرسیارم لە سەرگەردانکردنی خێزان و منالەکانی خۆم و هەزاران خێزانی تر، کە وەک کۆیلەیەک پێشکەشمان بە دەستەلات کردوەو کردومانن بەقوربانی، تەنها لەپێناو موچەیەک لەنێوان مردن و ژیاندا گۆشەگیرمان کردونە.
حەوتەم ؛ پێشمەرگەم، تاوانبارو هۆکاری یەکەمینم لە دروستکردنی کێشە کۆمەلایەتیەکان و تەواوی کێشە ئیکۆنۆمیی و سیاسیە ناسیاسیەکان.
هەشتەم ؛ پێشمەرگەو نوسەرم تاوانباری یەکەمم قەلەم فرۆشم لە پێداهەلگوتنی بەرپرسە بازرگانەکان و لە چەواشەکردنی ئەدەب و سیاسەت و مێژوو، بەجۆرێک ڕاستیەکەشمان لە نەوەی ئایندە شێواندو ئالۆزمانکرد. نۆیەم ؛ تاوانبارو بەرپرسیارم کە وەک موڕشید - دەلیلێک لەو هەمو ئۆپەراسیۆنانەی بەپێش دوژمن کەتم و دەستیانم ڕاکێشا بۆ سەر خاکی پیرۆزی کوردستان و بوومە (مەرسەد) و چاوو ساغی هەمو تۆپبارانەکان و ڕۆکێتی فڕۆکەکان، بۆ سوتاندنی گوندو ڕەزو ئەشکەوت و شارۆچکەکان.
دەیەم ؛ پێشمەرگەم و تاوانبارم بەرپرسیارم لە فرۆشتنی هەمو کانەکانی ژێرزەویی و سەر زەویی و لە فرۆشتنی هەمو ئاسەوارە مێژوییەکانی ئەم نیشتمانە هیچم نەهێشت هەمو شتێکم بۆ دوژمنان هەڕاج کرد و فرۆشت.
یازدەم، پێشمەرگەم و تاوانباری یەکەمینم لە کوشتنی ئەو خەلکە بێتاوان و بێلایەنە کە وەک شەیتان بومە سەبەب بە هۆی منەوە لەناو چوون.
دوازدەو سێزدەو زۆرتریش..........
ئاخر چل سالە کۆیلەو درێژەپێدەری دەستەلاتێکی دەسپۆتیزم و ستەمکارم. پاسەوانی حەمام و ئاودەستی بەرپرسانم.
ئاخر شانازی چی بەخۆم و بە مێژووی خۆمەوە بکەم هیچ سودو بەرهەمێکم بۆ هەژارەکان نەبوو. نەفرەت لەخۆم و لە پێشمەرگایەتیم تاوانبارو بێزارو پەشیمانم و بەس.
(قەهار گەزنەیی)