ناو: وەهاب
نازناو: وەهاب ئاغای ڕواندز
ناوی باوک: مەحموود
ساڵی لەدایکبوون: 1909
شوێنی لەدایکبوون: گۆندی بێشوک سەربە #ڕواندز#
ڕێکەوتی کۆچی دوایی: 06-02-1972
شوێنی کۆچی دوایی: گوندی ئۆمەراوە-باڵەکایەتی
وەهاب ئاغای ڕواندز، ناوی تەواوی عەبدولوەهاب کوڕی مەحموود عەلی ئاغا کوڕی برایم ئاغا کوڕی عەبدوڵڵا ئاغایە، ڕەچەڵەکیان بۆ ناوچەی ئاکۆیانی سەربە ڕواندز دەگەڕێتەوە، دایکی ناوی عائیشەخانە و خوشکی میر محەمەد ئەمینی دەرگەڵەیە و ژنی دووەمی محەمەد عەلی ئاغایە ناوبراو بە وەهاب ئاغای #ڕواندز#ی ناوی دەرکردووە.
وەهاب ئاغا لە ساڵی 1909 لە گەڕەکی #کاولۆکان# ڕواندز لە دایک بووە بیروڕای جیاواز لەسەر مێژوی لەدایکبوونی هەیە.
1909 بەڕاستتر دەزانرێت، وەهاب ئاغا خوێندنی سەرەتایی لە ڕواندز تەواوکردووە دواتریش بە مەبەستی تەواوکردنی خوێندن لەسەرەتای سییەکان سەدەی ڕابردودا ڕووی کردۆتە شاری #هەولێر# لەبەر بارودۆخی ئەو کاتە تێکەڵاوبوونی بە کاری سیاسی نەیتوانیوە خوێندن تەواو بکات، بەڵام ئەمە نەبووەتە ڕێگر، زۆر حەزی لە خوێندنەوە کردووە و لە ماڵەوە کتێبخانەیەکی خنجیلانەی هەبووە. و شارەزایی لە زمانەکانی عەرەبی، فارسی، تورکی و ئینگلیزیدا هەبووە.
وەک ئاشکرایە وەهاب ئاغا کەسێکی دڵسۆز بووە بۆ گەل و وڵاتەکەی زۆریش دەربەدەری و زیندان و ناخۆشی بینیوە. [1]
لە ساڵی 1909 لە گۆندی بێشوک سەربە ڕواندز لە دایک بووە قوتابخانەی سەرەتایی لە ڕەواندز تەواوکردووە تاکوو 3ی ناوەندی لە هەولێر خوێندووە و ئەو جا تێکەڵ بەکاری سیاسی بووە و چووەتە ڕیزەکانی حیزبی هیوا، هەر لە سەرەتاوە وەک کەسێکی چالاک و ڕابەر و سەرکردە دەرکەوتووە، لەبەر کار و چالاکییەکانی چەند جارێک لەلایەن ڕژێمی پاشایەتی ئەو سەردەمە گیراوە ساڵی 1944 بە شداری دەکات لە شۆڕشی بارزان هەر لە هەمان ساڵ کە بارزانی دێتە ناوچەکانی باڵەکایەتی ئاگاداری دەکاتەوە کە ژمارەیەک چەکدار ئامادە بکات ئەوە بوو خۆی و ژمارەیەک لە ئەندام و لایەنگرانی حیزبی هیوا پەیوەندیان پێوەکرد، ئەوەبوو ناوبراو توانی 15پانزە لە ئەندام و لایەنگران و خزمانی خۆی ئامادە بکات.
ئەوانەی کە ناویان لە یاد ماوە ئەمانە بوون:1-سەعید محەمەد عەلی، 2-عومەر حەمەد ئەمین، 3-عوسمان عەمر، 4-محەمەدی عەیشێ، 5-قادر یونس.
ئەمانە چەکدار بوون لەگەڵ وەهاب ئاغا چونە چیای (هەندرێن) حاکمی بەریتانی ئەوکات کە ناوی (جاکسۆن) بووە زۆر بەمە ناڕەحەت دەبێت و خەبەر دەداتە ناوبراو کە بگەڕێتەوە بەڵام ئەو هەر سوور بووە لەسەر شۆڕش کردن تاکوو لە دوایدا جکسۆن خۆی هاتووە بۆ بیشوک، لە ماڵی باوکی وەهاب ئاغا دانیشتن و پێی ڕاگەیاندن کە دەبێت واز لە شۆڕش و چەکداری بینیت ئەوکات خەبەریان بۆ نارد بگەڕێتەوە بەڵام نکۆڵی لە گەڕانەوەی کرد و جکسۆن داوای دانیشتنی لەگەڵ کرد ئەویش لەبەر نەریتی کوردەواری و میوان دۆستی وتی: من پێشنیار دەکەم کە لە (زەوی تووتنەوانان) دابنیشین ئەوەبوو لە 20-06-1944 لەژێر کەپرێک دانیشتن کاپتن جکسۆن زۆر هەوڵی گەڕانەوەی ناوبراوی دا وە پێی وت: تۆ زەرەر بە خۆت و خانەوەدەکەت و ناچەکەت دەگەیەنیت دەبێت بگەرێیتەوە بۆ ماڵی خۆت وە دەتکەین بە نوێنەر لە پەڕڵەمانی ئێراق واتە (ماندووب) تۆ نوێنەری ناوچەی باڵەکایەتی و ڕواندز و ناودەشت و حەریر و باتاز بە ئەویش وتی:
بە هیچ شێوەیەک ڕازی نابم پاشان لەگەڵ بارزانی نەمر چونە ئیران لەوێ بە شداری کاریگەریی کردووە لە شەڕەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە #مەهاباد# و پیش خستنی پارتی (ژ-ک) لەوێ لە بەرلێهاتوویی و ئازایەتی کرا بە (ڕائد) و زۆر جێگەی ڕێز و متمانە بوو لەلای سەرکردەکانی ئەوکات ژیانی هاوسەری لەگەڵ ژنێکی کوردستانی سەروو پیک هێنا کە خەڵکی شاری وان بوو.
دوای ڕووخانی کۆمار کوردستان بە تێپەربوونی 11 مانگ پەیمانی ڕووس و ئەمریکا؛ کۆمار ڕووخا و بارزانی خۆی و 500 چەکدار چون بۆ یەکێتی سۆڤەیت بارزانی نەمر زۆر هەوڵی دا لەگەڵی بچێت بۆسۆڤیەت بەڵام وتی: من دەگەرێمەوە بارزانی پێی وت تۆ بگەرێیتەوە لە سێدارەت دەدن، بەڵام بە کەیفی خۆت، ئەو هەر سوور بوو لەسەر گەڕانەوە خۆی و چەک دارەکانی ڕادەست بوونەوە لە دایانا (وەهاب محەمەد عەلی) تووشی نەخۆشی گرانەتا بووە و ڕەوانەی بەندیخانەی (مووسڵ) کراوە، دوای چەند دانیشتنێکی دادگا حوکمیی لەسێداردانی بۆ دەرچووە، ماوەی 9 مانگ لە ژووری تاکنەفەری (ئینفرادی) بووە، پاشان بە لێبوردنێکی پاشایی حوکمی لەسێداردانی بۆ کرایە 7 ساڵ زیندان، تاکوو ساڵی 1953 بەسەربەرزانە ئازاد کرا لەگەڵ برادەرانی (محەمەد ئاغا مێرگە سۆری و دیوالی ئاغا #دهۆک#ی) وە لەگەڵ چەند برادەرێکی تر، بەڵام لە 19 مانگی حوزەیران هەر چوار ئەفسەرەکە لە سێدارە دران دووای گەڕانەوەی بۆ ماڵ دووای 3 مانگ باوکی کۆچی دوایی کردووە.
دوای گەڕانەوەی بارزانی نەمر لە سۆڤیەت چووە بۆ بەخێرهاتنەوەی وە لە شۆڕشی ئەیلول دەورێکی باڵای هەبوو لە ساڵی 1963 خۆی و ژمارەیەکی زۆر چووە ڕێزی شۆڕش تاکوو لە 6 شوباتی ساڵی 1972 لە گوندی ئۆمەراوە کۆچی دوایی کردووە هەر لە وێش بە خاک سپێردراوە.
ئەوەی شایەنی باسە (وەهاب ئاغا) ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە لە شۆڕشەکانی کورد هەمیشە خزمەتکار گەڵەکەی بووە، کەسێکی ڕۆشنبیر و نووسەرێکی لێهاتوو و هەنەرمەندێکی کارا بووە، چەندین دەستنووسی فەوتاوە لەکاتی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلیان لە ڕێگەی هاملتۆن، بەداخەوە کەلوپەلێکی زۆری دیکۆمێنتاری و بەڵگەنامەیی گرنگی تێدا فەوتاوە... ساڵی کۆچکردنی بووەتە سالێک لە ساڵنامەی کوردستان و ناوچەکە.
لەکاتی ئازاد بوونی لە زیندان خەڵکێکی زۆر لە هەموو ناوچەکانی کوردستان چوون بۆ پێشوازی و بەخێرهاتنەوەی ئەمەش بەڵگەی خۆشەویستی و ڕێزی ئەو بووە لەنێو چین و تویژەکانی کوردستان، بەڵام ئەوەی پیویستە بووترێت ئەم جۆرە کەسانە لە مێژوودا غەدریان لێ کراوە و ئەم کەسایەتی و سەرکردانە وەک پێویست ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە، بۆیە هیوادارین ئەم کەڵەپیاوانە زیاتر و زیاتر شتیان لە بارەیەوە بووترێت و بنووسرێت چونکە ئەمانە خاوەن سەر و ماڵی خۆیان نەبوونە، لە ڕێگەی ئازادی گەلە کەیان ئەم کەسایەتییە ئەگەر بە ناو ئاغاش بووبێت بەڵام لە ناوەرۆکدا کەسێکی ئاڵاهەڵگری پێشکەوتنخواز و ڕزگارکەری کوردستان بووە، خۆی و موڵک و ماڵی لە خزمەت شۆڕش و چین و توێژکانی گەلەکەی بووە.[2]