کوردستان لەچییەوە هاتووە؟
وشەی کوردستان کەی سەری هەڵداوە؟ چۆن؟ بۆچی؟ لە لایەن چ کەسێکەوە یان لە لایەن چ گرووپ و دەستە و ئیدارەیەکی سیاسییەوە بەکار هات؟ ئایا کورد خۆی ناوی کوردستانی بۆ وڵاتی خۆی هەڵبژاردووە و بەکارهیناوە یان خەڵکی غەیرە کورد ئەم ناوەیان بەسەردا بڕیوە؟
وشەی کوردستان وشەیەکی داڕیژراوە، لە دوو وشەی کورد kurd) و(ستان stan) پێکدێت،
کورد مۆرفیمێکی سەربەخۆ و مانادارە،
بەڵام(ستان) پاشگرێکە کە بە تەنیا هیچ مانایەکی نییە و بەکار نایەت.
زۆرن ئەو پاشگرانەی لە زمانی کوردیدا، کە بە تەنیا هیچ مانایەکیان نییە و دەبێ ئیللا بکەونە دوای مۆرفیمێک بۆ ئەوەی مانا ببەخشن، لەوانە: گەر، وان، چی...هتد. بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنی، کە ئەم پاشگرانە زەمانی جارانیش هیچ واتایەکیان نەبووە و بە تەنیا بەکار نەهاتوون. یەکێک لەو پاشگرانەی، کە زەمانی جاران واتای هەبووە بە تەنیا توانیویەتی بەکار بێت، پاشگری ستانە.
ستان وشەیەکی سەلجووقیە، یان بە لای کەمییەوە بە دڵنییاییەوە دەتوانین بڵێین لە زەمانی سەلجووقییەکاندا لە 995ز. بەملاوە بەکار هاتووە و مانای هەبووە. ماناکەیشی بریتی بووە لە ویلایەت.
لە زمانی فارسیدا، هیچ فارسێک لە سەرتاپای ئیراندا نادۆزیتەوە، کە بتوانی پیتی س، کاتێ دەکەوێتە پێش هەر وشەیەکەوە، وەک خۆی لە شێوەی س حونجە بکات: هەمیشە (ئو)ێک یان (ئ)ێک دەخاتە پێش پیتی سینەکەوە،
ناتوانێ بڵێ(سکوول scool) دەڵێ(ئسکوول lscool)،
بیشیکوژی ناتوانێ بڵێ(ستادیۆم) دەڵێ(ئیستادیۆم
)، ناتوانێ بڵێ(ستۆپ) دەڵێ(ئیستۆپ)
. بۆیە من وا تێدەگەم وشەی (ئۆستان) لە زمانی فارسیی ئەمڕۆدا هەمان وشەی (ستان)ە سەلجووقییەکەیە، کە کاتی خۆی سەلجووقییەکان بۆ ناو نانی ئەو مەڵبەندە ئۆتۆنۆمانە بەکاریان دەهێنا، کە دەیانخستە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی خۆیانەوە و وەک یەکەیەکی ئیداریی سەربەخۆ دایان دەنا.
کەواتە وشەی (ستان), جاران لای سەلجووقییەکان لە شێوەی (ئوستان)دا، زاراوەیەکی کارگێڕی سیاسی بووە، بە مانای (ویلایەت)، وەک دەبینین ئەمڕۆش هەر لە زمانی فارسیدا (ئوستان) هەمان واتای خۆی پاراستووە و بە واتای (پارێزگا/محافظة) بەکار دێت: ئوستانی ئازەربایجانی غەربی، ئوستانی ئازەربایجانی شەرقی..هتد،
ئنجا فارسەکان وشەی (ئوستاندار ustandar)یان لە هەمان وشەکە داتاشیوە، کە بە واتای (سەرۆکی ویلایەت) یان (پارێزگا)دیت. هێندە نەبی، کە لە زمانی سەلجووقیدا، سەبارەت بەوەی، کە زمانی سەلجووقی لەژێر کارگەریی زمانی مەغۆلی و تورکیدا بووە و لە ڕێسای زمانی تورکیشدا ناو دەکەوێتە پێشەوە، بۆیە سەلجووقییەکان نەیان دەگوت (ئوستانی بلووچ) بەڵکو بەپێی ڕێسای زمانەکەی خۆیان دەیانگوت (بلووچ ئوستانی)، واتە (ویلایەتی بلووچ)، (ئەفغان ئوستانی) واتە (ویلایەتی خەڵکی ئەفغانی).
سەلجووقییەکان بە درێژایی سەدەی دەهەم تا سێزدەیەم، هەر مەڵبەند و نەتەوەیەک یان گرووپێکی ئیتنیکیان جیا بکردایەتەوە و ئۆتۆنۆمییەکی ئیدارییان بەخشیبایە ناوچەکە، دەهاتن پاشگری (ستان) یان (ئوستان)یان دادەنایە سەر ناوی ئەو نەتەوەیە و گرووپە ئیتنیکییە، لە شێوەی (هیند ئوستانی) واتە (ویلایەتی هیند)...هتد
لە ساڵی 995 بەملاوە تورکە سەلجووقییەکان دەگەنە ڕۆژهەڵاتی ئیران و داگیری دەکەن، پاشانیش لە ساڵی 1029 مەراغە و کوردستانی ئیران سەرتاپا دەکەنە ژێر ڕکێفی خۆیان،
ئنجا لە ساڵی 1056 شاری مووسڵ، دواتریش لە 1077 ئەنادۆڵ دەگرن، بەم شێوەیە سەدەی یازدەهەم و دوازدەهەم، دەتوانین بڵێین، سەدەی سەلجووقییەکانە لە مێژووی کوردستاندا، کاریگەریی کولتووریی خۆیان (کولتووری سەلجووقی) بەسەر هەموو کوردستاندا بڵاو دەکەنەوە.
نووسەری سەدەی دەیەم، ئەلتەننوخی، ناوی (لسان الاکراد)ی هیناوە. ئەمە مانای وایە، کە پێش ساڵانی 900، زمانێک بە ناوی (زمانی کوردی) تەنانەت لای عەرەب و دراوسێکانی دیکەشمان دانی پێدا هاتووە و هەبووە، کەچی (ئەلتەننوخی) بە هیچ شێوەیەک وشەی (کوردستان)ی بەکار نەهێناوە.
ابنوحشیە البتی لە 324 346ی هیجریدا، لە کتێبی (شوق المستهام في معرفة ڕموز الاقلام) لە 312ی هیجریدا دەڵێ: (من لە شاری بەغدا چاوم بە سێ بەرگ کتێبی کوردی کەوت، کە بە خەتی ماسیی سوراتی نووسرابوون و ئێستاش لە شام دوو بەرگ لەو کتێبانەم لەلایە، کە یەکێکیان باسی پەروەردەکردن و چەقاندنی دار خورما دەکات و ئەوی تریان لە بابەت دۆزینەوەی ئاوە لە جێگای وشک و بێ ئاودا. ئەز ئەو دوو کتێبەم وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی...) بە هەمان شێوە دەبینین (ابن وحشیە النبتی 324 346 هیجری) ئەویش زاراوەی (کوردستان)ی بەکار نەبردووە. لە ماوەی ساڵانی 950 1050 کتیبی(الف لیلە و لیلە) لە گەلێک دیمەندا باسی کوردی کردووە (بەرگی یەکەم، ل609 623، بەرگی دووەم، ل242 295). یەکەم جار، المسعودی، لە مروج الذهب لە ساڵی 1056 ئاماژەی بۆ کردووە. کەچی ئەوانیش بە هیچ شێوەیەک وشەی (کوردستان) بەسەر نووکی پێنووسەکەیاندا نەهاتووە.
لە ساڵی 957یشدا مەئمون بەگی شارەزووری (مزکرات مامون بگ) بۆ سوڵتان مورادی سێیەم دەنووسی بە تورکی، ئەویش باسی کوردی زۆر کردووە، بەڵام زاراوەی (کوردستان)ی بەکار نەهێناوە. لە ساڵی 977دا
(ابن حوقل)ی جوگرافیاناسی مووسڵمان لە کتێبێکی جوگرافیدا بە ناوی (صورة الارض) دەسنیشانی شوێنی جوگرافیی کورد دەکات: (مشاتی الاکراد و مصایفهم)، ناوی (الاکراد)ی لەناو کتێبێکی جوگرافی (جوگرافیای نەتەوەکانی ڕۆژهەڵات)دا بەکارهیناوە بەبێ ئەوەی زاراوەی (کوردستان) لەو نەخشەیەدا بەکار بهێنێ.
لە سەدەی نۆیەم تا چواردەهەمیش چەندین زانا و گەڕۆکی مووسڵمانی دیکە ناوی کورد دەهێنن: الطبري (838 923)، کە باسی خەلیفە مەڕوان دەکات دەڵێ بە بنەچە کوردە (کتاب اخبار الرسل و الملوک، ج3، 1، ص51)، الیعقوبی 906)، الاصطخری (لە 951 مردووە)، المسعودی (957)، کە کۆمەڵێک زانیاریمان لەبارەی هۆزە کوردەکان دەداتێ (مروج الذهب، چاپی 1965، ب2، ل122 123، ب3، ل 100و 253،
ئنجا ابا دلف بن المهلهل الخزرجی لە 951 سەری لە کرماشان داوە و باسی دەسڕەنگینییەکانی پەیکەرتاشێکی کورد دەکات بەسەر تاق و دیوارەکانی قەسری شیرینەوە، هەروەها باسی ژیانی شارە کوردیەکان، ابن حوقل (977)، المقدسی(1048)، ابن البلخی (1106)...
هەموو ئەمانە، بە دریژایی سەدەی دەیەم و یازدەهەم، سەرەڕای ئەوەی ناوی کوردیان هێناوە و باسی گەلی کوردیان کردووە، بەڵام بە هیچ شیوەیەک هیچ یەکێکیان وشەی (کوردستان) لە لایان بەکار نەهاتووە. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە، کە تاکو سەردەمی ئەوان زاراوەی (کوردستان) بوونی نەبووە.
جگە لەمە لە هیچ تێکستێکیش بە زمانی کوردی، یان بە زمانە ڕۆژئاواییەکان، وشەی (کوردستان) بوونی نەبووە و بەدی ناکرێ: تاکو ساڵی (1150).
محمود الغشقری، جوگرافیاناسێکی مووسڵمان، لە ناوەڕاستی سەدەی یازدەهەمدا لە ناوچەی (کاژغەر)دا ژیاوە، لە ساڵی (1076)دا نەخشەیەکی جوگرافی سیاسی لەبارەی وڵات و گرووپە ئەتنیکییەکانی کێشوەری ئاسیا دروست دەکات و لە (دیوان لغات الترکیە) بە زمانی عوسمانی بڵاوی دەکاتەوە. لەو نەخشەیەدا ناوی گەلی کورد و وڵاتی کوردی هێناوە. لەو نەخشەیەی (غەشقەری)دا ناوی وڵاتی کورد بە (ارض الاکراد) هاتووە، کە دەکاتە (خاکی کوردان). ئەم نەخشەیەی (غەشقەری) بە دووەمین نەخشەی جوگرافی لە قەڵەم دەدرێت، کە ناوی گەلی کوردی وەک نەتەوەیەک هێنابێت. کەچی دەبینین ئەویش هەر لە ساڵی(1076) زاراوەی (کوردستان)ی بەکار نەبردووە. ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەی ئەوەیە، کە جارێ تاکو ساڵی (1076)یش، وشەی (کوردستان) هێشتا نەبۆتە زاراوەیەکی ئیداری سیاسی.
لە ساڵی (1150) بەملاوەیە، کە وشەی (کوردستان)پەیدا دەبێ. چۆن؟
لە ساڵی1150 سوڵتان سەنجاری سەلجوقی sanjar سەبارەت بە فشاری کورد و خۆپیشاندانەکانیان دژی سیستەمی باج و دەرامەت، ناچار دەبێ ڕۆژئاوای هەرێمی جیبال (کە کوردیان تێدا دەژیا و سەر بە کرماشان بوو) جیا بکاتەوە و هەرێمێکی ئۆتۆنۆم بۆ ئەو کوردە نارازی و هێرشبەر و چەکدارانە دابمەزرێنێ. بەم شێوەیە، سوڵتان سەنجاری سەلجوقی بەشێک لە ڕۆژئاوای هەرێمی جیبالی جیا کردەوە و کردی بە ئوستانێکی سەربەخۆ و ناوی نا (کورد ئوستانی)، واتە (ویلایەتی کورد) یان (ئوستانی کوردی). شار و شارۆچکەکانی ئەم ئوستانە بریتی بوون لە: کرماشان، چەمچەماڵ، کنگاوەر، دیناوەر، ئالیشتەر، بێستوون، هەرسین، کریند، حیلوان، شارەزوور، سیسار، ماهیدەشت، سوڵتان ئاباد، بەهار..).
پاشان سوڵتان سەنجاری سەلجوقی ئەم ئوستانە تازەیەی خستە ژێر دەسەڵاتی برازاکەی خۆی بە ناوی (سولەیمان پاشا)، کە لە ماوەی 1156 تاکو 1161ی زایینی دەسەڵاتدارێتیی ئەم ئوستانەی گرتە دەست. دوای ئەویش مامەکەی دەسەڵاتی گرتە دەست و بووە سوڵتانی هەردوو عێراقەکە: عێراقی عەرەب و عێراقی عەجەم. شاری بەهار 8 میل لە باکووری شاری هەمەدانەوە دوورە، پایتەختی (ئەم ئوستانەی خەڵکی کورد) بوو، پاشانیش (سوڵتان ئاباد)، کە لە نزیک چەمچەماڵ و چیای بێستوونە، لەباتی ئەو کرایە پایتەختی (کورد ئوستانی).
بەم شێوەیە، لە ساڵی 1150 سوڵتان سەنجاری سەلجوقی، لە ئەنجامی بەخشینی ئۆتۆنۆمی بە کوردەکانی ئەو ناوچە هەڵایساوە، وشەی (کورد ئوستانی) واتە (ویلایەتی کورد) دادەهێنیت و بۆ یەکەمین جار وشەی (کورد ئوستانی) وەک زاراوەیەکی ئیداری سیاسی جێگەی خۆی دەگرێت.
لەو ڕۆژە بە دواوە، وشەی (کورد ئوستانی) بە هەمان شێوەی (هیند ئوستانی)، (ئەفغان ئوستانی)، (عەرەب ئوستانی).. هێدی هێدی لە ئەنجامی تێپەڕبوون بەناو سیستەمی فۆنەتیکی زمانەکانی دوای سەلجووقی و بەتایبەتیش بەپێی سیستەمی زمانە ئیرانییەکان دەبن بە (هیندستان) و (عەرەبستان) و (بلووچستان) و (کوردستان).. بۆیەش دەبینین هەندێک کەس هێشتاش هەر دەڵێن (هیندستان)، (کوردستان).
گەڕیدەی ئیتاڵی، مارکۆ پۆلۆ (1254 1324) یەکێکە لە یەکەمین ئەو گەڕیدە ڕۆژئاواییانەی باسی ئەم ویلایەتەی (کوردستان)ی کردبێت و ناوی هێنابیت و وەسفی کردبێت. چل و یەک ساڵ دوای مارکۆ پۆلۆ، حمداللە مستوفی القزوینی (1349) لە کتێبی (نزهة القلوب)دا ناوی هەمان ئەو ویلایەتەی هێناوە و باسی کردووە. بێگومان بەم شێوەیە بووە، کە زاراوەی (کوردستان) بڵاو بۆتەوە.
جێی ئاماژە پێکردنە، کە ئەم ئوستانە سەلجووقییە، وەک زۆربەی ئوستانەکانی دیکەی وڵاتی ئێران، ئێستاش لەسەر نەخشەی کارگێڕیی سیاسیی کۆماری ئیسلامی ئێران لانەچووە و هەر ماوە: ئوستانێک بە ناوی (کوردستان)، کە شاری سنە و سەقز و دەوروبەریانە دەگرێتەوە ئێستاش هەر ماوە.
سەیر لە مەدایە، کە ئەمڕۆ لە ئێران دەگوترێ(ئوستانی کوردستان)، بێ ئاگان لەوەی کە (کوردستان) خۆی واتای (ئوستانی کورد) دەگرێتەوە و پێویست ناکا دوو جار بڵێی (ئوستان).
کەواتە زاراوەی (کوردستان) ناونانێکی سەلجووقیە، سوڵتان سەنجاری سەلجوقی دایهێناوە، ناونانێکی سیاسی و ئیداریی سەردەمی سەلجووقییەکانە، کە لە سەرەتادا بۆ ناونانی تەنیا ناوچەیەکی دیاریکراوی ژێر دەسەڵاتی خۆیان بەکارهاتووە، کە بریتی بوو لە بەشێکی ڕۆژئاوای هەرێمی جیبال (کوهستان). پاشان ئەم زاراوەیە، لەگەڵ پەرەسەندنی هەستی نەتەوەیی و بزاڤی ڕزگاریخوازی سەرتاسەری خەڵکی کورد، وردە وردە بووە زاراوەیەکی سیاسی و نەتەوەیی سەرتاسەری، کە بگونجێت بۆ مانای ئەو ولاتە گەورەیەی، کە سەرجەم خەڵکی کورد لە باوەش دەگرێت: نەک تەنیا (هەرێمێک) و (ئوستانێک) بگرێتەوە!
فەرهاد پیرباڵ