کوردۆ شابان
ڕیفراندۆم، سەرکەوتنی ئیرادە و پارێزەری داهاتووی گەلێک
یەکەم کتێبە لەسەر ڕیفراندۆمی کوردستان نووسرابێت و ڕێک لە یەکەم ساڵڕۆژی ڕیفراندۆمدا لە مەراسیمێکی واژووکردندا کتێبەکە ناسرا.
ئەم کتێبە، بریتییە لە بەرهەمی ساڵێک، شەش مانگ پێش ڕۆژی ڕیفراندۆمەکە و شەش مانگی دوایی و کارێکی ڕۆژنامەوانیی تاکەکەسییە کە زۆربەی لە هەفتەنامە و ماڵپەڕی "وشە" بڵاوم کردوونەتەوە، بەشێکیشی لە میدیای دیکە و تەنانەت بەشێکیشی لە پێگە تایبەتەکانی خۆم لە تۆڕەیلی کۆمەڵایەتی. ئەگەر لە داهاتوودا، کەسێک بیەوێ هەموو شتێک لەسەر ڕیفراندۆم بزانێ، ئەوا ئەم پەرتووکەی بەردەستی، بە تەنیا تێری ناکات، بەڵکوو دەکرێ ببێتە بەشێک لە پڕۆژەیەکی گەورە لەسەر ڕیفراندۆم. من هەوڵم نەداوە لەم کتێبەدا، وردەکاریی ڕیفراندۆمەکە وەک پانۆرامایەکی ڕووداوەکان بگێڕمەوە، زیاتر ویستوومە ئەو ڕوانگانە بخەمە ڕوو کە پێم وایە، لە شوێنی تر بەو شێوەیە و بەم خوێندنەوەیە دەستت ناکەوێ.
بە گشتی کۆی کتێبەکە، بەشێکە لە ئەرشیفێکی گەورە لەسەر ڕیفراندۆم، هەر بۆیە هەندێ بابەتی تێدایە، ڕەنگە بۆ خوێنەری دوای ڕووداوەکان گرنگ نەبێ، بەڵام بۆ نەوەی داهاتوو کاتێک دەیانەوێ بە شێوەیەکی ئەکادیمی خوێندنەوە بۆ ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی بکەن، بە دڵنیایییەوە لە ڕێی ئەم کتێبەوە، کۆمەڵێ بابەتیان دەست دەکەوێ کە هەرگیز نابێ بازیان بەسەردا بدرێت.
زۆرینەی ئەو ڕاپۆرت، شیکاری، توێژینەوە، دیمانە، وتاری کەسانی بەناوبانگی جیهانی کە خۆم کارم لەسەر کردوون، لێرەدا دامناون، لەگەڵ بەشێک لە وتار و بۆچوونەکانم کە زیاتر ئەوانەی ڕای خۆمن، جووڵاندنی هەستی ناسیۆنالیستییە و پێم وایە، ئەوەی ڕیفراندۆم بۆ خزمەتی ناسیۆنالیزمی کورد کردی، کۆکراوە و بەرهەمی خەباتی سەد ساڵی ڕابردووی کوردستانە، بۆیە دەبێ بەتەنیا بەقەدەر ڕەنجی سەدەیەک تەماشا بکرێ.