ژیانی سیاسیی لەباشووری کوردستان
حزبی سۆسیالیستی کوردستان
1976/8/8
کەی و چۆن و دامەزرێنەرانی کێ بوون؟
بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان چۆن دامەزرا؟ سەرەتاکانی دامەزراندنی چۆن بوو؟ کەی دەستیانپێکرد؟ دامەزرێنەرانی کێبوون؟ بیروبۆچونی سیاسییان چی بوو؟
د.سەلام عەبدولکەریم
بڕیاری ڕاوەستاندنی شۆڕش و خەباتی چەکداریی لەلایەن مەلا مستەفا بارزانییەوە بوو بەهۆی دەمەتەقێ، مقۆ مقۆ و ناڕەزایی لەنێوان کادیران و کەسانی هۆشیاری ئەوسای پارتی لەهەموو ئاستێکدا دروستبوو، هەندێ لەکادیرانی پێشکەوتوو هەوڵی ڕزگارکردنی جوڵانەوەی کوردیان لەم نسکۆیە دا. هەر بۆئەم مەبەستە بیر لەگەلێک ڕێگاچارە کرایەوە. لەلایەن هەندێ کەسەوە هەنگاوی بچووکیش بەمەبەستی بەردەوامی شۆڕش نرا. لەنێو ئەو کادیرە پێشکەوتووانەی بڕوایان بەدرێژەدان بەشۆڕش هەبوو(ساڵەح یوسفی، عەلی عەسکەری، د.خالید سەعید، ئیبراهیم ئەحمەد، عەلی هەژار)هەبوون.(1) هەر لەسەرەتاشەوە هەریەکە لەساڵەح یوسفی و عەلی عەسکەری لەگەڵ بڕیاری ڕاوەستاندنی شۆڕشدا نەبوون. بۆئەو مەبەستەش عەلی عەسکەری لەوکاتەدا لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی قسەی کردبوو، کەدرێژە بەخەباتی چەکداری بدەن، بەڵام بارزانی لەوبارەوە ڕەزامەندی نیشان نەدابوو وەک پێشتر باسمانکرد.(2). هەروەها سیاسەتی شۆڤێنیزمی بەعس هۆکار و پاڵنەری گەورەبوو، تاوەکو هەندێ لەسەرکردە و پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول بیر لەدرێژەپێدانی خەبات و بەرەنگاری بکەنەوە و بکەونە بیری دامەزراندنی ڕێکخراو و پارتی سیاسی نوێ.(3) بۆئەو مەبەستە لەناوەڕاستی مانگی(نیسانی1975)دا یەکەم کۆبوونەوەی گرنگی چارەنوسساز لەشاری ورمێی ئێران لەماڵی عومەر مستەفا (دەبابە) بەسترا، بەشدارانی ئەم کۆبوونەوەیە بریتی بوون لە:(عەلی عەسکەری، ڕەسول مامەند، مەلا ناسیح، عەبدورەحمان گۆمەشینی، تاهیر عەلی والی بەگ، سەلیم ئاغۆک، کەمال محێدین و چەند کەسێکی تر).(4) هەندێ سەرچاوەی دیکە دەبێژێ کۆبوونەوەکە لەماڵی(سەید عەزیزی شەمزینی)تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدراوە، (5) بەڵام ڕاستییەکەی لەماڵی عومەر مستەفا (دەبابە)بووە. هەروەها هەندێ سەرچاوەی دیکەش باس لەوەدەکەن کۆبوونەوەکە لەشاری نەغەدە کراوە(6)، بەڵام ڕاستی ئەمەش ئەوەیە کۆبوونەوەی بەردەوام لەورمێ و نەغەدە و هەندێ جێگەی تر بەمەبەستی درێژەدان بەشۆڕش و بەرەنگاری هەبووە، بۆیە وا باسکراوە. لەو کۆبوونەوەیەدا پاش هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەوکاتی کوردستان بیروبۆچوونی جیاجیا لەنێو ئەو کۆبوونەوەیەدا هەبووە، زۆربەیان بڕیاریان دابوو، کەدەبێ بەزوویی حزبێک لەکوردستان دروستبکرێت، چونکە بەبڕوای ئەوان پارتی ڕێکخستنەکانی هەڵتەکاوە.(7) هاوکات دوو بەش بڕیار دەردەکرێت، کەبەشی یەکەم:
ئەلف- بەهیچ جۆرێک ناچینە دەرەوە و هەندەران.
بێ- بەهیچ جۆرێک لەئێران نامێنینەوە.
جیم- دەگەڕێینەوە خوارووی کوردستان.
دال- هەوڵبدرێت زۆرترین کادیر و خەڵکیتر بنێردرێنەوە خوارووی کوردستان، چونکە کوردستانی بندەستی عێراق شوێنی خەباتی ئێمەیە.
بەشی دووەمی بڕیارەکان:
ئەلف- بەردەوامی پەیوەندی بەیەکترەوە هەبوون، دوای گەڕانەوە بۆناو حکومەت.
بێ- دوای گەڕانەوە ڕێکخراوێکی سیاسی دروستبکرێت، ڕێکخراوێکی فراوان بێت، کەهەردوو باڵی کۆنی پارتی بگرێتەخۆی، واتە(مەلایی و جەلالی). ئەمەش بەمەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو باڵە دوای جیابوونەوەکەی(1964). هەروەها دوورکەوتنەوە لەشەڕی براکوژی. دوای گەڕانەوەیان بۆناو حکومەت لەسەر ئەمانەش ڕێکدەکەون:
1. پەلەنەکردن لەدروستکردنی ڕێکخراوێکی سیاسی.
2. خۆدەرنەخستن و وریایی و خۆدوورخستنەوە لەهەنگاوی پەلە و تاوتوێ نەکراو.(8)
رەسول مامەند وەکو یەکێک لەبەشداربووانی ئەو کۆبوونەوەیە لەوتارێکدا باس لەوە دەکات، باس و خواسەکانی کۆبوونەوەکە بریتیبوون لەبڕیاردان لەسەر پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە سیاسییەی، کەدوای هەرەس دروستبووبوو، نەهێشتنی نائومێدی خەڵکی کوردستان، هەوڵدان بۆدۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک تائەو بارودۆخە سەختەی هاتبووەکایەوە، چارەسەر بکرێت. بۆیە ئەم کۆبوونەوەیە بەسەرەتایەک دادەنرێ بۆ خۆرێکخستنەوە و درێژەدان بەتێکۆشان. هەر لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا خەڵکی لەئێران نەمێننەوە و بگەڕێنەوە کوردستانی عێراق و ژیان و تێکۆشانیان لەنێو خەڵکی خۆیان و جەماوەری خۆیان سازبدەن.(9) بۆیە ئەوانەی دواتر بزوتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستانیان دامەزراند، بڕیاری گەڕانەوەیان بۆکوردستانی عێراق دا.(10)
نەوشیروان مستەفا لەمبارەیەوە دەنوسێت:ئەمانە لایان وابوو سەرکردایەتی بارزانی بەو ڕێبازە سیاسییە چەوتەی لەچەند ساڵی ڕابردوودا گرتبوویەبەر، جوڵانەوەی کوردی توشی هەڵدێرکردووە، هەروەها ڕێکخستنەوەی پارتی لەسەر بنچینەیەکی پێشکەوتوو، بەدۆستایەتی لەگەڵ بەعس و بەشداری لەدامو دەزگای ئۆتۆنۆمی دەکرێت هەندێ لەدەستکەوتەکانی کورد بپارێزرێ.(11) ئەمانە بەنیازبوون پاش گەڕانەوە بەناوی ئەو ڕێکخراوە تازەیەی دایدەمەزرێنن، گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتدا بکەن و کاری سیاسی و ڕێکخراوەییان بەشێوەیەکیتر دابڕێژن. هەرچەندە کاربەدەستانی بەعس لەسەرەتادا بەڵێنیان پێدان و ئەوانیش بەو هیوایەوە بەکۆمەڵ گەڕانەوە بۆعێراق، ئەوەبوو عێراق بەگەرمی پێشوازی لێکردن، بەڵام بەعس هیچ کام لەبەڵێنەکانی بەجێ نەهێنا. پاش ماوەیەکی کورت چالاکی سیاسی لێ قەدەغەکردن و لەکوردستان دووری خستنەوە. هەریەکێکیانیشی بەوەزیفەیەکی حکومی نارد بۆجێگایەکی خوارووی عێراق.(12) د.خالید سەعید و سەعدی عەزیز(گچکە) لەبەغدا و عومەر مستەفا و سەید کاکە لەرومادی و عەلی عەسکەری لەرفاعی و تاهیری عەلی والی لەعەممارە بوون، (13) بەڵام ئەمانە لەئێران قسەیان کردبوو بەیەک، لەعێراقیش لەنێوخۆیاندا پەیوەندیان پاراست و ڕێکخستنێکیان پێکهێنا. سەرەتا بەچاولێکەری بزوتنەوەی ڕاستکردنەوە(الحرکە التصحیحیە)کەی بەعسی لەسوریا، ئەمانیش هەمان ناویان لەخۆیان نا. گوایە چەوتی و لادانە سیاسییەکانی پارتی ڕاستدەکەنەوە. چەندین کەسی تریش لەوانە:ساڵەح یوسفی بوو بەهاوبیر و هاودەنگییان.(14) باسیش لەوە دەکرێت ساڵەح یوسفی ناوی بزوتنەوەی ڕاستکردنەوەی لەو ڕێکخراوە تازەیە ناوە.(15)
دواجار ئەمانە توانیان لەهاوینی(1976)، یان وەک هەندێکیتر دەڵێن لە(10/5/1976)دا، پاش کۆبوونەوەی عەلی هەژار، کاردۆ گەڵاڵی، سەید کاکە، عەلی عەسکەری، سەعدی عەزیز(گچکە) دامەزراندنی ڕێکخراوێکی سیاسی وەکو بیرۆکەیەک پیشنیاز کراوە.(16) پاشئەوەی هەندێ پەیوەندیان لەگەڵ یەکتردا بەست و دانیشتن و لێکدانەوەی هەلومەرجی ئەوکاتەی کوردستانیان خستە بەر باس و لێکۆڵینەوە، بەدەستپێشخەری ساڵەح یوسفی و بەشداری ژمارەیەک لەکادیر و سەرکردەی هەردوو باڵەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان(بزوتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان)یان دامەزراند(17) و بەیاننامەی دامەزراندنیش لەرێگای(کەریمی حیسامی)یەوە لەبەیروت چاپکرا و(18) لەئابی(8/8/1976)دا ڕاگەیەنرا.(19)
دەستەی دامەزرێنەری بزوتنەوەی سۆسیالیستی پێکهاتبوون لە(ساڵەح یوسفی، عەلی عەسکەری و د.خالید سەعید و سەعدی عەزیز و عەلی هەژار و کاردۆ گەڵاڵی و ڕەسوڵ مامەند و تاهیری عەلی والی و سەید کاکە و مەلا ناسیح).(20)
ئەگەر سەیری ئەو قۆناغ و بارودۆخ و پاڵنەرانە بکەین بزوتنەوەی سۆسیالیستی تێدا دروستبوو، دەبینین لەسەختترین و دژوارترین هەلومەرجدا، لەتەمی نائومێدی و بێهیواییدا، کەسەرتاپای کوردستانی داپۆشیبوو دامەزرا. لەلایەک ڕێکەوتننامەی جەزائیری نێوان عێراق و ئێران و لەلایەکیتریشەوە بڕیاری کۆتایی هێنان بەشۆڕش و خەباتی چەکداریی و دواتریش سیاسەتەکانی ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و بەبەعسیکرن و....تاد پاڵنەری سەرەکی دامەزراندنی ئەو ڕێکخراوە سیاسییە بوون.(21) بزوتنەوە وەکو ڕێکخراوێکی پێشکەوتووخوازی شۆڕشگێڕ هاتەگۆڕەپان، بۆئەوەی ئەرکێکی قورس و گران جێبەجێ بکات، کەبریتی بوو لەیەکخستنی ڕیزە پەرش و بڵاوەکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد.(22) ئەوەش هاتووە، بزوتنەوەی سۆسیالیستی هەڵگری تیۆرێکی زانستییانەیە و بیر لەبەرژەوەندی بەشی هەرە زۆری چینە زەحمەتکێشەکانی کوردستان دەکاتەوە و بزوتنەوەی کرێکار و جوتیار و شێرە شۆڕشگێڕەکانی کوردستانە و لەسەر ڕێبازی پێشکەوتووانە و زانستییانە بۆگەیاندنی گەلی کورد بەمافی چارەنوس خەبات دەکات.(23)
بزوتنەوەی سۆسیالیستی هەر لەسەرەتاوە هەندێ تایبەتمەندی هەبوو لەوانەش: پشتبەستن بەسەرکردایەتی بەکۆمەڵ و ڕێگانەدان بەکاری تاکڕەوانە، حەرامکردنی شەڕی براکوژی، جەختکردنە سەر لایەنی چۆنایەتی ڕێکخستن، واتە کەمی و پوختی ڕێکخستن، خۆدوورخستنەوە لەکاری هەرزەکارانە و خۆدەرپەڕاندن.(24) لەرووی ئامانجی سیاسیشەوە کۆمەڵێک ئامانجی هەبوو، کە لەپێناویدا تێدەکۆشا لەوانە:
1. یەکگرتنی هەموو ڕێکخراو و هێزە نیشتمانییە پێشکەوتووخوازەکانی کوردستان لەبەرەیەکی کوردستانیدا.
2. پتەوکردن و بەهێزکردنی برایەتی عەرەب و کورد و تورکمان و کەمە نەتەوایەتییەکان.
3. بەهێزکردنی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ هێزە نیشتمانییە پێشکەوتووخوازەکانی عەرەب لەژێر بناغەی مافی چارەنوسی گەلانی ژێر دەستە.
4. بەهێزکردنی پەیوەندیی هاوکاری لەگەڵ بەرەی سۆسیالیست بۆپشتگیریی خەباتی گەلانی ژێردەستەی دونیا و لەباربردنی ئیمپریالیزمی حکومەتی سەرمایەداریی.(25)
لەگەڵ ئەمانەشدا دەبێ تێبینی هەندێ شت بکەین لەنێو بزوتنەوەدا، کەکەمو کورتی و خاڵی لاوازیی بوون و لەقۆناغەکانی دواتری کاری سیاسی و چەکداریدا، بەشێوەیەکی خراپ ڕەنگیدایەوە و کاریگەری لەسەر دروستکردن. ئەویش ئەوەبوو بزوتنەوە لەبنەڕەتدا ڕێکخراو بوو نەک حزب.(26) پاشان لەئەنجامی کۆنگرە و کۆنفرانس و بیرکردنەوەی قوڵ و درێژخایەن دانەمەزرابوو، بەڵکو دوای ڕێکەوتننامەی جەزائیر و بڕیاری کۆتایی هێنان بەشۆڕشی چەکداریی و بەردەوامی سیاسەتەکانی حکومەتی بەعس هاتبووە سەر گۆڕەپانی سیاسی، جگەلەوە لەنێو بزوتنەوەدا ڕاو بۆچوونی جیاواز بوونی هەبوو، تەنانەت یەک بیرو بۆچوونی سیاسی و فیکری دیاریکراو نەبوو، بەڵکو بزوتنەوە لەکەسانی (نەتەوەیی، چەپی و سۆسیالیستی، مارکسی- لینینی، دیموکراتی)پێکهاتبوو.(27) لەسەرووی ئەمانەوە بزوتنەوە بەگشتی لەهەردوو باڵە کۆنەکەی مەلایی و جەلالی پێکهاتبوو.(28)
لەگەڵ ئەمانەشدا دوای ماوەیەک ناوی بزوتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان گۆڕا بۆ بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان. ڕەسوڵ مامەند لەراپۆرتی سیاسی یەکەم کۆنگرەی حزبی سۆسیالیستی یەکگرتووی کوردستاندا، هۆکاری ئەم ناو گۆڕینە بۆئەوە دەگێڕێتەوە، کەزاراوەی سۆسیال دیموکراتی جیهانی جێگەی گومان بووە، چونکە پشتی لەهزری شۆڕشگێڕی کردووەناچار، بزوتنەوە بەرێگای هەمەپرسی گشتی و پاش پرس ورا وەرگرتنی هەندێ هێزی نیشتمانی تر وشەی دیموکرسی لابرا و بوو بەبزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان.(29)
بەڵام بیروڕای ڕاست ئەوەیە وەک هەندێ لەسەرچاوەکانیش ئاماژەی پێدەدەن، ئەم ناو گۆڕینە لەسەر پێشنیازی جەلال تاڵەبانی بووە، وەکو داواکاری و مەرجێکیش لەکاتی چوونە ناوەوەی بزوتنەوە بۆنێو نیمچە بەرەی یەکێتی ی نیشتمانی کوردستان، (30) بەڵام ناکرێ باس لەو جیاوازییە هزرییانە نەکەین، کەدوای دامەزراندنی بزوتنەوە وردە وردە دەرکەوتن، بەتایبەت لەکاتی پێشنیازی گۆڕینی ناوی بزوتنەوە و لابردنی وشەی(دیموکراتی)دا، چونکە هێڵی چەپی ناو بزوتنەوە، ئەوانەی زیاتر کاریگەری مارکسییەتیان لەسەر هەبوو، خۆیان بەمارکسی دەزانی، لەگەڵ لابردنی وشەی(دیموکراتی)بوون و نەیاندەویست بزوتنەوە هیچ ڕواڵەتێکی سۆسیال دیموکراتانە بەخۆوە بگرێ، لەبەرئەوەی ئەوان سۆسیال دیموکراتیان بەلادەر و داردەستی سەرمایەدار دادەنا، بیروڕاکانیش دژی وشەی دیموکراتی یەکنەبوون. هاوکات بەربڵاوی بیروڕای مارکسییەت لەکوردستان و ناوچەکەش بەگشتی بۆئەم ناو گۆڕینە پاڵنەربوون.(31)
پەیڕەوکردنی بیری سۆسیالیستی لەنێو بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستاندا بەرەزامەندی هەموو ئەندامانی سەرکردایەتی نەبووە، بەتایبەت ساڵەح یوسفی، کەکرا بەسکرتێری بزوتنەوە، هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ بیری سۆسیال دیموکراتیدا بوو، پێشی وابووەسۆسیالیستی لەگەڵ بیروڕای ڕووناکبیراندا یەکناگرێتەوە و دواجار پەرتبوونی نێوخۆیی حزبی لێدەکەوێتەوە.(32) لەمبارەیەوە ساڵەح یوسفی لەیەکێک لەنامەکانیدا، کە لەپاییزی(1979)دا بۆسەرکردایەتی(حسیک)ی ناردووە، دەنوسێت:من بەر لەدروستبوونی بزوتنەوە و لەئاییندەشدا هەروای بۆدەچم، کەپەسەندکردنی ئەم دروشمە لەگەڵ ڕای زۆربەی ڕۆشنبیراندا یەکناگرێتەوە و ڕاڕایی و ناکۆکی یەکێتی بیروباوەڕی لێدەکەوێتەوە و دەبێتەهۆی بڕبوونی حزب.(33)
هاوکات پەیڕەوکردنی بیری سۆسیالیستی پەیوەندیشی بەهەندێ هۆکاری تر و بەو بارودۆخانەوە هەیە، کە لەوکاتەدا بوونی هەبووە، بەشێوەیەک سەرکەوتنی سۆڤیەت لەجەنگی دووەمی جیهانی بووە هۆی خێرا تەشەنەکردنی بیری سۆسیالیستی لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نزیکدا. هەر لەژێر کاریگەری ئەم بیرەدا لەناوەڕاستی چلەکاندا پارت و ڕێکخراوی سیاسی دروستبوون، کە لەرووی ئایدۆلۆجییەوە کەوتبوونە ژێر کاریگەرێتی ڕێبازی چەپ.(34) لەلایەکیترەوە سەرهەڵدانی بیری چەپ لەنێو جوڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کوردیدا دەگەڕێتەوە بۆسەردەمی داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستانی ئێران لەساڵی(1941) لەلایەن سۆڤییەتەوە.(35)
بیری چەپ لەباشوری کوردستانیش لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە پەرەی سەندووە، بەتایبەت هەندێ پێیانوایە لەنێو پارتی(هیوا)وە چەکەرەی کردووە.(36) هۆکارێکیتر ئەوەبوو، سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول پشتی بەیارمەتییەکانی ئەمریکا- ئێران- ئیسرائیل بەستبوو، دیارە ئەم سەرکردایەتییە سیاسەتێَکی ڕاستڕەوی گرتبووەبەر. هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول کاردانەوەیەکی وای لەنێو سەرکردایەتی کورددا دروستکردبوو، کەزۆر لەو سەرکردانە گەیشتنە ئەو باوەڕەی بیروباوەڕی ڕەوتی ڕاستڕەو سودی نییە و پێچەوانەی ئامانجەکانی جوڵانەوەی نەتەوەیی کوردە. دوای ساڵی(1975) ئایدۆلۆجیای مارکسیزم و بیروباوەڕی چەپ، بۆئەو ڕێکخراوە سیاسییە کوردییانەی، کەتازە فۆرمەلە بوو بوون، تاکە چەک و ئامرازی خەبات بوو، لەدژی دەسەڵاتدارانی عێراق، بۆگەیشتن بەئامانج و ئاواتە نەتەوەییەکانی گەلی کورد.(37) پێویستە ئەوەش بوترێ سەرنەکەوتنی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلوول لەبەهاری(1975)دا خرایە ئەستۆی باڵی ڕاستڕەوی نێو جوڵانەوەکە بەهۆی پابەند نەبوون و پەیڕەونەکردنی جوڵانەوەکە لەبیروباوەڕی چەپ و پێشکەوتنخوازیی.(38) دەبێ لێرەدا ڕۆڵی گۆڤاری(رزگاری)یش ون نەکەین، کە لەلایەن کۆمەڵە گەنجێکەوە لەکۆتایی ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا دەردەکرا و هەڵگری بیری مارکسی- لینینی و سۆسیالیستی بوون، وەک(نەوشیروان مستەفا ئەمین، شازاد صائب) و زۆر کەسی دیکە، کە لەبنەڕەتدا وەک ئۆرگانی پەخشکردن و تیۆریزەکردنی هزری سیاسی کۆمەڵە وابوو. بیری سۆسیالیزم لەم گۆڤارەدا لەرێگای چەندین وتارەوە شرۆڤە دەکرا و شیدەکرایەوە و تیۆریزە دەکرا، بۆنمونە باس لەزنجیرە وتارێکی عەبدورەحمان زەبیحی(عولەما)، بەناونیشانی(سۆسیالیزم) دەکرێت، کە لەگۆڤاری ڕزگاریدا بڵاوکراوەتەوە.(39)
بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان لەرووی ڕێکخستنەوە بەجۆرێ خۆی ڕێکخستبوو، کەپێکهاتبوو لەکۆمیتەی سەرکردایەتی، بەشی ڕێکخستنی سەروو، بەشی ڕێکخستنی خواروو، واتە کۆمیتەی سەرکردایەتی سەرپەرشتی هەردوو بەشەکەی کردووە.بەشی ڕێکخستنی خواروو بەغداد و شارەکانیتری عێراقی گرتبووەوە و شێخ محەمەدی شاکەلی لەقۆناغێکدا بەرپرسی بووە. هەرچی بەشی ڕێکخستنی سەروو بووە هەموو شارو شارۆچکەکانی خوارووی کوردستانی گرتۆتەوە. هەموو شارێکیش کۆمیتەی تایبەت بەخۆی هەبووە.(40) شێوەی ڕێکخستن لەساڵەکانی سەرەتای بزوتنەوەدا، شێوەیەکی زنجیرەیی هەبووە لەسەر بنچینەی هێڵ شۆڕبۆتەوە خوارەوە، واتە تاکەکەس پەیوەندی بەتاکەکەسەوە کردووە و بەشێوەی زنجیرە لەیەکتر گرێدراون. ئەمەش بەمەبەستی زیاتر نهێنی پارێَزی و دڵنیایی، واتە زۆر گرنگی بەنهێنی پاراستن دراوە.(41) لەساڵەکانی دواتردا شێوەی پێکهاتن یان ستراکتۆری ڕێکخستن گۆڕدراوە و شێوەیەکی هەرەمی وەرگرتووە. واتە لەسەرەوە بۆخوارەوە و لق و پۆپی زیاتر، بەمجۆرە: کۆمیتەی ڕێکخستن، کۆمیتەی ناوچەی شار، ڕێکخراو، شانەی سەرەکی و شانە سەرەتاییەکان.(42) کاتێکیش بەشی زۆری سەرکردەکانی بزوتنەوە پەیوەندی بەشۆڕشی نوێوە دەکەن، ئەرکی سەرکردایەتی ڕێکخستنی نهێنیی شارەکان دەکەوێتە ئەستۆی (شێخ محەمەد شاکەلی، محەمەد فاتیح، نیزامەدین گلی، عەلی ڕەسوڵ، نورەدین عەبدورەحمان). ئەمانە ئەندامی سەرکردایەتی بزوتنەوە بوون، بەبێ بەشداری کۆنگرە و بەدامەزراندنی سەرکردایەتی ناوخۆ دانرابوون.(43) ڕێکخستنەکانی بزوتنەوەی سۆسیالیستی لەساڵانی دواتردا گەشەیان کرد، بەجۆرێ سەرکردایەتی بزوتنەوە و لقەکانی چەندین تۆڕی ڕێکخستنیان پێکهێنابوو.(44)
لەرووی ڕاگەیاندنەوە بزوتنەوە تاماوەیەکی زۆر تەنها لەرێگای بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و ڕاگەیاندنی زارەکی و نامە و شتی لەمجۆرەوە کاری ڕاگەیاندنی ئەنجامداوە و هیچ ئۆرگانێکی ڕاگەیاندنی تایبەتی نەبووە، تاوەکو دواجار و دوای هاتنەدەرەوەی بزوتنەوە لەریزەکانی(ی.ن.ک) و ئەو باڵەی کەمایەوە لەکۆبوونەوەیەکدا لەکانوونی دووەمی(1979) بڕیاری دەرکردنی گۆڤارێک بەناوی(بزوتنەوە)وە دەدەن، کەوەک ئۆرگانێکی ئەو باڵە وادەبێت و لەدوو خولیشدا دەرچووە:
- خولی یەکەم: لە(1979-1981) چوار ژمارەی لێدەرچووە.
- خولی دووەم: لە(1982-؟)دوو ژمارەی لێَدەرچووە.(45)
ئیتر لێرەوە وردە وردە بزوتنەوە خۆی بۆخەباتی چەکداری و دەستپێکردنەوە و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێ ئامادەکرد و پێی نایە قۆناغێکی نوێی خەباتی سیاسییەوە، ئەم قۆناغە جگە لەوەی خەباتی سیاسی و سەربازی بوو، هاوکات لەدوای هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلوول، قۆناغی دەستپێکردنەوە و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێش بوو.
پەراوێز و سەرچاوەکان:
1. شاخەوان شۆڕش: قادر شۆڕش، ل90.
2. خەلیل عەبدوڵڵا و شیلان ئەحمەد: بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان، لەکتیبی(یەکێتی ی نیشتمانی کوردستان..سەرهەڵدان و نوێبوونەوە)، ل98، مقابلە مع (عبدالخالق زنگنە)، گۆڤاری(پێشکەوتن)، ژمارە(3)، ص7، 8.
3. نەوشیروان مستەفا: لەکەناری، ل35.
4. سەروەر عەبدورەحمان عومەر: یەکێتی، ل96، خەلیل عەبدوڵڵا و شیلان ئەحمەد: بزوتنەوەی، ل98.
5. بەهرۆز گەڵاڵی: ڕەسوڵ مامەند 50 ساڵ تەمەن و 33ساڵ خەبات، چ2، سلێمانی، 1998، ل156، 155، ئیسماعیل تەنیا: کاردۆ گەڵاڵی نوسەر و پارێزەر و سیاسەتمەدار، چ1، 1997، ل9.
6. نەوشیروان مستەفا: لەکەناری ل44، شاخەوان شۆڕش: قادر شۆڕش، ل91، 90.
7. ڕێباز : قەندیل بەغدای هەژاند، بەرگی یەکەم و دووەم، ل70.
8. شاخەوان شۆڕش: قادر شۆڕش، ل92، 91.
9. بەهرۆز گەڵاڵی: ڕەسول مامەند، ل157، 156.
10. شاخەوان شۆڕش: قادر شۆڕش، ل90، 70.
11. لەکەناری، ل44.
12. عومەری سەید عەلی: هەندێ لایەن و ڕەوتی مێژوویی و سەرەتایی دامەزراندنی یەکێتی ی نیشتمانی کوردستان، لەکتێبی(چەند لاپەڕەیەک لەمێژووی یەکێتی ی نیشتمانی کوردستان)، ل74، 75، نەوشیروان مستەفا: لەکەناری، ل317، 44.
13. سەروەر عەبدورەحمان عومەر: یەکێتی، ل98.
14. نەوشیروان مستەفا: لەکەناری، ل45.
15. بێ نوسەر: تێڕوانینی سەیدای نەمر بۆئاشتی و ئازادی و مافی مرۆڤ، گۆڤاری(دەنگی پێشمەرگە)، ژمارە(3)، حوزەیرانی 1996،
16. ل27.
17. برزۆ عەلی هەژار: عەلی هەژار، ل10.
18. بڕوانە یەکەم بەیاننامەی لیژنەی ئامادەکاری بزوتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان لەئابی(1976)، لەپاشکۆی ژ(5).
19. کەریمی حیسامی: بیرەوەرییەکانم، بەرگی پێنجەم، سوید، ل57.
20. هەندێ سەرچاوە ڕۆژی(15/8/1976) دیاریدەکەن، محەمەدی حاجی مەحمود: ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەک، بەرگی دووەم، چ1، بێ شوێنی چاپ، 1999، ل313، صلاح الخرسان: التیارات، ص485، بەگوێرەی چەند چەند سەرچاوەیەکیتر لە(7/4/1976)دا یەکەم بەیاننامەی ڕاگەیاندنی بزوتنەوە دەرچووە و بڵاوکراوەتەوە و هەندێکیتریش پێیانوایە لەمانگی(5/1976)دا، دامەزراوە، عبدالسلام علی: صفحات، ص27. بەڵام ڕاستییەکەی لە(8/8/1976)دا بووە.
21. چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ جەمال حەکیم ئاغا لەرۆژی(7/2/2009)، سلێمانی، ئیسماعیل تەنیا: کاردۆ، ل10، 9، صلاح الخرسان: التیارات، ص486، 485.
22. گۆڤاری(خوێندکاری کورد)، ژمارە(5)، ئەیلوولی(1989)، دەزگای چاپەمەنی شەهید فەرهاد، سوید، ل3. گۆڤاری(سۆسیالیست)، ژمارە(11)، ساڵی شەشەم، حوزەیرانی 1987، ل20.
23. پرۆژەی بەرنامەی حزبی سۆسیالیستی کوردستان- عێراق بۆکۆنگرەی دووەم، ل5، گۆڤاری(سۆسیالیست)، ژمارە(11)، ل19.
24. بڕوانە یەکەم بەیاننامەی لیژنەی ئامادەکاری بزوتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان لەئابی(1976)، لەپاشکۆی ژ(5).
25. بۆ تایبەتمەندێتی زیاتر بڕوانە شاخەوان شۆڕش: قادر شۆڕش، ل95.
26. یەکەم بەیاننامەی لیژنەی ئامادەکاری بزوتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان لەئابی(1976)، بڕوانە بەڵگەنامەی ژمارە(5).
27. شاخەوان شۆڕش: قادر شۆڕش، ل94.
28. نامەی گۆران جەلال بۆتوێژەر، لەرۆژی(15/10/2009)، لەرێگای پۆستی ئەلەکترۆنییەوە، هەولێر.
29. چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ عەدنان موفتی لەرۆژی(15/10/2009)، هەولێر.
30. بەهرۆز گەڵاڵی: ڕەسوڵ مامەند، ل103.
31. مەلا بەختیار: یاخی بوون، ل73، جەلال تاڵەبانی لەمبارەیەوە دەڵێت: ئەو برادەرانە هاتن ببنە ئەندام لە(ی.ن.ک)دا، ئێمە مەرجێکمان لەسەریان دانا کەناوی خۆیان بگۆڕن، ئەو دەمە دژی ناوی سۆسیالیستی دیموکراتی بووین، سۆسیالیستی دیموکرات دژی خەباتی چەکدارە و گوتمان ئێوە سۆسیال دیموکرات بن، کەواتە خەباتی چەکداریتان بەلاوە پەسەند نیە، ئەگەر ئێوە ئەوەبن مانای خەباتی چەکداری ناکەن، لەبەرئەوە دەبێت بڵێن ئێمە بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستانین. چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەی(کوردستانی نوێ)، ژمارە(1258) لەگەڵ مام جەلال(2/6/1996).
32. شاخەوان شۆڕش: قادر شۆڕش، ل114.
33. ب.گۆران: واقیعبینی، ل9، شاخەوان شۆڕِش: قادر شۆڕِش، ل97.
34. بڕوانە دەقی نامەی ساڵەح یوسفی بۆ سەرکردایەتی حسیک، لە: عبدالسلام علی: صفحات، ل78.
35. د.دلێر ئەحمەد: ئەو، ل8.
36. فاتیح ڕەسوڵ: بنچینەی، ل314، 313.
37. فرید اسسرد: الاتجاهات السیاسیە الکردیە بعد الحرب العالمیە الپانیە، گ1، منشورات مۆسسە کردستان للدراسات الاستراتیجیە، السلێمانیە، 2008، ص21-32.
38. د.دلێر ئەحمەد، ئەو، ل20، 19.
39. سەروتاری گۆڤاری سۆسیالیست، ژمارە(16) ساڵی نۆیەم، ئاداری 1999، ل3، عادل مراد: الاتحاد، ص48، بەهرۆز گەڵاڵی: ڕەسوڵ مامەند، ل31.
40. بۆزانیاری زیاتر بڕوانە نەوشیروان مستەفا: پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن، دیوی ناوەوەی ڕووداوەکانی کوردستانی عێراق(1979-1983)، ب.ش، 1997، ل98، 97.
41. شاخەوان شۆڕش: قادر شۆڕش، ل112.زۆر ڕێ و شوێن و تاکتیکی تر بەکارهێنراوە بۆنموونە لەگەڵ هەر گومان پەیداکردنێکدا چاوپێکەوتن بۆماوەیەک لەگەڵ یەکتر نەکراوە هەروەها ناوی نهێنی لەکاتی پێویستیدا گۆڕدراوە، ئەو شوێنانەش بۆ کۆبوونەوە دیاریکراون، کەکەمتر جێگای گومان بوون، لەکاری هەرزەکارانەش دوور کەوتوونەتەوە. چاوپێکەوتن لەگەڵ شێخ محەمەد شاکەلی، هەولێر، 24/2/2009، شاخەوان شۆڕش: قادر شۆڕش، ل112.
42. شاخەوان شۆڕش: قادر شۆڕش، ل113.
43. چاوپێکەوتن لەگەڵ شێخ محەمەد شاکەلی، هەولێر، 24/2/2009، خەلیل عەبدوڵڵا و شیلان ئەحمەد: بزوتنەوەی، ل100.
44. نەوشیروان مستەفا: پەنجەکان، ل13.
45. ئازاد خانەقینی: مادێنا، مێَژوو ببلۆگرافیای ڕاگەیاندنی یەکێتی ی نیشتمانی کوردستان(1975-1991)، چ1، چاپەمەنی ڕاگەیاندنی خاک، سلێمانی، 2000، ل105.
تێبینی: ئەم وتارە لەبنەڕەتدا بریتییە لەباسی سێیەمی بەشی یەکەمی ماستەرنامەکەمان بەناونیشانی (ژیانی سیاسیی لەباشووری کوردستان 1975-1991) کە ساڵی 2011 چاپکراوە.