پۆلیسی دارستان ڕایگەیاند، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە و کاریگەرە خراپەکانی ڕوو لەزیاد بوون کردووە، بەو هۆکارە لە دوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە نزیکەی 3500 دۆنم پوش و پاوان و سەدان داری سرووشتی لە سنوورەکانی قەرەداغ و سەنگا سووتا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئەمڕۆی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای #سلێمانی#، لە سنووری پارێزگاکە 3500 دۆنم پووش و پاوان سووتاون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئاگریکی بەرفراوان لەشاخی گڵەزەردەو دارەڕەش و سنووری گوندەکانی (قارەمان و بانی خێڵان و باخان و سوێراو)ی سەر بە قەرداغ کەوتەوە، دەست بەجێ مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەرەداغ گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە و توانرا بەهاوکاری ئاگرکوژێنەوەو هاوڵاتیانی سنوورەکە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت، زیانی ئاگرەکە سوتانی نزیکەی 1500 دۆنم پووش و پاوان و داری سروشتی بووە.
هەروەها هاتووە:لە سنووری چیای (ئەشداخ) ی ناوچەی سنگاو، ئاگرێکی بەرفراوان کەوتەوە، دەست بەجێ مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سنگاو گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە و توانرا بە هاوکاری هاوڵاتیانی سنوورەکە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت، زیانی ئاگرەکە سووتانی دووهەزار دۆنم پووش و پاوان و 200 داری سروشتی بووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیس، ئاگرکەوتنەوەکان بەراورد بە ڕابردوو زیادیان کردووە، هەروەها ڕاگەیەندراوە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان نادیارەو لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکان بەردەوامە.