بەپێی ئامارەکانی #وەزارەتی پەروەردە#ی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 88 هەزار خوێندکاری بەڕەگەز عەرەب کە خەڵکی ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن لە 44 خوێندنگەی عەرەبی بە زمانی دایکی خۆیان و لەسەر پڕۆگرامی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەخوێنن.
هەر بەپێی ئامارەکان، لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە تاکو ئێستا، ژمارەی خوێندکاران لە 534 هەزار خوێندکارەوە بووەتە یەک ملیۆن و 735 هەزار و ژمارەی مامۆستایان لە 21 هەزارەوە بووەتە 136 هەزار، هەزار و 320 خوێندنگە بووەتە شەش هەزار و 789 و ڕێژەیی نەخوێنەواریش لە 34%وە کەمبووەتەوە بۆ 15%.
هەر بەپێی ئەو ئامارانە، زیاتر لە 300 پڕۆژە بۆ درووستکردنی باڵاخانەی خوێندنگەکان بەهۆی قەیرانی دارایی-ەوە وەستاون و کەرتی پەروەردە لە ساڵی 1991ەوە تاکو ئێستا بە بەراورد بە ناوچەکانی عێراق پێشکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە.
ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا لەبارەی ڕەوشی پەروەردە ئاشکرای دەکات: بەپێی ئامارەکانی خودی وەزارەتی پەروەردە، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان واز لە خوێندن دەهێنن، لە ساڵانی (2018 -2019)دا 34 هەزار و 527 خوێندکار وازیان لە خوێندن هێناوە.