لە غیابی فیکرو پەروەردەی سیاسیدا، حیزب بەتاڵ و بۆشەو خاڵییە لە جەوهەرو ناوەڕۆک و حیکایەتی ڕاستەقینە. بەبێ حیکایەتیش حیزب ناتوانێ حیزببێ و ببێتە سەنتەری کۆکردنەوەی کۆمەڵێک ئینسان. لێرەوە ئیشی ئەکەوێتە (ڕووکەشبازی) وەکو بەدیلی جەوهەر، لێرەشەوە حیکایەتی درۆیینە لە دایک ئەبێت!
حیکایەتی ڕاستەقینە، کە بنەمای هەیەو لە جەوهەرەوە سەرچاوەی گرتووە، کاری بە تاکی نەوعییەو دەنک دەنک تەسبیحەکە ئەچنێ. ئیتر پرۆسەکە زۆری پێئەچێ، بەڵام زۆریش ئەمێنێتەوە.
حیکایەتی درۆیینە، کە بێ بنەمایەو لە ڕوکەشەوە هاتووە، کاری بە چۆنێتی و تاکی نەوعی نیە، کاری بە چەندێتی و تۆپەڵکردنی خەڵکە. ئیتر کارەکە ئاسان و خێرایە، بەڵام خێراش ئەپوکێتەوە.
پرۆژەی فکری و نافکری، هەردوکیان هەر بۆ جەماوەرە. بەڵام یەکەمیان پڕەو جەماوەریش نەبێ، شتەکە خۆی لەخۆیدا هەیە. ئەمەش بوونێکی ڕاستەقینەیە، چونکە سەربەخۆ هەیەو بوونی لەسەر شتی تر نەوەستاوە.
بەڵام دووەمیان خۆی لەخۆیدا بەتاڵەو نیە، شتەکەدا لە جەماوەرداو بە جەماوەر هەیە، ئەمەش بوونێکی موزەییەفە.
ئێمەی سێ پارێزگا، بۆچی بەقەت پانزە وڵات فەزائی و ڕادیۆو جەریدەو سایت و پەیجمان هەیە؟
چونکە کۆی حیزبەکان لە غیابی جەوهەردان و بۆشایی جەوهەر بە ڕووکەش پڕئەکەنەوە.
بۆچی حیزب یەعنی تەلەفزیۆن؟ بۆچی هەرکەس تەلەفزیۆنێکی هەبێت، ئیتر پێیوایە ئەتوانێ حیزبێکیشی هەبێت؟
چونکە (سیاسەتی بێ ناوەڕۆک) ئەبێتە مەیدانی ڕووکەشبازیی. ئیتر هەرکێ کەرەستەکانی ڕوکەشبازی بەدەستەوەبێت ئەتوانێ سیاسی بێت.
ئیتر هەریەک لە کایەکانیش نادرێنە دەست ئەهلی خۆیان، بەڵکو هەموو کایەکان ئەدرێنە دەست ئەهلی دەموزمان! ئیتر هەرکێ دەموپلی هەبێ و هونەری فریودان شارەزابێت، ئەو باشترین سیاسییەو جۆکەرە بۆ هەموو پنتەکان.
- سەیرکە کابرا مامۆستای سیاسەتە لە بەریتانیا، خۆی کاندید ئەکا دەرناچێ. لەولاوە کابرای شەڕەدەم و چەلەحانێ، دنیایەک دەنگ ئەهێنێ!
- سەیرکە پەرلەمان پڕە لە ڕاگەیاندنکار!
- سەیرکە کوالیتی پەرلەمانتارانی سەردەمی لیستی داخراو بەرزترە لە پەرلەمانتارانی سەردەمی لیستی کراوە!
ئەمانە بۆ؟؟
چونکە، کە سیاسەت بوو بە مەیدانی ڕووکەشبازیی، تەنیا ئەوانە ئەتوانن یاری تیابکەن، کە کار لەسەر چاو ئەکەن! ئەوانەی کە کار لەسەر عەقڵ ئەکەن و سەربە ساحەی جەوهەرن، لە ساحەی ڕوکەشدا ئەدۆڕێن.
ئەزموونی ئێمە دوو قۆناغە
یەکەم قۆناغی دەسەڵات، کە قۆناغی فەشەل و فەسادەو فەشەل و فەسادەکەش لە ڕوکەشبازی و بێ جەوهەرییەوە هاتووە.
دووەم قۆناغی موعارەزە، کە ئەمیش بە هۆی بێ جەوهەریی و ڕوکەشبازییەوە، دیسان تەرجەمەبوویەوە بۆ فەشەل و فەساد.
ئیتر هەردوو قۆناغەکە لە فەشەل و فەسادو بێ جەوهەری و ڕوکەشبازیدا، ئەبنەوە بە یەک و شتەکە هەر یەک قۆناغ و مەعدەن و تاس و حەمامە.
ئەوەی قوڕی ڕوکەشبازی و مونافەسەی ڕوکەشبازیی خەست کردەوە، حیزبی شاشەبوو! لەدایکبوونی (حیزبی شاشە) خراپترین ساتی مێژووی سیاسەتی ئێمەیە! چونکە لێرەدا ڕوکەش بەتەواوی بەسەر جەوهەردا سەرکەوت و بەتەواوی سیاسەتی ئێمەی غەزوکرد!
خۆی کێشەکە ڕوکەشبازی بوو، ئێمە لەبری ئەوەی بە شتێکی تر ڕووبەڕووی ڕوکەشبازیی ببینەوە، هاتین هەر بە خۆی ڕووبەڕووی خۆی بووینەوە! ئیتر هەموو شتێک دۆڕاو ڕوکەش بردییەوە. بردنەوەی ڕوکەشیش ئەکاتە دۆڕانی هەموو شتێک، چونکە شتەکان تەنیا بە جەوهەر ڕاستەقینەن!
بێگومان حیزبی ئایدۆلۆژی و ئەفکاریش هەر مەکینەی لێدانی عەقڵەو هەر تاکی بیرنەکەرەوە دروستئەکا! بەڵام لەوەدا لە حیزبی بەتاڵ باشترە، کە لەمیاندا ئایدۆلۆژیایەک یەعنی شتێک لە عەقڵ ئەدا، بەڵام لەویاندا هیچ لە عەقڵی داوە، کە ئەوە گەورەترین سوکایەتییە بە عەقڵ کە هیچ بیوەستێنێ!
حیزبی ئایدۆلۆژی ئەگەرچی ئەویش هەر عەقڵ کۆنترۆڵ ئەکات، بەڵام جۆرێک لە ئەخلاقی سیاسی و ئینسانی خاوەن پرەنسیپ دروست ئەکات کە ئەتوانن کارو خزمەتی گشتیی بکەن. بەڵام حیزبی ڕوکەشبازی وەکو لە عەقڵ ئەدا، لە ئەخلاقیش ئەداو ئینسانێک بەرهەم ئەهێنێ کە بەس خۆی و گیرفانی خۆی ئەبینێ و بە کەڵکی خزمەتی گشتی نایەت!
جا مەشروعی من پەیوەندی بە هیچ جۆرێکی حیزب و کاری گروپەوە نیەو تەنیا (مەشروعی تاکی بیرکەرەوەیە)!
چونکە لای من، تاکی ئەخلاقیی و تاکی بیرکەرەوە، یەکێکن و ئێمە لەناو بیرکردنەوەدا ئەتوانین ئینسانبین بەمانا ئەخلاقی و جەوهەرییەکەی.
وەلێ لەنێوان حیزبی بەتاڵ و حیزبی پڕدا، دووەمیان باشترو (بەئەخلاقترە)و گرنگە حیزبایەتی ببەینەوە بۆ ئەوێ. چونکە ئێمە پێش هەرشتێ لە قەیرانی ئەخلاقداین[1].