کاتێ تاوانێکی کوشتن ڕووئەدا، سەرنجی گشتیی زیاتر لەسەر کوژراوەکەیە، ئەگەر لەپاڵەوە باسێکی بکوژەکە بکرێ، هەر ئەوەیە کە داوای سزای بۆ ئەکرێ و شتەکە لەمە تێپەڕناکا.
تا ئێراش قسەکان دەسکاری زەمینەکە ناکاو زەمینەیەکی تر ناسازێنی، بۆیە تاوانەکان بەردەوام دووبارە ئەبنەوە. بەجۆڕێک کە هەنێجار، هشتا کەفوکوڵی تاوانێک نەنیشتۆتەوە، تاوانێکی تری هاوشێوەی بەسەردا دێ!
لەبری شەپۆلی هاوسۆزی بۆ قوربانی و داوای سزا بۆ تاوانبار، ئەشێ کۆمەڵێ پرسیار بمانبەنە سەر ڕەگی کێشەکەو چارەسەریش لەناو ڕەگی کێشەکاندایە، نەک لەناو کاردانەوەکاندا!
بۆچی تاوان؟ بۆچی قوربانی؟ بۆچی جەلاد؟ بۆچی کاردانەوەی عاتفی و هەڵچوون؟..
کەشی کاردانەوە هەمیشە لێکەوتەو پاشکۆی کێشەکەیەو خۆی بەشێکە لە کێشەکە، بۆیە نابێتە چارەسەر!
گەڕانیش لەناو کاردانەوەدا بۆ چارەسەر، ڕێک یەعنی نەدۆزینەوەی چارەسەر!
باشترین نمونەش ئێمەین، کە بۆ هەر پێشهاتێک لافاوی کاردانەوە هەڵئەستێنین و چارەسەریش گۆڕی هەر ونە!
خۆ ئەگەر چارەسەر لەناو کاردانەوەدابووایە، ئەبوو ئێستا ئێمە، چارەسەری هەموو کێشەکانمان لابووایە!
چۆن (دۆخی کاردانەوە) بگۆڕین بە (دۆخی پرسیار)؟ وەڵامی ئەوە ئەمانگەیەنێ بە (دۆخی چارەسەر).
ئاخر دۆخی کاردانەوە، ئێمەین لە غیابی عەقڵداو، دۆخی پرسیار ئێمەین لە ئامادەیی عەقڵدا. ئەسڵی کێشەکانیش غیابی عەقڵەو ئەسڵی چارەسەریش ئامادەیی عەقڵە.
ئێمە بە گشتی لە گرژییداین و لەدۆخە ناکاوەکانیشدا گرژترئەبین. چۆن ئەمە عەکسکەینەوە؟ یەعنی لەدۆخی ئاساییدا ئارامبین و لەحاڵەتی نائاساییدا ئارامتربین!
ئاخر ئارامیی عەقڵهێنەو لە دۆخە نائاساییەکانیشدا، ئێمە پێویستمان بە عەقڵێکی زیاترە! یەعنی پێویستمان بە ئارامییەکی زیاترە.
جا بۆ باشکردنی دنیا، من ئێستا دژی جەهل و ستەمکاریی نیم! تەنیا دژی ئەوەم بە خولقاندنی گرژی ڕووبەڕووی جەهل و ستەمکاریی ببینەوە! تەنیا دژی ئەوەم بە دەمارگیری دژایەتی جەهل و ستەمکاریی بکەین! تەنیا دژی ئەوەم بە ئەستورکردنی ڕق لەگەڵ جەهل و ستەمکاتریدا بجەنگین!
ئاخر هەر بڕێک دەمارەکان خاوببنەوەو هەر بڕێک ڕقەکان تەنک ببنەوەو هەر بڕێک گرژی و فەوزا بنیشێتەوە.. عەقڵ خۆی ئەکەوێتە دۆخی ئامادەبوون و خۆری جەهل و ستەمکارییش لێرەوە ئاوائەبێت.
جا لە مەوزوعی ژنکوشتن و پیاوکوشتن و ڕاوەئینسان و ڕاوەئاژەڵدا.. با پرسیاری یەکەم بخەینە سەر چەک! بۆچی چەک بەدەستی خەڵکەوەیە؟؟
خۆ چەکی دەستی خەڵک نەتیجەیەو ڕەگ نیە، چەکیش نەبێ ئێمە هەر لە دۆخی وەحشداین. بەڵام تا ئەوکاتەی ئەگەینە سەر ڕەگی وەحشییەت و خەلەلەکە لە بناغەوە ئەدۆزینەوە، هیچ نەبێ با شەڕەکانمان بە شەق و بۆکس بکەین و نەیگەیەنینە فیشەک و کوشتن.
ئاخر دوای شەڕەشەق، هێشتا عەقڵێک ماوە بۆ بیرکردنەوەو هێشتا دەرفەتێک ماوە بۆ پێکەوەژیان. بەڵام دوای خوێن، جگە لە وەحشییەت شتێک نەماوە.
چەک لە دنیای ئێمەدا لەسەر دوو پایە وەستاوە: پایەی خێڵ و پایەی شۆڕش. حیزبی ئێمەش دیسان لەسەر هەمان دوو پایە وەستاوە، لێرەدا حیزب یەکسان ئەبێتەوە بە چەک!
حیزبی ئێمە، وەکو دامەزراوەیەکی مۆدێرن، نەهاتووە دەماری خێڵ لاباو عەقڵی شار بخاتە جێگای. بەڵکو هاتووە لەڕێگەی خێڵەوە خۆی بەهێزبکات لە شەڕەکانیدا، ئەو شەڕانەی کە ناوی ناوە شۆڕش!
خۆ ئەگەر شۆڕشبوونایە، ئەبوو پیش هەرشت هەڵگەڕانەوەبوونایە لە عەقڵی خێڵ، بەڵام چونکە شۆڕش نەبوون، بەپێچەوانەوە، عەقڵی خێلیان بەسەنتەرکرد!
ئاشکراشە لە عەقڵی خێڵدا ماف ئەوەیە کە بەدەستی خۆت ئەسەنرێ. (لێرەدا دەستی خۆت، ڕۆڵی یاساو پۆلیس و دامەزراوە ئەبینێت) شۆڕشی ئێمە نەهات هۆشیاریی دامەزراوە بەرهەمبهێنێ، هات ئەم دەسەی تەقدیسکردو کردی بە دەستی شۆڕشیش! شۆڕشی ئێمە ئەونەی کارکردنبوو لەسەر ئەم دەسە، ئەونە کارکردن نەبوو لەسەر عەقڵ.
جا ئەو دەسە مافسێنەی، کە موقەدەسی خێڵ و شۆڕشە، بە چەکەوە پتەوترو کاریگەرترەو باشتر ڕۆڵەکەی خۆی ئەبینێ، لێرەشەوە چەک ئەبێتە ئەندامێکی جەستەی مرۆڤی کورد!
بەنەتیجەش، ئیتر خەڵکی ئێمە، دەستی چەکی هەیەو سەقافەتی دامەزراوەی نیە! کە یەکەمیش هەبوو، دووەم نابێت.
- بۆیە لە یەکەم چرکەساتی ئازادیدا، پەلاماری دامەزراوەکان ئەداو تاڵانی ئەکات!
- بۆیە دوای سی ساڵ حکومڕانی، نەمانتوانی دامەزراوە بخەینە شوێنی ئەو دەستە!
- بۆیە ئیتر تاک و خێزان و حیزب و تەکەتول.. هەموو بە چەک کێشەکان یەکلائەکەنەوەو ڕێکەوتنێکی دەستەجەمعی هەیە لەسەر ئەفزەلیەتی دەستەکە بەسەر دامەزراوەدا.
بەڵێ حیزب و شۆڕشی ئێمە، تاوانباری سەرەکی تۆخکردنەوەی ئەو دەسەن، کە خۆی لە ڕێگەی خێلەوە هەبوو، ئەوان ئەبوو پاشەکشێ ی پێبکەن، کەچی کردیان بە شادەماری ئەزموونەکە.
لێرەشدا نوکتەی هەرە پێکەنیناوی ئەوەیە، هەمان ئەوانەی کە دەستی نادەوڵەتی خێڵ تۆخئەکەنەوە، هەمان ئەوانەن کە مژدەی دەوڵەتیان هەڵگرتووە! هەمان ئەوانەی کە خەڵکی ئێمەیان نغرۆکردوە لە سەقافەتی نادامەزراوەییدا، هەمان ئەوانەن کە دەوڵەتمەدارو حوکمدارن.
تێبینی
عەقڵی ئێمە، خۆی داڕزاوی دەستی چووتدژەکان و دنیابینی ڕەشوسپییە! لێرەدا من نەهاتووم جووتدژێکی تر ئیزافە بکەم خێڵ و شار.
بەڵکو شار مەبەستم جوگرافیای یاساو دامەزراوەو هاوڵاتییە، نەک بەرامبەرەکەی گوند.
خێڵیش تەنیا لەوێدا کێشەیە، کە ببێتە جێگرەوەی دەوڵەت و یاساو دامەزراوەو پرەنسیپی هاوڵاتیبوون.. لەخوار ئەمەوە خێڵ، پێکهاتەو ڕەگەزێکی گرنگی مێژوویی کولتوری کۆمەڵایەتی ئێمەیەو ڕێزلێگیراوە[1].