نە عاقڵیی کەڵەکەکردنی داتاو دەوڵەمەندی زانیارییە. نە بێعەقڵیی کەمی داتاو هەژاری زانیارییە. بەڵکو بابەتەکە ئەسڵەن پەیوەندی بە داتاو شتێکەوە نیە کە لەدەرەوە ئەیهێنین، بەڵکو پەیوەندی بە شتێکی ناوەکییەوە هەیە کە بیرکردنەوەیە.
داتاو زانیاری خۆشیان لەسەرەتادا بەرهەمی بیرکردنەوەن و دواتریش هەر کەرەستەو وەسیلەی ناو پرۆسەی بیرکردنەوەن، نەکئەوەی خۆیان ببنە ئامانج و بەدیلی بیرکردنەوەو جێگرەوەی عەقڵ!
زانیاری شتێکە لەخۆیدا نەجوڵاوەو لەگواستنەوەدا جوڵاوە. بیرکردنەوە شتێکە لەخۆیدا جوڵاوەو لەگواستنەوەدا نەجوڵاوە.
یەعنی زانیاری خۆی ناجوڵێ، بەڵام ئەکرێ لەکەسێکەوە بگوازرێتەوە بۆ کەسێکی ترو بیجوڵێنین. بەپێچەوانەوە بیرکردنەوە خۆی جوڵەیە، بەڵام بیرکردنەوەی تۆ، تەنیا لەناو تۆدا ئیشئەکاو ناتوانرێ بگوازرێتەوە.
جا عەقڵ بە بیرکردنەوە ئەجوڵێ و بە زانیاری ئەوەستێ، یان بیرکردنەوە وزەی جوڵەی عەقڵەو زانیاریش وزەی وەستانی عەقڵە ئەگەر بیخەینە بری بیرکردنەوە.
پرسی هەرە گەورەو چارەنوسسازی مرۆڤ، ئەوەیە کە چۆن عەقڵی بخاتەگەڕو کائینێکی بیرکەرەوەبێت. هیچ پرسێک لەمە جەوهەریترو وجودیترنیە، چونکە هەموو پرسەکانیترو هەموو وجود، لێرەوە بۆی ئەچیت و ڕێگایەکی تر نیە.
هەمیشە پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، چۆن بتوانین بیرکەرەوەبین؟ وەڵامەکەشی پرسیارێکی ترەو ئەوەیە کە چۆن عەقڵ ڕزگاربکەین لە بیرنەکردنەوە؟ وەڵامی ئەمەش پرسیارێکی ترەو ئەی چی ڕێگرە لە بیرکردنەوە؟
پرسیارەکە چەن قووڵ و گرنگە، وەڵامەکەی هێندە سادەو ئاسانە. بێگومان ئەوەی کە نایەڵێ بیربکەینەوە داتایە! بێگومان ئەوەی کە ڕێگرە لە بیرکردنەوە، هەرگیز نەبوونی زانیاری نیە، هەمیشە هەبوونی زانیارییە!
هەمیشە کێشەکە کۆمەڵێ داتایە، کە لەکۆمەڵگاو نەریت و پەروردەو ئایین و زانست.. وەریئەگرین و ئەم زانیارییانە ئەکەین بە بەدیلی زانین و ئیتر بیرناکەینەوە! لەکاتێکا زانین پرۆسەیەکی ناوەکییەو هەر ئەوەیە کە لەبیرکردنەوەوە دێ، نەک ئەوەی کە لەدەرەوە ئەیهێنین. ئەوەشی کە لەدەرەوە ئەیهێنین، هەربۆ ئەوە باشە کە بیخەینە ناو پرۆسەی زانینەوە، نەکئەوەی خۆی زانین بێت!
مرۆڤ حەزێکی فیتریی هەیە بۆ زانین، حەزێکی تریشی هەیە بۆ تەمەڵی و بیرنەکردنەوە. ئیتر داتاکانی دەرەوە ئەهێنی، هەم کرمی زانینەکەی پێئەمرێنێ و هەم حەزی بیرنەکردنەوەشی پێ تێرئەکا. لەنەتیجەدا ئیتر بیریش ناکاتەوەو ئەشزانێت! بەڵام ڕاستی ئەوەیە، ئەگەر بیرنەکەیتەوە نازانیت! زانیاریش ناتوانێ بچێتە شوێنی بیرکردنەوەو وابکات کە بزانیت! چونکە تۆ تەنیا بە بیرکردنەوە ئەتوانی بزانیت.
کاتێکیش زانیاری جێ ی زانین ئەگرێتەوە، قوڕەکە لێرەوە خەست ئەبێتەوە، چونکە ئیتر تەنیا ناکەوینە بەردەم جەهل، بەڵکو ئەکەوینە بەردەم جەهلی بەمەعریفەبوو.
ئیتر ئەوەی داتای لایە زانایەو ئەوەی داتای لانیە نەزانە، لەکاتێکا زانین و زانایی لەپرۆسەی بیرکردنەوەوەو بەرهەمهێنانی زانینەوە دێ، نەک لە پرۆسەی بەکاربردن و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریەوە کە هونەرێکی تێدانیە!
جا بۆئەوەی بزانین و ببین بە کەسێکی بیرکەرەوە، ئەبێ دەسکاری پەیوەندی نێوان خۆمان و زانیاریی بکەین!
زانیاری حەقیقەت نیەو حەقیقەتیش بەدیلی بیرکردنەوەو پاساوی بیرنەکردنەوە نیە.
حەقیقەت خودی بیرکردنەوەیە، بیرکردنەوەش شتێکی بەردەوامی ناکۆتایە، کەواتە حەقیقەتیش شتێکی ناکۆتایەو مەوزوع ڕێگاکەیە نەک گەیشتن.
ئێمە کە زانیاریمان لێبوو بە حەقیقەت، ئیتر سەرچاوەکانی زانیاریشمان لێئەبێ بە سەرچاوەی حەقیقەت و ئەکەوینە مەوقیفێکی نابەرابەری لاوازەوە بەرامبەریان و ئیتر ئەوان سوارو ئێمە پیادە! ئیتر ناتوانین عەقڵ بخەینەگەڕو بکەوینە پرسیارو گومان و گفتوگۆ، چونکە ئەسڵەن پرۆسەکە هی ئەوەنیەو بۆ ئەوەنیە، بەڵکو تەنیا بۆ وەرگرتن و گواستنەوەیەو تۆش تەنیا لە مەوقعی لاوازی وەرگردایت، لەکاتێکا ئەو لە مەوقعی بەرزی گواستنەوەی حەقیقەتدایە!
زانین هەر زانینی شتێکە، بەڵام زانینی شتەکە لەناو بیرکردنەوەدا، نەک لە شتێکی تردا. یەعنی زانیاری خۆی لەخۆیداو تەنیا بە وەرگرتن نابێتە زانین، ئەگەر نەبرێتە ناو بیرکردنەوە! دواجار ئەوە بیرکردنەوەیە زانیاری ئەکات زانین، نەکئەوەی زانیاری خۆی زانین بێت.
زانیاری تەنیا لەبیرکردەوەدا ئەتکاتە زانا، زاناش بەچی؟ زانا بەوەی کە نازانیت!
لەدەرەوەی بیرکردنەوەداو تەنیا لە وەرگرتندا، زانیاری ئەتکاتە تووتی. تووتییەکی مەغرور کە وائەزانیت ئەزانیت[1].