هەنێک لەژێر عینوانی مەلاو بانگخوازو گەشپێدانی مرۆیی.. خۆیان لێبووە بە پێغەمبەرو خەریکی نەسیحەتکردنی ئەوانیترن.
هەنێکی تر لە پێغەمبەرایەتی زیاتر ئەڕۆن و خەریکی خوایەتین بەسەر خەڵکەوە! بەوەی کە خۆیان کردوە بە مالیکی یەومی دین و موحاسەبە ئەکەن و سزاو پاداشت ئەدەن و خەڵک ئەنێرنە بەهەشت و دۆزەخ و دەم لە حەڵاڵ و حەرام ئەکوتن و هەموو سەڵاحیاتە حەسرییەکانی خودا مومارەسە ئەکەن.
چەقی هەردو کارەکەش خۆ بەفریشتەکردنە، واتە بۆئەوەی پێغەمبەرایەتی و خوایەتی بکەیت، سەرەتا ئەبێ فریشتایەتی بکەیت و خۆت لەو خەڵکە بکەیتە فریشتەی بێگەرد! ئاسانترین و کاریگەرترین ڕێگەی خۆ بەفریشتەکردنیش، ئەو بەشەیتانکردنە!
تۆ ناتوانی ببیت بە فریشتە ئەگەر شتانێک و کەسانێک نەکەیت بە شەیتان! کە ئەویشت ڕەشکرد، ئیتر لەوێوە سپێتیی خۆت ئەبینیت و لێرەشەوە دنیای ڕەشوسپی دروستئەبێ.
بەنەتیجە هاوکێشەکە خواو پێغەمبەرو فریشتەو شەیتانی تێدایەو بەس مرۆڤی تێدانیە، لەکاتێکا ئێمە پێوستە تەنیا مرۆڤ بین نەک ئەو شتانەی تر!
بۆئەوەشی لەبازنەی خوایەتی و پێغەمبەرایەتی و فریشتایەتی و شەیتانێتی نەجاتت ببێ و بکەویتەوە ناو بازنەی مرۆڤایەتی، پێویستە هاوکێشەکە عەکس بکەیتەوە!
یەعنی واز لە فریشتاندن بهێنیت، بەمەش ئۆتۆماتیکی وازت لە شەیتاندن هێناوە، کە وازت لە فریشتاندن و شەیتاندنیش هێنا، ئیتر کارت بە خوایەتی و پێغەمبەرایەتیش نەماوە، بەمەش لە دنیای ڕەشوسپییەوە ئەکەویتەوە ناو بازنەی سروشتی خۆت، کە دنیای ڕەنگاوڕەنگی مرۆڤبوونە.
بەزەییم بەوانەدا دێتەوە کە هەموو سیاسەتیان لەسەر شەیتاندنی پارتی هەڵچنیوە! باشە بەیانییەک لەخەو هەستای، بە قودرەتی قادر پارتی نەمابوو، چیئەکەیت؟
بەزەییم بەوانەدا دێتەوە، کە عەقیدەی خۆیان لەسەر شەیتاندنی ئیسرائیل داڕشتەوە! باشە تسۆنامییەک هەستێ و ئیسرائیل بکەوێتە ژێر دەریای ناوەڕاستەوە، ئەمانە چیبکەن؟
بەزەییم بە مولحیددا دێتەوە ئەو ڕۆژەی کە دین نامێنێ! هەر بەجدی دین نەمێنێ مولحید چیبکا؟
ڕەنگە وابزانی نەمانی شەیتانەکەی بەرامبەر خۆشترین ساتی ئەو کەسە دژانەبێت، بەڵام لەڕاستیدا وانیەو ڕێک پێچەوانەکەیەتی، یەعنی ئەو ڕۆژە ناخۆشترین ڕۆژیان ئەبێت، چونکە ئەوانە بینای فکریان لەسەر شتێک کردوە کە شتەکە نەماوە، ئیتر بیناکە ئەڕوخێ!
ئینجا بەزەییم بەو مەلایەدا دێتەوە کە ژن و عیشق و خۆشەویستی ئەشەیتانێنێ! باشە ئەو ڕۆژەی کە خۆی ئەکەوێتە سۆزدارییەوە چی ڕووئەدا؟
کە ئەڵێم چی ڕووئەدا، مەبەستم کەشفبوونی بابەتەکە نیە بۆ منو تۆ، کە ئەوە ژیانی تایبەتی ئینسانەو ئەسڵەن مەوزوعی منو تۆ نیە.
بەڵکو مەبەستم ئەو دۆخەیە کە مەلای تێئەکەوێ لەگەڵ خۆیدا! لەگەڵ بیرو باوەڕو قسەکان و قەناعەتەکانی پێشتری خۆیدا!
نە من فریشتەم نە تۆ شەیتانیت، نە خوایەتی کاری ئێمەیە، نە دنیای ڕەش و سپی دنیای ئێمەیە.
منو تۆ مرۆڤین لەدنیایەکی ڕەنگاوڕەنگا، لە دنیای ڕەنگاوڕەنگیشا هەموومان ڕاستیشین و هەڵەشین، ڕاست و چەوت بەو شێوەیە دابەشناکرێ کە ڕاستی هەمووی بۆ منبێ و چەوتی هەمووی بۆ تۆبێت!
حەقیقەت هەموومانین پێکەوە بە ڕاست و هەڵەوە، هەڵەکانیشمان بەشێکە لە وێنەکەو لە حەقیقەتەکە! دەرکردنی هەڵەکانمان لە وێنەکە، دروستکردنی وەهم و تێکدانی حەقیقەتە.
لەدنیای ڕەنگاوڕەنگا، تۆ کە وەکو من نیت، هەڵە نیت، بەڵکو جیاوازیت لە من! منیش کە وەکو تۆ نیم، ڕاست نیم، بەڵکو جیاوازم لە تۆ! جیاوازییش ڕەنگی ڕەشو سپی هەڵناگرێ و لێرەوە بە زەرورەت ڕەنگەکانی تر دێنە گۆڕێ و ڕەنگاوڕەنگیی دروستئەبێ.
تۆ کە بوونی خۆت، لەسەر شەیتاندنی ئەو بینابکەیت، یەعنی بینایەکی ڕوخاوت هەیە! چونکە یەکەم ئەو شەیتان نیەو هەر وەکو تۆیە بە جیاوازییەوە. دووەم بوونی تۆ لەسەر هیچ شتێکی دەرەوەی خۆت دروست نابێت، خۆت تەنیا لەسەر خۆت دروست ئەبێ. خۆتیش حەقیقەتی مرۆیی تۆیە نەک وەهمی فریشتەیی تۆ.
فیکر لەسەر عوقدە بیناناکرێ، لەسەر بیرکردنەوە بینائەکرێ! بیرکردنەوە شتێکی ئازادە لەناو تۆدا، بەڵام عوقدە وابەستەیی تۆیە بە شتێکی دەرەوەی خۆتەوە!
تۆ کە عوقدەی پارتی و عوقدەی ئیسرائیل و عوقدەی دین و عوقدەی کوردایەتی و عوقدەی ژنت هەبێ.. لێرەدا کە بابەتی بەعوقدەبوو نەما تۆش ئەمریت!
بەڵام لەبیرکردنەوەدا تۆ هەمیشە زیندویت، چونکە وابەستەی شتێک نیت کە ترسی نەمانی هەبێت.
دواجار (سێکس و ڕەگەزی بەرامبەر) ئەو ئیمتیحانەیە کە هەموومان تیای دەرناچین! خەلەلەکەش هەر ئەوەیە کە کردومانە بە ئیمتیحان!
ئەو مەسەلەیە لەچوارچێوەی ئاسایی خۆیدا بەشێکە لە سروشتی خۆمان، بەڵام کە کردمان بە شتێکی نائاسایی و بە پێوەری ئەخلاق و بە ئیمتیحان، ئیتر تیای دەرناچین، چونکە بەرامبەر سروشتی خۆمان ئەوەستینەوە.
سێکس نە هەموو شتێکە نە هیچە! ڕەگەزی بەرامبەر نە هەموو ژیانە نە بڤەی ژیانە! بەڵکو لەو نێوانەدا خاڵێک هەیە، کە هەم جانبە غەریزییەکەمان ڕازیئەکاو هەم شکۆی جانبە باڵاکەمان ڕائەگرێ.
ئەو خاڵەش نە دینییە نە نادینییە! نە پابەندبوونە نە ڕەهابوون! بەڵکو خاڵێکی عەقڵانی ئینسانی یە!
ئاخر چ لە پابەندبوونداو چ لە ڕەهابووندا، جۆرێک لە پەراوێزخستنی عەقڵ هەیە، لەغیابی عەقڵیشدا شتەکان ناتوانن وەکو پێویست ئینسانی بن.
شتانێکیش کە عەقڵانی و ئینسانی نەبن ئیتر ئەخلاقییش نین.
ئەخلاقیبوونی شتێک بەوەیە کە عەقڵ پشتڕاستی بکاتەوە نەک بەوەی کە قەرەباڵغی تەقدیسی بکات.
⚠️ تێبینی: کوردیپێدیا لە دروستیی ئەم بەڵگەنامەیە دڵنیا نییە، هۆکاری بڵاوکردنەوەی بۆ ئەوەیە کە لە پاشەڕۆژدا ڕاستی و دروستیی ئەم بەڵگەنامەیە بسەلمێدرێت[1].