- یەکێ لەکێشەکانی کۆیلایەتی ئەوەیە کە کۆیلەدار هەمیشە عاقڵترە لە کۆیلە. چونکە لە کۆیلایەتیدا، کۆیلەدار بەس خۆی بۆی هەیە بیربکاتەوە. دەی عەقڵیش بە بیرکردنەوە ئەپێورێ.
کۆیلە بۆی نیە فەلەکی عەقڵی خۆی هەبێت، تەنیا بۆی هەیە لە فەلەکی عەقڵی کۆیلەداردا بسوڕێتەوە. کێشەکەش هەر ئەوەنیە کە فەلەکی یەکەم وجودی نیە، کێشەکە ئەوەیە فەلەکی دووەم، فەلەکی بێعەقڵییە! چونکە عاقڵیی تۆ پرۆسەیەکە، تەنیا لە فەلەکی عەقڵی خۆتدا ڕووئەدا.
مەسەلەن لەناو پارتیدا تۆ بەحری علومیش بیت، هەر مەسعود عاقڵترە لە تۆ! چونکە چوارچێوەکە ئەو ئەیکێشێ و تۆ لەو چوارچێوەیەدا ئەنوسیت و ئەڵێیت و ئەجوڵێیت.
- کۆیلەی مەسڵەحەت و کۆیلەی ئایدۆلۆژیا، هیچ فەرقی نیەو کۆیلە هەر کۆیلەیەو هەموویان هەر قورمیش ئەکرێن. کیشەکەش هەر ئەوەنیە کە قورمیش ئەکرێن، کێشەکە ئەوەیە زۆرجار بێ قورمیشیش کاری خۆیان ئەکەن و خزمەتگوزاری و کۆیلایەتی بێبەرامبەر پێشکەش ئەکەن! بۆچی؟ چونکە (کۆیلە وەلائی بۆ کۆیلایەتی هەیە).
- لەڕاستیدا کێشەی گەورەی کۆیلایەتی، ئەو پەیوەندییە ناقۆڵایە نیە کە لەنێوان کۆیلەو کۆیلەداردا هەیە، بەڵکو کێشەکە، ئەو وەلائەیە کە کۆیلە بۆ کۆیلایەتی هەیەتی و بۆی دروستئەبێت!
- ئینسان بە ئازادی ئینسانە، ڕەبتێکی وجودیی لەنێوان ئینسان و ئازادییدا هەیەو مرۆڤ بەفیترەت ئینتیماو وەلائی بۆ ئازادی هەیە.
کاتێکیش کە ئینسان ئیختیاری نامێنێت، بۆی قورسە کە ئیختیاری نەماوە، ئیتر لەڕێگەی نیشاندانی وەلائێکی توندەوە بۆ دۆخە ناچارییەکەی، ئەیەوێ پێمان بڵێ، ئەو ئازادەو بە ئیختیاری خۆی وایە!
یەعنی مرۆڤ هێندە بۆی قورسە، کە ئازادی و ئیختیاری نەماوە، دێ وەکو ڕەدی ئیعتبار، ئازادی و ئیختیاری بەدیل بۆ خۆی دروستئەکا.
- لەڕاستیدا ئەگەر کۆیلەیی بکەیت بە دە بەشەوە، مرۆڤ تەنیا لە بەشێکیدا ناچارە، لە نۆ بەشیدا ئینسان لەڕێگەی (وەلائەوە بۆ ناچاریی) ئەیەوێ بڵێ من ئازادم، قوڕەکەش ئا لەم نۆ بەشەدا خەست ئەبێتەوە، چونکە لێرەدا کۆیلەیی یەکسان ئەبێ بە ئازادی!!
- ئینجا ئەپرسم لەم دۆخەی ئێستادا، بۆچی پەکەکەو پارتییەکانی خوارەوە بە زمانی شەڕو تەخوین ئەدوێن و ئەوانەی سەرەوە بە زمانێکی بڕێک عەقڵانی و بەرپرسانە؟
چونکە ئەوانەی سەرەوە، بە هەموو بێعەقڵییەکانیشیانەوە، دواجار لە مەوقیعی عەقڵی حیزبدان. بەڵام ئەوانەی خوارەوە بە هەموو مەعریفەتێکیشیانەوە، دواجار لە مەوقیعی بێعەقڵی حیزبدان و جگە لە ڕۆبۆت و تووتی شتێکی تر نین!
- ئەمەوێ بڵێم، زمانی کۆیلە، بەزەرورەت زمانی شەڕو سڕینەوەو تەخوینە، چونکە زمانی عەقڵ نیە. زمانی ئاشتی و پێکەوەژیان و بەرپرسیارێتی.. تەنیا لە عەقڵەوە دێ و ئەگەر یەکێ لە مەوقیعی عەقڵا نەبێت، ناتوانێ ئەم زمانەی هەبێت.
- زۆرجار پێمانوایە ئەوە دوژمن و موعادەلە ئیقلیمییەکەیە کە ئەماندەن بەیەکا.. ئەوە ڕاستە، بەڵام عەکسەکەشی هەر ڕاستە!
یەعنی زۆرجار زروفەکە ڕێگرە لەوەی کە بدەین بەیەکا، ئەگینا ئێمە خۆمان لەسەر پێین بۆ ئەوە!
مەسەلەن ئەو ڕقەی پارتییەکان و پەکەکەکان هەیانە لە یەکتر، پێویستی بە دەسێکی دەرەکی نیە ئاگرەکە بکاتەوە، لەڕاستیدا ئاگرەکە خۆی هەیەو هەنێجار زروفەکەو موعادەلەکان ڕێگربوون لەوەی کە داگیرسێ!
- بڕێک زمانی تەخوین کەمبکەنەوە، لەبەر ئاشتی و برایەتی و ئەم شتانەش نەبێ، لەبەر خیانەت، بۆئەوەی خیانەت دیاربێ و نەبێ بە ژێر تەخوینەوە!
کێشەی تەخوین ئەوەیە کە لەناو ئەو خیانەتانەدا کە بۆ یەکتری دائەتاشین، ئەو خیانەتانە ون ئەبن کە بەڕاستی ئەیانکەین.
کێشەی تەخوین ئەوەیە کە هەموومانی تیائەبین بە خائین بە پاکەکانیشەوە، هەموومانی تیائەبین بە قارەمان بە خائینەکانیشەوە! بەڵام لە غیابی زمانی تەخویندا، خائین ئەگەر هەبێ، ڕووتوقووت ئەبێتەوەو تەریک ئەکەوێ.
- گەورەترین کێشەی تەخوین ئەوەیە کە خیانەت ئاسایی ئەکاتەوە! من و تۆ کە بەردەوام یەکتری تەخوین ئەکەین، لەڕاستیدا یەکتری هان ئەدەین بۆ خیانەت، چونکە ئەگەر بشیکەین شتێکی غەریبمان نەکردوە، هەرئەوەمان کردوە کە بەردەوام بە یەکتری ئەڵێین و ئەونەشمان وتووە، کە ئیتر شتەکە ئاسایی بووەو شۆک و باجی نەماوە.
- جا ئێستا ئەوە هیچ پارتییەکان و پەکەکەکانی خوارەوە، بە زمانی زبڵ و زێراب بەرامبەر یەک ئەدوێن، وەلێ هەنێکی تر کە نە پارتین و نە پەکەکەن، یەعنی نە سەلکی سیرن نە قنچکی پیاز، کەچی لەبری قسەی خێر یان لانیکەم بێدەنگی، خەریکی خۆشکردنی ئاگرەکەن!
ئەمانە کۆیلەی ئەو دوو حیزبەنین، چونکە ڕەبتیان بەو دوو حیزبەوە نیە، ئەمانە تەنیا کۆیلەی شەڕن، کە ئەمە خراپترین جۆری کۆیلەییە!
کۆیلەی شەڕ ئەوەیە، هەمیشە شەڕێک دێ و ئەتوانێ تۆ بتباتە ناو خۆیەوە، بەڵام تۆ ناتوانی نەچیتە ناویەوە.
- زۆر بەکورتی لای من مەسەلەکە ئەوەنیە کێ خائینەو کێ شۆڕشگێڕ، مەسەلەکە ئەوەیە کە شەڕەکە نەبێت، خیانەتیش ئەوەیە کە شەڕەکە ببێت.
بۆ ئەوەشی شەڕەکە نەبێت، من لە شوێنی خۆمەوە هەر دوو شتم لە دەست دێ: یەکەم خۆم نەبمە نەوتی ئاگرەکە. دووەمیش فەیسبوکەکەم پاکبکەمەوە لە بوق و زوڕناکانی شەڕی ناوخۆ لە هەردو تەرەف.
وەک ئایەتەکە ئەڵێ (الفتنة اشد من القتل) جا با چاوەڕێنەکەین تا کوشتار ڕووبداو ئەوکات شەڕ بەنەفرەت بکەین، با لە ئێستاوە فیتنەی شەڕەکە بەنەفرەت بکەین! بەڵکو بەوە بەربە کوشتارەکە بگرین.
- ئەگەر دیقەت بدەی باسی تورکیام نەکردوە، چونکە هیچ کێشەم لەگەڵ دوژمن نیەو دوژمن تەنیا کاری خۆیئەکاو بە ئەرکی دوژمنایەتی خۆی هەڵئەستێ.
قسەم لەوەیە کە ئێمەش بە ئەرکی خۆمانە هەستین و بڕێک ئەخلاقیانەو عاقڵانە تەعامول لەگەڵ دۆخەکە بکەین و ئەگەر لایەکیش لەلێواری ئەوەیە بکەوێتە باوەشی دوژمن، با بیگەڕێنینەوە، نەک پاڵی پێوەنێین تەنیا لەبەر تێرکردنی حەزو ڕقە حیزبیەکانمان!
قسەم لەوەیە ئەگەر شەڕێک لەلێواری ڕوودانە، با تا دوا سات لە بەرەی ڕوونەدانی بین، نەک لە سەرەتاوە لەلایەکیان سەنگەر داکوتین.
- (خیتابی شۆڕشگێڕێ و خیاتبی خیانەت) ئەو دوو سیحرەن کە هەمیشە لە شەڕمانەوە ئەگلێنن و ئەمانخەنە یەکێ لە بەرەکانەوە! جا میز بکە بە هەردوکیاندا بۆئەوەی ئاگری شەڕ بکوژێتەوە.
لەڕاستیدا دوو خیتابیش نین و هەر یەکێکن، یەعنی لە دیدی منەوە من شۆڕشگێڕم و ئەو خائینە، لە دیدی ئەویشەوە ئەو شۆڕشگێڕەو من خائینم. ئیتر شتەکە هەر یەک شتەو لەهەردو سەرەوە هەر یەک کارئەکات، کە ئەماندا بەیەکا!
بۆیە میزی پیاکە، چونکە ئەگەر میزی پیانەکەیت، گووت پیائەکا! وەک ئەو هەموو گووەی کە لە مێژووی دوورو نزیکی ئێمەدا هەیەو خیتابی (شۆڕشگێڕی و تەخوین) دروستیکردوە[1].