خۆدەرخستن هەڵپەی ژیانە، هەرکات ژیان بە (خۆبوون) بەدەست نەهات، مرۆڤ ئەکەوێتە پەلەقاژەی ئەوەی کە بە (خۆدەرخستن) بەدەستی بهێنێت.
خۆدەرخستن هەوڵی بوونە، هەرکات بواری ڕاستەقینەی بوون کەمبوو، مرۆڤ ئەکەوێتە دروستکردنی بوونی مەجازیی، بۆ قەرەبوکردنەوەی خۆی.
وەلێ خۆبوون (ژیان و بوون) هەردوکیەتی، لێرەدا تۆ هەیت و ژیانیش هەیە، ئیتر پێویستت بە خودی بەدیل و ژیانی بەدیل نیە!
(ژیانەکە عەدالەت ئەیڕەخسێنێ و بوونەکەش ئازادیی) سەیرکە لەو جێیەی کە مەساحەی ئازادی و عەدالەت فراوانە، گرێ ی خۆدەرخستن کەمەو بواری خۆبوون زۆرە! لەو جێیەش کە حاڵی ئازادی و عەدالەت خراپە، گرێ ی خۆدەرخستن بڵاوەو بواری خۆبوون کەمە!
مەسەلەن تۆ لە سوید، بەشی ژیانێکی ئاسایی لە عەدالەت ئەپچڕیت، بەشی ئەوپەڕی ژیانیش، هەر لەلایەن عەدالەتەوە، فرسەتی یەکسان بە هەمووان دراوە، دەی ئیتر تۆ پێویستت بەوە نیە کە جیالەخۆت شتێکی تربیت! بەڵام لای خۆمان پاڵنەری ناعەدالەتیت هەیە بۆ لەخۆترازان، بۆیە ئەبیت بە شتانێکی تر لەبابەتی ڕۆبۆتی حیزب و پۆلیسی ئاداب و حەرەسی نەریت و نائبی خواو وەکیلی حەقیقەت..
لەوێ پاشەکشێ بە نەریت و لێکچوون کراوە لەبەرژەوەندی ئازادییەکان و جیاوازیی، تاکیش کە مومارەسەی ئازادییەکان و جیاوازییەکانی ئەکات، ئەمە خۆدەرخستن نیە، چونکە لەناو ڕەنگاوڕەنگیدا، ڕەنگی جیاواز نەشازنیە، بەڵکو هارمۆنییە! وەلێ لێرە کۆمەڵگا هێشتا نەریتییەو لێکچوون ئەسەپێنێ، جیاوازییش لەناو یەکڕەنگیدا، بە زەرورەت و ناچاریی، ئەبێتە شتێکی نەشاز.
لە کولتوری ئازادیدا، ئازادیی خۆی ئەساسەو کاتێ تۆ جیاوازیت ڕێک لەسەر ئەساسەکەیت. بەڵام لە کولتوری نەریتیدا، لێکچوون ئەساسەو کاتێ تۆ جیاوازیت لە ئەساس لاتداوە، لێرەشدا (خۆبوون) ئەستەمە، چونکە خۆبوون شتێکە ئەکەوێتە مەساحەی جیاوازییەوە!
بیرمان نەچێ کۆمەڵگای نانەریتیی بوونی نیە، چونکە هەر کە وتت (کۆمەڵگا) یەعنی ڕێکەوتن و ڕاهاتنی خەڵکێک لەسەر شتانێک و دووبارەکردنەوەی.
فەرقەکە هەرئەوەیە، لە کۆمەڵگای ئازاددا، ئازادیی خۆی نەریتەکەیەو ئەوەی کە خەڵکەکە لەسەری ڕێکەوتووەو ڕاهاتووە، خودی ئازادییەکەیە!
بەپێچەوانەوە کۆمەڵگای نەریتی، هەر ئەوەیە کە خەڵکەکەی، جگە لە ئازادیی، لەسەر شتانێکی تر، ڕێکەوتوون و ڕاهاتوون.
جا (ئازادبوون) ناکاتە تێپەڕاندنی ڕاهاتن، بەڵکو ئەکاتە عەکسکردنەوەی ڕاهاتن، مەسەلەن لە نائازادییدا تۆ لەسەر نەبوونی فلتەری عەقڵ ڕاهاتوویت و شتەکان بێ پرسیارو گومان وەرگریت. لە ئازادیدا بەعەکسەوە، لەسەر بوونی فلتەری عەقڵ ڕاهاتوویت و پرسیارو گومان لە شتەکان ئەکەیت و ئەمە دووبارە ئەکەیتەوە!
جا پێش قسەکردن لەسەر (ئازادی تاک و عەدالەتی کۆمەڵایەتی) هەر قسەیەک لەسەر جیاوازبوون، درۆی خۆدەرخستنە نەک ڕاستیی خۆبوون! (ئێستای کۆمەلگای ئێمەش مەیدانی ئەم درۆیەیە)
ئاخر خۆبوون گوڵێکە، تەنیا لەسەر خۆڵی ئازادو ڕەنگاوڕەنگ ئەڕوێ، نەریتیش کۆتوبەندو یەکڕەنگییە، جا تا خۆڵەکە نەگۆڕین، ئەوەی کە لە سەری ئەڕوێ، هەر فیچقەی خۆنواندنە، نەک تەجەلای خۆبوون[1]!