شەڕی (فکر) لەگەڵ ئەوانیتردایەو شەڕی (بیرکردنەوە) لەگەڵ خۆتدایە، شەڕی فکر بەرەو دەمارگیریمان ئەباو هەرچی کێشەو پێکادانیشە لە دەمارگیریدایە، شەڕی بیرکردنەوە بەرەو دەمارکرانەوەمان ئەباو هەرچی چارەسەرو پێکهاتنیشە لە کرانەوەدایە.
(ئێمە پێویستمان بە شۆڕشی فکرو ڕێکخستنی گروپ نیە، ئێمە پێویستمان بە شۆڕشی بیرکردنەوەو ئازادبوونی تاکە!)
شۆڕشی فکر نەک چارەسەرنیە، بەڵکو خۆی کێشەیە، چونکە فیکرێکت بۆ ئەکا بە بەدیلی بیرکردنەوەو ئەیکێشێ بە فکرەکانی تردا، دەی کێشەکە هەر ئەو بیرنەکردنەوەو پێکادانەیە!
شۆڕشی فکر، فیکرێکت بۆ یەکسان ئەکا بە ژیان، لیرەوە کەڵکەڵەی سڕینەوەی فکرەکانیتر سەرهەڵئەداو بەمەش شتەکە ئەچێتەوە سەر مەرگ نەک ژیان!
وەلێ شۆڕشی بیرکردنەوە، هیچ فکرێکت لێناکا بە ژیان، تەنیا ئەتبا بەرەو تێگەیشتن لە (پێکەوەژیان)! تەنیا پێکەوەژیانیش ژیانی ڕاستەقینەیە، ژیانەکانیتر وەهمی ئایدۆلۆژیان.
شۆڕشی فکر وەهمی حەقیقەتت ئەداتێ، حەقیقەتیش کوشندەیە چونکە عەقڵ جام ئەکات، بوونی تۆش لە ئامادەیی عەقڵتایە، لە غیابی عەقڵا سەرەتا تۆ خۆت نەماویت، بۆیە سڕینەوەی ئەوانیترت لا ئاساییەو ئەیکەیتە پیشە!
وەلێ بیرکردنەوە وەهمەکانی حەقیقەتت بۆ پوچەڵئەکاتەوەو هەرئەونەش بەسە بۆ تێگەیشتن لە حەقیقەت!
چونکە گرنگ ئەوەنیە بزانیت حەقیقەت چیە، گرنگ ئەوەیەکە بزانیت، وەهمەکانی حەقیقەت حەقیقەت نین!
ڕەنگە خودی حەقیقەتیش هەرئەم زانینەبێ و ئەو زانینەش تەنیا لە بیرکردنەوەو لەناو خۆتدایەو لە شتی ترو شوێنی تردا نیە.
شۆڕشی بیرکردنەوە شۆڕشی خۆبوونەو شۆڕشی فیکر شۆڕشی خۆنواندنە، مەسەلەن تۆ ئەگەر سەلەفیی بیت، بەردەوام خەریکی ئەوەیت کە سەلەفیبوونەکەت بۆ ئەوانیتر بسەلمێنیت، بەڵام تۆ ئەگەر هیچ نەبیت، تەنیا کەسێکی بیرکەرەوەبیت، ئیتر پێویستت بەوەنیە خۆت بۆ ئەوانیتر عەرزبکەیت و پێویستت بەوەنیە لەبەر خاتری فکرو نەریت و کۆمەڵگا.. وێنە بۆ خۆت دروست بکەیت، کە کاریشت بە وێنە نەما، ئیتر تۆ خۆتیت و خۆبوونیش هەر ئەمەیە.
کە وێنەکان کاڵبوونەوە، ئیتر خودەکان دەرئەکەون، لێرەشەوە دنیا بڕێک ئارامئەبێتەوە، چونکە لەڕاستیدا شەڕەکان شەڕی خۆمان نین شەڕی وێنەکانمانن! ئێمە لە خودی خۆماندا یەکین و ئینسانین، لە وێنەکانماندا ئەبینە دوژمن و وەحش.
کە ئەڵێم وێنە مەبەستم ئەو بڕە ماسکە نیە کە پێویستە بۆ ژیان و هەڵکردن لەگەڵ ئەوانیتر، بەڵکو مەبەستم ئەو وێنەیەی ئایدۆلۆژیایە کە پێویستە بسەپێنرێ و ژیان تێکئەدا[1].