بەڵێ من ئەڵێم با دانیشین، بەڵام دانیشتن بە مانای کەوتن و تەسلیمبوون و بێهیوایی و هیچ نەکردن و قبوڵکردنی واقع نا.. بەڵکو دانیشتنێک کە بنەمای هەستانەوەو بەرگری و هیواو کردەی ڕاستەقینەی گۆڕینی واقع بێت!
کە ئەڵێم با دانیشین، مەستم ئەوەنیە کە جوڵە بوەستێنم، مەبەستم ئەوەیە کە مەستیی بوەستێنم، چونکە تەنیا جوڵەی عەقڵ جوڵەی ڕاستەقینەیە!
مەبەستم ئەوەیە کە چیتر لەسەر پێ ی مەستیی نەبین، چونکە (دانیشتن) هەرئەوەیە کە لەسەر پێی مەستیی بێیت و بچیت! جا با دانیشین بۆ بیرکردنەوەو ئاگایی، بۆئەوەی بکەوینە سەر پێ ی عەقڵ.
ڕق و دەمارگیری و توندڕەوی و سڕینەوەو شەیتاندن و تەخوین و دنیای ڕەش وسپی و فاشیزم.. هەمووی بەرهەمی مەستیین، ئیتر مەستیی بە ئایدۆلۆژیایەک، بە کارێزمایەک، بە حیزبێک، بە کاهینێک، بەهەر شتێک..
ئەوانە هەمووشیان هەر جوڵەن، بەڵام جوڵەی موزەییەف، جوڵەی موزەییەفیش ڕێک دۆخی ناجوڵەو چەقینە!
جوڵەی چەقینیش ڕوولەخوارەو چاڵ دروستئەکات، تا بەردەوامیش بێت، چاڵەکە قووڵترئەکاو هاتنە دەرەوە قورسترئەبێ.
لە مەستییدا تۆ لە کاردانەوەی بەردەوامدایت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە، کاردانەوە جوڵەی ڕاستەقینە نیە، لێرەدا تۆ تەواوی وزەت لە جوڵەیەکدا ئەڕوات، کە جوڵەی موزەییەفە!
جوڵەی ڕاستەقینە ئەوەیە کە لە وزەیەکی ڕەسەنەوە دێت، جوڵەی موزەییەف ئەوەیە کە لە وزەیەکی ناڕەسەنەوە دێت.
وزەی ناڕەسەن: هەموو هێزێکی دەرەوەی تۆیە، کە کێشت ئەکات بۆ لای شتانێک کە بۆت خوازراوە!
وزەی ڕەسەن: هێزی بیرکردنەوەی تۆیە، کە ئەتبا بۆ لای خواستی خۆت!
یەعنی (وزەی ناوەکی) هەمیشە وزەی ئازادی و ئیرادەو پڕیی تۆیە. (وزەی دەرەکی) هەمیشە وزەی کۆنترۆڵکردن و بێ ئیرادەکردن و بەتاڵکردنەوەی تۆیە.
وزەی دەرەکی عەرەبانەیەکە هەر ئەونە ڕاتئەکێشێ، کە فریوت بداو جڵەوت بکا، دواتر ئەو ئەوەستێ و خۆیت لێبارئەکاو لەڕاستیدا تۆ عەرەبانەکە ڕائەکێشیت!! بەڵام وزەی ناوەکی، هەر ئەوەیە کە نایەڵێ ببیت بە بارگیرو خواستی ئەوانیترت لێبارکرێ!
بە وزەی ناوەکی، تۆ وەکو (خۆت) ئەجوڵێیت، نەک وەکو عەرەبانەو بارگیری ئەوانیتر.
هەموو مرۆڤەکان لە جوڵەدان و هەموو جوڵەیەکیش وزەیەکی لە پشتەوەیە، بەڵام جیاوازی مرۆڤی زیندو لەگەڵ مرۆڤی مردو، ئەوەیە کە مرۆڤی زیندو بە وزەی ناوەکی کارئەکاو مرۆڤی مردو بە وزەی دەرەکی هەڵئەسوڕێ!
وزەی دەرەکی هیوای موزەییەفت ئەداتێ و لەوسەرە ئەتدا بە داری نائومێدیدا، وزەی ناوەکی (خۆی هیوایە)و ئەگەر بیدۆزیتەوەو بیخەیتەگەڕ، ئیتر نائومێدیی و بێهیوایی ناناسیت!
سەنگی مرۆڤ بیرکردنەوەیە، بیرکردنەوە چەقەوەو ئەگەر ئینسان ئەو چەقەی نەبێت، ئیتر سەنگ و قورساییشی نیەو هەر ڕۆژەی بای مەوزوعێک ئەیبا! (ڕێک وەکو حاڵی ئێستای ئێمە، بە دەست ڕاگەیاندن و تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە) بەڵام ئینسان کە چەقی هەبوو، ئیتر سەنگیشی هەیەو بە ئاسانی بەملاوبەولادا نابرێ!
ئینسانی سەنگین کە بشجوڵێ و قسەیەک بکات، لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی خۆی و لە وزەو سەنگی ناوەکییەوە ئەیکات، نەک ئەوەی دوای قەرەباڵغی بکەوێ و هێزی شەپۆلی باو بیهێنێ و بیبات!
ئەی کەی کاتی بیرکردنەوەیە؟
ڕەنگە ئاسانترین و تەقلیدیترین وەڵام ئەوەبێ کە (هەموو کاتێک کاتی بیرکردنەوەیە) بەڵام ئەوە هیچمان بۆ ناکاو واقعییش نیەو لەڕاستیدا ئینسان هەموو کاتێک بیرناکاتەوە، چونکە بیرکردنەوەش بەشی خۆی بارگرانییەو ئەسڵەن ئینسان ناتوانێ هەموو کات بیربکاتەوە!
بەڵکو باشترین کات بۆ بیرکردنەوە، ئەوەیە کە سیاق دیاریئەکات! یاخود باشترین کات بۆ بیرکردنەوە، ئەوەیە کە بیرنەکردنەوە دیاریئەکات!!
مەسەلەن لە سیاقی ئێستای ئێمەدا، کاتی بیرکردنەوە ڕێک ئەو کاتەیە، کە قسەی تیائەکەین! ڕێک ئەو کاتەیە کە بابەتێک دێتە پێش و تۆش بێ بیرکردنەوە خۆتی تێ فڕێ ئەدەیت!!
ئەو خاڵە کە خاڵی قسەکردنی ئێمەیە، ڕێک ئەو خاڵەشە کە هیچی تیاناڵێین، چونکە ئەو خاڵەیە کە بیری تیاناکەینەوە!
بەمانایەکی تر، خاڵی کاردانەوەو قسەی دەستەجەمعیی، ڕێک خاڵی بیرنەکردنەوەی فەردە!
جا فەردی ئێمە بۆئەوەی بیربکاتەوەو بگەڕێتەوە بۆ وزەی ڕەسەنی خۆی و لەدەست شەپۆلەکانی وزەی دەرەکیی نەجاتی ببێت، ئەکرێ ئەو خاڵە دەستنیشان بکاو چیتر لەوێدا لەبری (کاردانەوە) هەڵوەستەیەک و لەبری (قسە) بیرێکی تیابکاتەوە!
ئەوەبکەین گەورەترین خزمەتی قسەو عەقڵ ئەکەین، ئاخر ئەوکاتیش قسە هەر ئەمێنێ، بەڵام لەبری دەنگەدەنگ و فەوزاو مەوجەو چەلەحانێ.. چوار قسەی عەقڵانیی ئەکرێت، کە ئەمێننەوەو جێئەگرن و ئەمانبەنە پێش، لەبری قسەگەلێک کە هەر دێن و دەڕۆن و ئەماندەن بەیەکا!
پێمئەڵێن تۆ چیت ئەوێ؟ ئەتەوێ خەڵک بە عاقڵیی دانیشێ و هیچ نەکات؟؟
منیش ئەڵێم بەڵێ ڕێک ئەوەم ئەوێ!!
چونکە مرۆڤ کە (بە عاقڵیی) دانیشت، دوایی بە عاقڵیی و بە وزەی ناوەکیی خۆی هەڵئەستێ، تەنیا ئەو هەستانەش ڕاستەقینەیە[1].