دوژمن = مەکینەی کوشتن
شۆڕش = مەکینەی بەکوشتدان
نەفرەت و مەرگ = (دوژمن و شۆڕش)
ئێمە سەدەیەکە بۆ ڕزگاربوون لە یەکەمیان پەنا ئەبەین بۆ دووەمیان، وەلێ ژیانێکمان دورستنەکردو هەر مەرگی خۆمان تەکمیلەو تەواوکرد!
ئاخر دوژمن هەر نیوەی مەرگی ئێمەیە، شۆڕش نیوەکەی تریەتی! ئاخر کوشتن هەر نیوەی مەرگی ئێمەیە، بەکوشتدان نیوەکەی تریەتی! ئاخر وێرانکردن هەر نیوەی ماڵوێرانیی ئێمەیە، بەوێراندان نیوەکەی تریەتی!
سەدەیەکە هەرچی بڕنەوێکی حیزو کلاشینکۆفێکی ژەنگاویی کردە شانی، ئێمە تەقدیس و تەمجیدی ئەکەین، بەمەش حەصانەیەکی عاتفی و ناعەقڵانیمان بۆ چەک دروستکرد، کە ئیتر نەتوانین بیخەینە ژێر پرسیارەوەو هەرچۆنی توخنیکەوین، بە ئاگری تەخوین ئەسوتێین!
سەدەیەکە ئەدەبیاتی ئێمە، سەرەتا فووت تێئەکا تا بە کوشتت ئەدا، دواتر لوشکەلوشک بۆتئەگری و ئەتلاوێنێتەوە!
ئەوەی ناومان ناوە ئەدەبی بەرگری، ناوە ڕاستەکەی ئەدەبی مەرگ و بێئومێدکردنە، چونکە خودی بەرگرییەکە، ناوە ڕاستەکەی (بەکوشتدانە)!!
نائومێدکردنە چونکە ئەمسەری شتەکە پاڵەوانەو ئەوسەری شەهید! ئەمسەری داستانەو ئەوسەری کارەسات! ئەمسەری حەماسەتفرێنەو ئەوسەری فرمێسکڕژێن! ئەمسەری فەرهاد سەنگاوی و حەوتی سێ یە، ئەوسەری شێرکۆ بێکەس و شانزەی سێ!
ئەم ئەدەبە گەورەترین زەڕبەی لە (عەقڵ)ی ئێمە داوە، ئاخر عەقڵ پێویستی بە کەشێکی ئارامە بۆ بەگەڕکەوتن، ئەم ئەدەبە سەدەیەکە نەیهێشتووە ئەو کەشە بۆ عەقڵی کورد بڕەخسێ!
سەدەیەکە عەقڵی کورد وەکئەوەیە لەناو غەسالەدابێت، جارێک بەدیوی حەماسەتا ئەیخولێننەوە، جارێک بەدیوی شین و مەرگەساتدا، ئەم غەسالەیە هەر نەوەستا تا کورد لەمسێکی عەقڵی خۆی بکات!
ئێمە پێوستمان بە یەکێتییە، کەچی هەمیشە شۆڕش هاتووە پەرتی کردوین، چۆن پەرتبوونێکیش؟ دابەشی جاش و باشی کردوین، کە ئەمە خراپترین جۆری پەرتبوونە!
ئا لەوێدا ئیتر دوژمن پێویست نیەو ئەویش لە هاوکێشەکە دەرکەیت، ئێمە ئیتر خۆمان دوژمنی یەکین و کارەکەی دوژمنیش خۆمان ئەیکەین!
ئێمە بەرامبەر دوژمن بوونمان لە مەترسیدایەو تەنیا یەکبوونیش ئەم بوونە ئەپارێزێ، کەچی شۆڕش دێ، پێش هەرشت ئەم بوونە دابەشی دوو کەرتی ڕەش و سپی ئەکات!
جاش شتێکە ئێمە هەمیشە ئەیدەینە پاڵ دوژمن، بەڵام لەڕاستیدا جاش یەکێکە لە بەرهەمەکانی شۆرش و شۆڕش دروستی ئەکات!
تۆ ئەگەر جاشیش نەبیت، لەچاوی شۆڕشەوە هەر نیوە جاشێکیت (ئەگەر لەگەڵ شۆڕش نەبیت)! ئەم نەزرەیەش خراپترین پاڵنەرە بۆئەوەی دواترو بەهۆکارێک، نیوەکەی تریش تەواوکەیت و ببیت بە جاشی تەواو!
زمانی ڕەسمی و مەدرەسە، فارسی بێت تورکی بێت عەرەبی بێت #سۆران#ی بێت، هەرچی بێت.. هەورامییەکان لەماڵەوە هەر بە هەورامی قسەئەکەن!
دەی ئەوە باشترین بەرگرییە کە هەورامییەکان کردویانە (بۆ مانەوەو بۆ یەکێتی بوون)!
کوردەکانی تریش هەر ئەوەیان بکردایە زۆر باشتربوو لەو هەموو شۆڕش و حیزب و ئایدۆلۆژیاو شەڕو شۆڕەی کە سەدەیە هەر مەکینەی بە کوشتدان و پەرتبوونی ئێمەن!
من ناڵێم #پەکەکە# دەمودەس چەکدانێ و شتەکان خەتای #قەندیل#ە.. زۆر بەپیچەوانەوە لە ئێستادا لە هەموو کات زیاتر دڵم لای قەندیلەو هیوای سەرکەوتنیان بۆ ئەخوازم..
بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە شتەکە هەر لەسەرەتاوەو لە سەدەیەک لەمەوپێشەوە هەڵەیەو کورد ئەبووایە دەسی بۆ ئەم فۆڕمە خراپەی بەرگری نەبردایە، تا زووتریش ئەم هەڵەیە ڕاستبکرێتەوە قازانجە!!
چونکە هەر خودی (کوردبوون) پاساوە بۆ ئەوەی کە پەلاماربدرێین، ئێمە ئەبوو دەسمان بۆ شتێک ببردایە کە ئەم ئەگەرە نەهێڵێ یان دووری بخاتەوە یان زەرەری کەمکاتەوە، کەچی دەستمان بۆ شتێک برد کە ئەم ئەگەرەی کرد بە شتێکی نزیک و هەمیشەیی و حەتمیی و کارەساتبار!
(دۆستی ئێمە تەنیا شاخەکانە) ئەمە مەقولەیەکی هەڵەیەو پەیوەندی بە چەکەوە هەیە، ئاخر تۆ بە چەکەوە ئەچیتە شاخ، خۆ بە دەستی بەتاڵەوە ناچیت!
لەڕاستیدا دۆستی ئێمە، تەنیا بیرکردنەوەو عەقڵی ئێمەیەو قەندیلی ڕاستەقینەی ئێمە لەناو کەلەسەرماندایە.
ئەو شاخەی کە ئەبێ هەمیشە بۆی بگەڕێینەوەو پاڵی پێوەبدەین، بەرزاییەکانی وڵات نیە، قووڵاییەکانی بیرکردنەوەو خستنە ژێر پرسیاری هەموو شتەکانە، بە چەک و شۆڕش و شاخ و شەهیدیشەوە!
ئینجا سەرەتا نەفرەت لە دوژمن، دواتریش لە حیزب و حکومەتی ترسنۆک، لە هەردوو کرمی ناوخۆ (چاوساغ، هاوسۆز)ی دوژمن، لە (چەک و جەنگ) بە گشتیی و بەهەموو ناونیشانەکانەوە[1].