(ستەمکاریی هەوێ ی نیە، ستەمکار هەر ئەوەیە کە ستەمئەکات هەرکێ بێت، ستەملێکراو هەر ئەوەیە کە ستەمی لێکراوە هەرکێ بێت) ئەمە سەرەتایەکی سادەی ئینسانییەو هەموو ئینسانێک هەر لە شەریکەوەو بە فیترەت، ئەم فیوزەی تێدایە، بەڵام دواتر ئایدۆلۆژیا ئەیسوتێنێ!
ئایدۆلۆژیا دێ هەوێ بۆ ستەم دروست ئەکاو پێناسە سروشتییەکەی ئەشێوێنێ و (هەرکێ) ئەگۆڕێت بۆ (من و ئەویتر)!
ئیتر ستەمکار بە ڕەهایی ئەبێت بە (ئەو) تەنانەت ئەو کاتانەشی کە ستەملێکراوە! ئیتر ستەملێکراویش هەمیشە (من)م تەنانەت ئەوکاتەشی کە ستەم ئەکەم!
کە ستەمیش هەوێ ی بۆ دروستبوو، ئیتر ڕەگەزی (ڕێژەییبوون) لە شتەکەدا نامێنێ و سیفەتی ڕەهابوون وەرئەگرێ، عەدالەت و ئینسافیش لە ڕێژەدایەو بێ ئینسافی و بێویژدانیش لە حوکمی ڕەهادایە.
لێرەدا کێشەی من ئەوەنیە کە لە میسر ڕوویداوە، کێشەی من ئەوەیە کە لێرە ڕووئەدا، کێشەی من ئەو هەموو کەڵبەو نینۆکەیە کە لەگەڵ هەر پرسێکدا بۆیەکتری دەرئەهێنین!
لەدنیادا زۆر شت ڕووئەدەن، بەڵام لای ئێمە تەنیا یەک ڕووداو هەیەو تەنیا ڕق ڕووئەدا! چونکە ئێمە هەموو ڕووداوەکان تەرجەمە ئەکەینەوە بۆ ڕق، ئیتر هەرچی ڕوویدابێت، دوای تەرجەمەکە جگە لە ڕق هیچی تر ڕووینەداوە!
لێرەشەوە خەڵکانی تر، لە هەر شتێک بەرهەمێکی جیایان دەسئەکەوێ، بەڵام ئێمە لە هەموو شتەکان، هەر بەرهەمی ڕق ئەچنینەوە!
من نەوشیروانم خۆشئەوێ، بەڵام هیچ کێشەیەکم لەگەڵ ئەوانەدا نیە کە کێشەو جیاوازییان لەگەڵی هەیەو خۆشیان ناوێ.. وەلێ هەنێکم بلۆککرد لەسەر ئەوەی، ڕێک لە ڕۆژی مردنەکەیدا ڕقیان ئەباراند بەسەریدا!
ئەوە چ دڕندەییەکە تۆ شەڕ لەگەڵ جەنازەیەکدا بکەیت کە هیشتا ساردنەبۆتەوە؟ ئەوە چ بێشعورییەکە هەزاران کەس بۆی تەعزێباربن و تۆ لەبری موراعاتی هەستی تازەی ئەوان، خەریکی ڕقێکی کۆنی خۆت بیت؟
باشە لەبری ئەوەی (ڕق) ئەو کاردانەوە سەریعە بێشعورانەیەت پێبکات، ناکرێ (شعور) هەفتەیەک شتەکەت پێ دوابخات؟! هەر خۆم وەڵامئەدەمەوە: نەخێر ناکرێ، چونکە ڕق هەرئەوەیە کە بێشعورت ئەکات!!
ئەمە بۆ هەموو ئەوانەش ڕاستە کە لە ڕۆژی مردنیدا ڕقیان بەسەر مامجەلالدا ئەباراند، هەروەها بۆ ئەوانەش کە لە دوێنێوە ڕق بەسەر مورسیدا ئەبارێنن.
قەومییەکان ئەڵێن عەرەبە چاوی دەرئەهات، چەپەکان ئەڵێن ئیسلامییە چاوی دەرئەهات، ئاپۆچییەکان ئەڵێن تیرۆرستەو چاوی دەرئەهات.. ئیسلامییەکان خۆشیان، لەپاڵ خەمبارییان بۆ مورسی، دنیایەک ڕقیان بەسەر ئەوانیتردا باراند!
دنیایەک ڕقیان بەسەر دیموکراسییدا ڕژاند، لەکاتێکا مورسی خۆی قوربانیی نادیموکراسییەتە! دنیایەک ڕقیان بەسەر علمانییەتدا باراند، لەکاتێکا ئەگەر مورسی لەدەست کودەتاچییەکان دەربازیببوایەو بگەیشتیایەتە دەست علمانییەکانی مەسەلەن سوید، زۆر باش و ئینسانییانە پەنایان ئەدا!
بەمجۆرە لەپاڵ مردنی مورسیدا، هەمووان شەڕی گرێ و ڕق و ئایدۆلۆژیاکانی خۆیان کرد، نەک شەڕی ستەمکاریی و خەمی ئینسان و نەتەوەو ئەم شتانە!
بیری نوێ ی ئاپۆ، فەلسەفەی ئاشتی و پێکەوەژیان و برایەتی گەلان و ئەم مانا باڵایانەیە.. کەچی ئاپۆچیمان هەیە هەزار فەرسەخ لە دووریی ئەم مانایانەوە، بووە بە بۆمبی ڕق و بەم ڕۆژگارە بەمو بەودا ئەتەقێتەوە!
ئاخر تۆ کە شانازی بەوەوە ئەکەیت، کەسێک لە ئەرجەنتین #پەکەکە#یە، ئەبوو لە هەمووان زیاتر تەفەهومی ئەوەشت بکردایە کە کەسێک لە #سلێمانی# ئیخوان بێت! بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئایدۆلۆژیست پێشوەختە بڕیاری داوە کە تێنەگا، ئەمەیە ئەو تێنەگەیشتنە قووڵە دروستئەکات!
کێشەی عەقڵی بچوک ئەوەیە، وائەزانێت ئەگەر جیاوازیی هەبوو ئیتر خاڵی لێکچوون نیە، وائەزانێ ئەگەر لێکچوون هەبوو ئیتر خاڵی جیاوازیی نیە! کە لێکچوون هەبوو ئیتر وائەزانێ شتەکان هەر یەکێکن، کە جیاوازیش هەبوو، ئیتر وائەزانێ شتەکان دژن، لەکاتێکا نە خاڵی لێکچوون ئەکاتە یەکبوون، نە خاڵی جیاوازیی ئەکاتە دژبوون!
تۆ ئەگەر بە عەقڵێکی گەورە سەیری دۆخی ئیخوان و پەکەکە بکەیت، سەرەڕای جیاوازییە زۆرەکانیان، ئەبینیت زۆرترین لێکچوونیشان هەیە، کەچی عەقڵە بچوکەکانیان بەجۆرێک ڕق بەسەریەکدا ئەبارێنن وەکئەوەی لە دوو کەوکەبی جیابن!
ئەوانەی گیرۆدەی ئایدۆلۆژیان، ناتوانن وێنەی گەورە ببینن، کە وێنەی گەورەشت نەبینی، جگە لە (ڕق) ناتوانی شتێکی تر بەرهەمبهێنیت، چونکە لە وێنەی بچوکدا جگە لە (دوژمن) پێناسەیەکی ترت نیە بۆ ئەویتر!
(فەزیلەت ئەوەیە کە هەست بە ستەملێکراوی ئەویتر بکەیت) چونکە تۆ ئاسایی ئینتیمات بۆ خۆت هەیەو ئینسان بەتەبیعەت بەلای خۆیدا دایئەشکێنێ.. کاتێکیش ئایدۆلۆژیا دێ و ئەم من و تۆیە تۆخترئەکاتەوە، ئیتر تۆ زۆر ناتەبیعیانەو زاڵمانەو کوێرانە بەلای خۆتدا دایئەشکێنیت! ئا لەوێدا ئەگەر چاوێکت هەبێ (ئەو) ببینێت، یەعنی هێشتا مرۆڤیت و ئایدۆلۆژیا نەیکردویت بە وەحش!
لەڕاستیدا ئێمە تەنیا هەر ئیسلامییەکانمان نا، بەڵکو قەومی و چەپ و ئاپۆچی و مولحیدو لایەندارو بێلایەن.. بەگشتیی هەموومان #داعش#ێکی نوستوومان تێدایەو لەگەڵ هەر حەدەسێکدا خەبەری ئەکەینەوە بۆ گیانی یەکتر!
بۆ مەگەر داعش چیە جگە لە ڕقلێبوونەوە لەوانیترو لە هەموو دنیای دەرەوەی خۆت؟
هەموو شتێک کە دێ، کۆدێکی ڕقی تێدایە، بێدەنگبە تا ئەو کۆدە ئەشکێنی ئینجا دەستبکە بە قسە، بۆئەوەی قسەکانت نەچنەوە سەر خەرمانی ڕق و دنیاو دەروونی خۆت ناشرین نەکەیت[1].