(سێو پێگەیی نەهاتی، کە لیمۆ زەردبوو وەرە)
لەوەتەی ئادەمزاد پێی ناوەتە سەر ئەم گێتی یەو وەهمی شەیتانێکی بۆ حەزەکانی خۆی سازاندووە سێوێک ئەبێ بە ڕەمزی دابڕان وسێوێک ئەبێ بە ڕەمزی یاخی بوون، ئەوە خودی ئینسان خۆیەتی بۆبەرجەستەکردنی ویست و ئازادیەکانی لە بازنەی سوری خواکەی و یاخی بوون وفەراهەمکردنی ئازادیەکەی بەهەشتێکی کۆیلایەتی بە زەمینێکی جەنجاڵ وپر لەپرسیار و ئازاد، بە سێوێک ئەگۆڕێتەوە. هەرلەو ساتەوە کەکاتژمیری سفری میتۆلۆجیایە، مرۆڤ هاودەمی سێوە، ئادەمێکی نێر دەم بۆ سێوێکی حەرام ئەبا چونکە هاوشێوەی سێوەکانی خاتوو حەوایە. تاوانی حەوا لەهەڵکەوتەی جەستایایەتی کە ئادەمێکی نێر ئاڵودەئەکا هەرچی خڕو پڕچنگ بێ وەک جووتە سێوەکەی ئەو دەمی بۆ ببا و چێژی لێوەرگرێ، ئەو سێوە سیمبوڵی ملکەچی نێرە بۆ مێ، بەر لەوەی خۆ قوتارکردن بێ لە مل کەچی بۆ ڕێساکان و چێژوەرگرتنبێ لە ئازادی، ئەوە چێژی سێوە داڵی وباڵڵا ئەکاتە هاودەمی سێو و پیرە پیاوێکی وەک پێکاسۆ ئەخاتە سەر لەرەی سێونەخشاندن وسیێوگوشین، بۆیە لەچاوی پێکاسۆدا دووجۆر ژن هەن؛ یان خواوەندن یان فەرشی بەرپێ.پێکاسۆیەکی ئارتیست تا دوا ساتەکانی تەمەنیشی هەرچی دەست ئەکەوت ئەیکردە قوربانی لەشبازیەک لەگەڵ ژنا.
لەپەڕتوکی گنێسیس دا کە لە فەرهەنگی کۆنی گریکی و ئاینی کریستیانەوە سەرچاوەئەگرێ، سیێو بە میوە قەدەغەلێکراوەکە ناودەبرێ و ئەمەش لەهەمان دیدگەی میتۆلۆجیانەوەیە کە ئادەم وئێڤا دەست درێژئەکەنە سەر درەختە قەدەغە لێکراوەکەی ناو ئێد م (بەهەشت) و سێوێک ئەبەن، پاشتر لە شۆرشی ڕێنیسانسدا، نیگارکێشەکان ڕەمزی سێوە ئاڵتونیەکەیان نەخشاند کەڕەنگە ئاماژەبێ بۆ باخچەکەی ئێسپێریدس، کە خودی ئەو وشەگریکی یە مانای سێوی ئاڵتونە و ڕەمزبووە بۆ مەعریفەو دانایی وهەم ئاشق بوون و تاوان وگوناهی نێر، بەڵام لە لاتینی کۆندا بە سێو دەوترا مالوم و بەهەمان شێوە مالوم مانای شەیتانیش دەگرێتەوە، لێکدانەوەی گریکەکان بۆ سێو جیاوازی وگۆڕانکاری بەسەرداهات، کە تێڕوانینەبۆ سێو لەڕووی ناوەڕۆکەوە، لایان وایە هەرسێوێک کە قاش بکرێ بە ئاسۆیی شێوەی دڵێکی لێ دەرئەچێ بەڵام کە بە پانی لەتکرێ ئەوا لەناوەوە ئەستێرەیەکی پێنچ سوچ بەدی ئەکرێ، ڕەمزی ئەستێرەش ئاماژەیە بۆ مەعریفە وزانین ود ڵیش بۆ خۆشەویستی، کەواتە سیمبۆلێ سێو هەم داناییە هەم مەخۆشەویستی و سێکس وگوناهە واتە سیمبۆڵی سێو لە کەلتور وفەرهەنگی هەموو دنیادا ڕەمزی پۆزەتیڤ وجوانی وچێژە بەدەر لە پێکهاتە فسیکیەی، لە کوردەواری شدا هەرهەمان شتە، ئاخر ڕەنگە کورد مەحروم بێ لەزۆر لەززەت بەڵام تام و بەهای زۆربەی شتە جوانەکانی لایە، بگرە لەمەش بەدەر لە کەڵچەری کۆنی کوردەواریدا، مێخەک ڕێژی سێو کراوە بۆ ئاشت بوونەوەو گەڕانەوەی ئازیزو دڵدار، ئەوە چ نەریتێ کی پیرۆزە سێوێک مێخەک ڕێژ ئەکرێ وەک سیمبوڵێ ئەردێتە ئازیز، ئەمە تایبەتە بەکلتوری کوردی و گەلانی تر جیاوازن، بۆنموونە ئنلیزەکان ئەڵێن گەر ژیان سێوێکی دایتێ بیخۆ ئەگەریش لیمۆبوو ئەوا بیگوشە، لای ئەوان سێو مانای شتێکە هەرچەندە جوانە بەڵام کەم خایەن. بەڵام لایان وایە کە لێمۆ دەرفەتێکە بۆ وورەو بەگژداچوون وبەردەوام بوون. لەساتەوەختی پاکنووس کردنی ئەم ووشانەدابووم چاوم بە شیعرێکی خاتوو #کەژاڵ نوری# کەوت، جارێک ودووان خوێندمەوە و لێ تێرنەبووم، هەستم ئەکرد ناودڵ و هەستم لەگەڵ ووشەکانیا هاوتابوون بۆیە بەدروستم زانی ئەوەی لەهەناو و هەستما بوو بە چەند ووشەیەک بۆی بنوسم، چونکە ووشەکانی ئەو لەهەناوێکی ڕاستیەوە چرۆ ئەکەن، ئەشبێ بە هەمان تاڵە ئاوریشمی ووشەکانی کەژاڵ، پەتکی ووشەکانم لەگەڵیا سەودابکا؟ کەژاڵ نوری ئەڵێ
لەبێ تۆیدا ؛ خووم بەسێوفرێ دانەوە گرتووە
لەورۆژەوەی مالەکەت بەجێ هیشتووە
ئەوەندە بێ تۆم
ئەوسێوانەی ڕۆژانەئەیان کڕم، نایان خۆم
لەورۆژەوەی تۆ ڕۆشتویت
مالەکەم پرکردووە لەوردەمیخەک و
هەرجارێکیش کەسێوئەکرم
کامەی جوان بێت
دەیخەمە لاو
بەنیازدەبم ئەودانەت بۆ
مێخەک ڕێژ کەم
بۆیەهەمووسێوەکان ناخۆم وهەلیان دەگرم
ئەوسێوەخرو جوانانەی هەروەک دووسێوەکەی خۆم وان
بەجیا بۆتۆ عەمبار ئەکەم
دەمەوێ هەمویان وەک پەردەی کچێنیم بۆتۆبن
لەبەرئەوەی
لای من تەنیا بەتۆ ڕەوان
ئەوەتەی تۆرۆشتوی من سێویکم نەخواردووە
ئاخرتۆ کەرۆشتی هەرگیز نەهاتیەوەو
سێوەکانی منیش هەمووفالانتاینێک کۆن دەبن و
ناچاردەبم فرێ یان دەم
کەسم وەک تۆخۆش نەویست و
خەونی حەرامم پێوەنەبینی
کەسیش وەک تۆتێکی نەشکاندم و
فەتوای حەرام بونی سێوەکانی منی، نەدا
ئەوسێوانەی لەبێ تۆیدا، خووم بەکڕینیانەوە گرتووەو
رۆژانە میخەک ڕیژیان ئەکەم و
لەدواساتەکانی فالانتاینی هەمووسالێکیش دا
ناچاردەبم دانە دانە
لێ یان فرێ دەم
تۆ ڕۆشتیت ومنیش ئیتر سێوم نەخوارد
تۆرۆشتیت و منت ئەوەندە بێ خۆت کرد
لەبری گریان
پیشەم بووبەسێو فرێ دان
کەژاڵ نوری
دوای خوێندوەی ئەم شیعرەی خاتوو کەژاڵ ڕەنگ وتام و بۆنی سێۆم لەلا جیاواز تربوو، کە خاتوو کەژاڵ ئەبینم سەرقاڵ ئەبێ بە کێشە سیاسی وکۆمەڵایەتی یەکان- تا ڕادەی ماندووبون خۆی شەکەت ئەکا، کە نازی شیعرێکیش مان بەسەردائەکات وەک سمۆرە دڵ وهەستمان بەیەک جار دەستە مۆ ئەکا، سێوەکەی لای کەژاڵ نوری.. پاکانە بۆ میتۆلۆجیاکەی ئادەم و دابڕانی ئینسان ئەکا لە جاویدان و پارادۆسی. ئەگەر کەژاڵ شاعیر نەبێ ئەوا ژنێکی ئاشقە و لەدووریانی وڵاتێکی مەستا پێکە مەی بەسەر ئاشقە یاخیە لانەوەزەکانا ئەبەخشێتەوە. سێوێک لە مێخەک و ژنێک لەسێو دوا وێستگەی ژنێکی کوردە لە وڵاتێکی تاگەردن دەریا..ژنێک بەبوونی خۆی زیاتر بەهیچ شتێکی تر دەنگ بڵندو سەربڵند نیە…ووشەی شیعرەکانی خاتوو کەژاڵ لە شەکرەوە ئەخولقێن و لە تاڵاوی تەمەنی هەموو کەسێکی ماندووا ئەتوێنەوە[1].