وەرچەرخانێکی مێژوویی و مەزن له باشووری کوردستاندا هاتە ئارا، ئەمەش وای کرد کە هەندێک شتی نوێ بێنە بەرهەم. بۆ یەکەمین جار سەتەلایتی (کوردستان تی ڤی) لە سەرەتای 1999 پەخشی ئەزموونیی خۆی دەست پێ کرد، دەزگاکە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دامەزرا و یەکەمین کەناڵی ئاسمانیی باشوور و بگرە عێراقیش بوو، دواتر (کوردسات)ی سەر بە #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#یش وەک کەناڵێکی ئاسمانی دەستی بە پەخشی خۆی کرد، ئەمەش زۆر لە شتەکانی ساناتر کرد، لەوەبەدوا هەواڵ و چالاکی و جموجۆڵەکان لە باشووری کوردستانەوە دەگەیشتە لای ئێمه، هەموو کوردانی تاراوگە بینەری ئەم کەناڵانه بووین، چونکە وابەسته بوو بە باشوور بەتایبەتی و ئه و گۆرانکارییە خێرایانەی ئه و دەمه، ئەمەش وای کرد زۆرتر بەئاگا بین، لە هەواڵ و گۆرانکارییەکان لەگەڵ ئەوەشدا هاندەرێک بوو بۆ زیندووکردنەوەی زۆر چالاکی و بۆنە نەتەوەیی و کوردییەکان و لەگەڵیشیدا بوارەکانی هونەری و میدیایی کوردستانی زیاتر پێش کەوتن. دوابەدوای ئەوە من لە جیهانی خوێندن و خۆگونجاندن لەگەڵ ژیانی تاراوگە خۆم دۆزییەوه، دوای چەند ساڵێک خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامه و بینینی چەندین کۆرسی جیاواز لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و ڕاگەیاندن و کارگێڕییدا، هەگبەیەکی پڕ ئەزموونم بۆ خۆم دەستەبەر کرد، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کات دانەبڕام له و کار و چالاکییانەی کە ڕەوەندی کورد له بەلجیکا و وڵاتانی دراوسێی بەلجیکا سازی دەکردن.
تا دەهات گۆڕانکاریی ناوچەیی زیاتر و پڕبایەختر دەبوو، باش دێتە یادم ئەوکات من تازە ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)م بیستبوو، کاتێک کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستگیر کرا، خۆپیشاندانێکی بەرفراوان ڕێک خرا له بەلجیکا، ئەودەم زیاتر بە ڕەوشی سیاسیی باکووری کوردستان ئاشنا بووم و ناوی ئه و سەرکردەیەی پەکەکەم بیست و بە باشی ناسیم کە #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# کێیه. دوای بەشداریکردنم له و چالاکییانەدا زیاتر چوومە نێو ڕەوەندی کوردەوە، بە تایبەتی چالاکییەکانی ئه و ڕێکخراوانەی کە سەر به پەکەکە بوون له بەلجیکا، ڕاستە بە ئێستاشەوە نەمتوانی لەنێو ئایدۆلۆژیای پەکەکەدا خۆم بدۆزمەوە، وەلێ توانیم وەک کوردێک هاوکار و پشتوانیان بم له و چالاکییە کوردییانەی کە ڕێکیان دەخستن. ساڵ دەڕۆیشت و ساڵ دەهات، ئیدی تاراوگە بووبووە مەنزڵگایەک بۆم، بژارەی ترم لە بەردەم نەبوو جگە لە برەودان بە ژیان و خۆگونجاندن لەگەڵ ژیانی نوێ، هەرچەندە تا هەنوکەش من بە ڕۆح و هەناسەی کوردستانیانەوە دەژیم و هەر چالاکییەکی کوردستانی لە هەر شوێنێکی بەلجیکا پێویستی به من بێت من لەوێم.
دەگەڕێمەوە بۆ هەواڵ و بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکانی ئەودەمی (کوردستان تی ڤی) و (کوردسات) و (مەد تی ڤی)، بۆ من ئەوەی زۆر تامەزرۆی زانینی بووم، هەواڵەکانی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی ژێردەستی بەعس بوون، زۆر جار ڕاپۆرت و وێنە و یادەوەریی کەرکووکییان پیشان دەدا، لەلایەک دڵم پێیان دەکرایەوە و لە لایەکی دیش زۆر خەمبار و بێ حەوسەڵە دەبووم، بیرم لەوه دەکردەوە داخۆ تا کەی ئه و کەرکووکەی که من ئاشنا بووم پێی، پڕ بزاڤ و پڕ شوناسی کوردایەتی، پڕ بەهای ڕەسەنی کوردی، لەژێر چەپۆکی بەعسیەکاندا بناڵێنێت؟
هەموو کوردانی تاراوگە تامەزرۆی گەڕانەوه بوون بۆ نیشتمان و بینینی کەسوکاریان، وەلێ به ڕێگایەکی ئێجگار سەخت و ناقۆڵا، پڕ ئاستەنگ و دژواری، مەترسیی بڕینی سنوورەکان ئێران، تورکیا و سووریا. منیش وەک هەر کوردێکی تاراوگەنشین بۆ یەکەمین جار لەدوای ساڵانێکی زۆر گەڕامەوە بۆ کوردستانەکەم. یەکەم سەفەری من لە ساڵی 2000 بوو لە ڕێگەی سووریاوه، مەینەتیی ڕێگا، ئازار و لەمپەر دروستکردن لە هەموو جێگەیەک بەرۆکی دەگرتم، لە دامودەزگاکانی فڕۆکەخانه و سنوور، ڕەفتاری خراپی پیاوانی بەعسی سووریا، بەرتیل وەرگرتن و دواخستن و جەنجاڵی دروستکردن له و دیاردانه بوون که ئێجگار بێزارکەر بوون، هەرچەندە زۆر لە گەشتیار و سەرنشینەکان ڕەگەزنامه و پاسپۆرت ئەوروپییان پێ بوو، بەڵام لەبەرئەوەی کورد بووین و گەشتەکانمان بۆ کوردستان بوو، مامەڵەیەکی توند و نامرۆڤانەیان لەگەڵ دەکردین، هەندێک جار بەبێ هیچ هۆکارێک و بە هەوەسی خۆیان بۆ چەند ڕۆژێک سنووریان دادەخست تا ئه و کاتەی خۆیان بیانویستایە دەیانکردەوە، ئەمەش بۆ تەنگەتاوکردن و د ڕەنگخستنی ئێمە لە لایەک و وەرگرتنی بەرتیل لە لایەکی دیکە، به و هەموو گێرمه و کێشە یەوە لە #زاخۆ#ی دەلالەوە چوومەوە باوەشی نیشتمان، ئەوکات من چیدی تەنیا کچە بچکۆلە تاقانە و نازدارەکەی دایە و بابە نەبووم، بەڵکوو خۆم بووبوومە دایک، کچەکە م (ڕۆزە) تەمەنی یەک ساڵ بوو، زۆر ماندووی ڕێ بوو، کە گەیشتمە سەر سنوور من و ڕۆزەیان بینی کە چەند ماندووین، بەرپرسی خاڵی سنووریی کوردستان کە پێشمەرگەیەکی کورد بوو، بە زمانی شیرینی کوردی پێی گوتم: ”لەم بەرهەتاوە چاوەڕێ مەکە و خۆت و منداڵەکەشت ماندوو مەکە، بچنە ژووری حەوانەی خۆمان“، کاتێک چوومە ژورەکەوە، جێگە ڕاخرابوو دیار بوو ژووری خەویان بوو، کچەکەم ماوەیەکی باش خەوی لێ کەوت و منیش بەدیاریەوە دانیشتم، تا خەبەری بووەوە هاوسەرەکەشم خەریکی مامەڵەی ڕەسمیی هاتنە ژوورەوەی خاکی نیشتمان بوو، ئه و هەستە جوان و کوردانە و مەردانەیەی ئه و برا پێشمەرگەیەم هەرگیز لە یاد ناچێ.
دواجار لەدوای بڕینی ڕێگایەکی دوور و درێژ پاش ساڵانێک دابڕان و دوورەوڵاتی، گەیشتمەوە #سلێمانی#، ئه و دەمە وەک ئێستا مۆبایل تەشەنەی نەکردبوو، تەنیا تەلەفۆنی نۆرماڵی ماڵان بەکار دەهات، هەر بۆیە کەسوکار هەر لە چاوەڕوانیی مندا بوون، کاتێک گەیشتمە ماڵ، ئای چ هەستێکی خۆش بوو، گریان و فرمێسکی خۆشی، ئای ماڵەکەمان چەند خۆش و ئاوەدان بوو، نەنک و باپیر و پوور، هەموو لە کەرکووکەوە هاتبوون، ئێستاش بۆنی پرچ و ئامێزی دایکمم لە یاده، کە ماچم دەکرد... ئاخر من دوای پێنج ساڵ دووری، بە دوو باوەشی زۆر گەرم شاد بوومەوە؛ نیشتمان و دایک... چەند خۆشەویست و مەزنن.
لەدوای ئەوە، ڕۆژانە خزم و کەسوکاری کەرکووکم پەیتا پەیتا دەهاتن بۆ لام، وەلێ زۆریش لە خەمی ئەواندا بووم، چونکە بەئاسانی هاتوچۆیان بۆ نەدەکرا، ڕاستە هەندێ ئاسانکاری کرابوو و هاتوچۆ وەک ڕۆژانی سەرەتای ڕاپەڕین نەبوو کە بە لۆری هاتۆچۆیان دەکرد، بەڵام کەسوکارم مەینەتییەکانی ڕێگای کەرکووکیان بۆ باس دەکردم کە پیاوانی ڕژێمی بەعس چەند ئستیفزازیان دەکردن کاتێک لە سلێمانییەوە دەگەڕانەوە بۆ کەرکووک، هەر لە منداڵیمەوە ئەو بڕوایەم لا جێگیر بوو کە ئەوانەی هەڵگری ئایدلۆژیای بەعسن، دوورن لە مامەڵەی مرۆڤانه و چێژ لەوە وەردەگرن کە ئازاری خەڵکی بدەن و مەینەتی بۆ کەسانی دی دروست بکەن.
دوای تیپەڕبوونی چەند ڕۆژێک، زۆر چیرۆک و سەرگوزشتەی ئەو ساڵانەم بەر گوێ دەکەوت کە من لە وڵات دوور بووم، نەخاسمە تاڵاوی شەڕی براکوژی و حەرامکردنی شوێن و شار و شارۆچکە و گوند لە یەکتری و ئه و ئاڵوگۆڕە دەسەڵاتییانەی کە لە کوردستاندا ڕوویان داوە، لەگەڵ ئەوەشدا باسی ئارامیی دوای ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی و چەکەرەکردنی گیانی یەکدی قبووڵکردن دەکرا، لەبیرمە باوکم هەندێک شتی بۆ گێڕامەوە و پاشان گوتی: ”ئه و سەردەمه تاڵە بەسەر چوو، ئیدی خەڵک هۆشیار و ژیرن به تەپڵی هیچ کەسێکی دی کورد خوێنی کورد ناڕژێت“. ئه و دەمە زانیم هەنگاوەکانی پێشکەوتنی کوردستان پلە بە پلە بەرز دەبنەوە و خەڵکی خوازیاری ژیانێکی مەدەنییه و هێدی هێدی دوور دەکەونەوە لە توندوتیژیی سیاسی. لە دیدی منەوە گۆڕانکاریی زۆر باش هاتبووە کایەوه لە زۆر لە بوارەکاندا، هەرچەندە کەموکوڕی هەبوو، وەلێ لە دوای شەڕ، پێنگاڤی زۆر باش نرابوون.
گوڕانکاریی سیاسیی ناوچەکه لە لایەک، سەرکێشییەکانی سەرتۆپی دەسەڵاتی بەعسییەکان (سەدام حسێن) و هەروەها لاوازی و پەرتەوازەیی عێراق ئه و سیگناڵەی نیشان دەدا کە ئەم ناوچەیە به و شێوەیە نامێنێتەوە و گۆڕانکاریی ڕیشەیی ڕوو دەدات، ئیدی کەم تا زۆر لەوە حاڵی بووم کە گۆڕانکاریی مەزن بەڕێوەیه و دەکرێت ئەمجارەیان تای تەرازووی سیاسەتمەدارانی کورد لە باشوور زۆر سەنگین بێت و بتوانن ببنە چەقی بڕیاردان بۆ داهاتووی عێراق بە تایبەت لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی عێراقیدا[1].