خێزان لە تاکی ئازادەوە، کۆمەڵگاو سیاسەتیش لە خێزانی مەدەنییەوە دیموکراتیزە ئەکرێن. لەناو کولتوری (خێڵەکی دینی)شدا، تاک هەر مەوزوع نیەو یارییەکە یەکسەر لە خێزانەوە دەستپێئەکات! لە غیابی تاکیشدا، خێزان دامەزراوەیەک نیە سەربە ئازادی، بەڵکو سەربە جەبری کۆمەڵگایەو کۆمەڵگاکەش پیاوسالارە، ئیتر خێزانیش دامەزراوەی باوک و کوڕە.
ئا لێرەوەیە کە حیزبی ئێمە، لەبری سەرۆک (باوکی سیاسی) هەیەو دواتریش ئەبێ بە هی کوڕ. ئا لێرەوەیە کە عەقڵیەتی خەڵکیش ئامادەیە بۆ هەزمکردنی ئەو حاڵەتە، چونکە شتێکی نائاسایی ڕووینەداوە، هەر ئەوەیە ڕوویداوە کە ڕەنگدانەوەی واقعی کۆمەڵگایە! (جا بۆئەوەی واقعە سیاسییەکە بگۆڕین، ئەبێ واقعە کۆمەڵایەتییەکە بگۆڕین.)
کۆمەڵگای دیموکرات تاکەکانی ڕابیتەی هاوڵاتیبوون پێکیانەوە ئەبەستێ و یاسا حەکەمە، کۆمەڵگای خێڵەکی ڕابیتەی خوێن پێکیانەوە ئەبەستێ و نەریت حەکەمە، تا پاشەکشێ بە نەریت نەکرێ لەبەرژەوەندی یاسا، قسەکردن لە هاوڵاتیبوون و دیموکراسی تەنیا شیعارات و فشەی سیاسییە.
تۆ کە بەمدەس چەک ئەبەخشیتەوەو بەودەس خێڵ ئەبوژێنیتەوە، ئەم دووانە کۆکەرەوە ڕێک ئەکاتە کوشتن و دوژمنداری! چونکە لە نەریتی خێڵدا پەنابردن بۆ یاسا لاوازیی و عەیبەیەو کاری دروست و نەریتیی ئەوەیە کە خۆت بێیتەدەست. (یەعنی خێڵ و سەروەری یاسا پێکەوە ناگونجێن و تۆ ئەبێ یەکێکیان سەروەرکەیت.)
خێڵ و خوێن یەکێکە لە ئەستورترین دەمارەکانی دەمارگیری، پێکەوەژیانیش یەعنی خاوکردنەوەو کاڵکردنەوەی ئەم دەمارو حەساسیەت و ئینتیما بچوکانە لەبەرژەوەندی پێکەوەژیان و ئینتیمای گەورەتری نیشتمانیی ئینسانی گەردوونی.. (یەعنی خێڵخوازی و پێکەوەژیان، پێکەوە ناگونجێن و تۆ ئەبێ یەکێکیان هەڵبژێریت.)
نەتەوە بە مانا مۆدێرنەکەی یەعنی یەکخستنی شوناس، تۆ کە خەریکی پەرتکردن و وردکردنەوەی شوناسیت بۆ خێڵگەری و ناوچەگەری.. ئیتر ناسیۆنالیزم و دەوڵەتی چی؟
دیموکراسی پێشئەوەی پرۆسەیەکی سیاسی بێت، پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتییە، کاتێ دیموکراسی لە هەڵبژاردندا کورت ئەکرێتەوە، ئیتر دیموکراسی ئەبێتە درۆ.
هەڵبژاردن نەتیجەو تەحسیڵ حاسڵە، کە خوارەوە دیموکراتیزەکرا، لەسەرەوە دەساودەس و هەڵبژاردن ئەبێ بە زەرورەت و خۆی ڕووئەدا.. بەڵام کە کاری خوارەوە نەکرابوو، ئیتر هەڵبژاردن ئەبێتە کەڤەرو واقعێکی نادیموکراتی لەپشتەوە ئەشاردرێتەوە.
(تاک لە پەروەردەوە دەسکاری ئەکرێ و خێزان لە قانونی ئەحوال شەخسییەوە) تاکو دین لە پەروەردەو یاسا دەرنەهێنرێ، کۆمەڵگای دیموکرات دروست نابێ.
ناکرێ خێزان دینیی بێ و دەوڵەت مەدەنی بێت، ناکرێ پەروەردە دینیی بێ و تاک ئازادبێت، ناکرێ کۆمەڵگا خێڵەکی بێ و سیاسەت دیموکرات بێت..
جا ئەگەرچی فرەحیزبیمان هەیەو هەمووشی هەر لافی دیموکراسی لێئەدا، بەڵام ئێمە هێشتا حیزبی دیموکراتمان نیە، چونکە حیزبێکمان نیە کار بۆ تاک بکات، هەمووی کار بۆ قەرەباڵغی ئەکات! حیزبێکمان نیە باسی دەسکاریکردنی پەروەردەو خێزان و دەستوری مەدەنی بکات، هەمووی هەر خەریکی موجامەلەی مەلاو خێڵە، بەمەش هەر کولتوری نادیموکراتی قووڵئەکەنەوە!
دیموکراسی لە دەسکاریکردنی عەقڵەوە دەستپێئەکات نەک لە دەسکاریکردنی دەسەڵاتەوە، دەسکاریکردنی عەقڵیش دەسبردنە بۆ ئەو شتانەی کە کۆمەڵگا دەقی لەسەرگرتووە، نەک دەستپێوەگرتنی لەپێناو کۆکردنەوەی حەشامەت!
حیزبی ئێمە هەموویان ستایشی موقەدەسەکانی ناو دۆخی مەوجود ئەکەن، گۆڕانکاریش لە خستنە ژێرپرسیاری ئەم موقەدەسە نەریتییانەوە دێتە گۆڕێ.. ئیتر هەمووشیان حیزبی مانەوەی دۆخەکەن نەک حیزبی گۆڕانی دۆخەکە، حیزبی دەسەڵاتخوازین نەک پێشکەوتنخوازی.
ئەگەرچی فەساد ئێمەی هیلاککردوە، بەڵام ئەمە ڕەگ نیەو پەلی کێشەکەیە، کۆکردنەوەی هەموو گۆڕانکاریی لە دژایەتی فەسادی ئیداری و ماڵیدا خۆی لەخۆیدا فەسادە!
گۆڕانکاری ئەوەیە کە لە ڕەگەوە لە فەسادبدرێ، ڕەگی فەسادیش عەقڵی نەریتییە، تا لەو ڕەگە نەدرێ دەوڵەتی یاساو هاوڵاتی دروستنابێ.
سەیرکە ئێمە دژی ژنکوژیین، ژنکوشتنیش نەریتێکی کۆمەڵگای پیاوسالارییە، پیاوسالاریش هێز لە خێڵ و تێگەیشتنە باوەکەی دینەوە ئەهێنێ، دەی تۆ کە بەردەوام ستایشی مەلاو خێڵ بکەیت، ئیتر درۆیە دژی ژنکوژیی بیت!
ئەمەی باسی ئەکەم ڕەتکردنەوەو سڕینەوەی دین و خێڵ نیە، بەڵکو دانانی بناغەیەکە بۆ یەکترقبوڵکردن کە دواتر خودی دین و خیڵیش لێ ی بەهرەمەند ئەبن. نەک دۆخەکەی ئێستا، کە نەریتی خستۆتە مەوقیفی سڕینەوەوە بەرامبەر دیدەکانی تر، دیدەکانی تریشی خستۆتە سەنگەری سڕێنەوە بەرامبەر نەریت!
لە خێزانا باوک هەیەو لە خێڵدا باوک هەیەو لە حیزبا باوک هەیە.. کاری پەروەردە پووچکردنەوەی ئەم سیستەمی باوکایەتییەیە، نەک ئەوەی خودی مامۆستاش باوکێکی تربێ و پەروەردە باوکسالارییەکە قووڵبکاتەوە!
کاری پەروەردە فێرکردن نیە، ئازادکردنە، ئەوەی لە پەروەردەی وەرئەگریت پێش زانست، ئەبێ ئازادیی بێت.
پەروەردە ئەبێ پرسیار دروستکەربێت نەک وەڵام تێخەر، پەروەردە فێری پرسیارت نەکات، دواتر ناتوانی شتەکان بخەیتە ژێر پرسیارەوە!
پەروەردە فێری گومانت نەکات، دواتر هەمیشە پێتوایە ئەویتر گەمژەیە، قەت گومانێک لە گەمژەیی خۆت ناکەیت، لێرەشەوە تا خوێنەوارتربیت دەمارگیرترئەبیت!
پەروەردە فێری حیوارت نەکات، ئیتر فێری پێکەوەژیان نابێت، چونکە وائەزانیت جیاوازیی لادانەو ئەویتر لادەرە.
پەروەردە ئەبێ ترسشکێن بێت، نەک ئەوەی دوای خێزان دامەزراوەی دووەمی دەمکوتکردن بێت. پەروەردە بتشکێنێ ئیتر ناتوانی دەسکاری ستەمکاریی بکەیت و بەردەوامیش بەرهەمی ئەهێنیتەوە، چونکە ستەمکاری بەرهەمی مرۆڤی شکێنراوە.
پەروەردە ئەبێ خودی گەشەپێدانی مرۆیی بێت، گەشەپێدانی مرۆیی ڕاستەقینە، نەک ڤێرژنە تازەکەی بانگخوازیی ئەوەی کە دوای پێچەبەدەورەیەک دیسان شتەکە ئەباتەوە بۆ لای دین!
پەروەردەو گەشەپێدان و مرۆڤسازی.. هەموو شتەکان و لەناویا دینیش ئەباتەوە بۆ لای عەقڵ و ژیان و تۆلێرانس و ناجیاکاریی.
پەروەردە بە شێوازی ئینزیباتی و سەربازیی و وەعزو تەڵقین.. خۆی لەخۆیدا بۆمبی چەمانەوەیە، کەچی لەناویدا لوغمێکی تری چەمانەوەش دانراوە کە دینە!
ئیتر لەوێدا بیگ بانگێکی بڤەو پرسیارنەکردن و ترساندن و بیرنەکردنەوە.. بە مناڵێکی بچوکدا ئەتەقێتەوەو تەواوی داهاتووی بە ئاقارکی خراپدا ئەباو ئەیکاتە مرۆڤێکی تەسلیمبووی کولتور، نەک مرۆڤێکی بەرهەمهێن و دەسکاریکەری کولتور.
مناڵ کە ئەم لوغم و بۆمبانەی پەروەردەی پیاتەقییەوە، دواتر ناتوانێ لوغمەکانی تری چەمانەوە، لەبابەتی خێڵ و حیزب و ئایدۆلۆژیا.. پوچبکاتەوە.
دەرهێنانی ئەم لوغمە لە پەروەردەدا دژایەتی دین نیە، دین هیچ خەتەرێکی لەسەر نیەو تۆ کە لە پەروەردەدا بەر دین نەکەویت، دواتر لە کۆمەڵگادا هەر بەری ئەکەویت، بەڵام ئەوکات بە (بیرێکی فروانەوە)، کە ئەمەش باشترین بەرکەوتنە!!
چونکە خوایەکی گەورەو گران و شتێکی گرنگ و کاریگەری وەکو دین، ناکرێ لە ڕێگەی تەسک و داخراوەوە بۆی بڕۆیت، ئەبێ لە ڕێگەی کراوەو فروانەوە بۆی بچی، ڕێ ی کراوەو فروانیش تەنیا لە بیری فرواندایە، بیری فراوانیش تەنیا لەو عەقڵەدایە کە لەسەرەتادا لێ ی نەدراوە، سەرەتاکەش پەروەردەیە[1].