چەنێکە هاتوهاواری ئەوەمانە (ئێمە پێویستمان بە ئەخلاقێکی سیاسی ترە نەک بە هێزی سیاسیی تر)
چونکە ئەخلاقی سیاسی مەوجود کە پارتی و یەکێتی نوێنەرایەتی ئەکەن، تا ئاستی سفرو خوارتریش دابەزیوەو لەناو ئەم ئەخلاقەشدا تەنیا بواری ئەوە هەیە کە مونافەسەی بێئەخلاقیی لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا بکەیت!
لەناو ئەم ئەخلاقەدا یەک ڕێگا هەیە بۆ ئەوەی یارییەکە لە پارتی و یەکێتی ببەیتەوە، تەنیا ئەوەی کە لە پارتی و یەکێتی بێئەخلاقتربیت!
خراپترین شت کە موعارەزەی ئێمە کردی، ئەوەبوو کە دژایەتی پارتی و یەکێتی کرد بە (فەزیلەتی سیاسی) لەکاتێکا دژایەتی خودی پارتی و یەکێتی فەزیلەت نیە، دژایەتی ئەخلاقی سیاسی پارتی و یەکێتی فەزیلەتە!
پێشتریش لە شۆڕشدا هەمان هەڵەمان کرد، دژایەتی بەعسمان کرد بە فەزیلەت نەک دژایەتی ئەخلاقی بەعس، بۆیە دواتر هەمان ئەخلاقی بەعسمان کۆپی و دووبارەکردەوە.
کاتێ بەرامبەر پارتی و یەکێتی ئەوەستیتەوە، ئەشێ تۆش هەر پارتی و یەکێتییەکی تربیت، بەڵام کاتێ بەرامبەر ئەخلاقیاتی پارتی و یەکێتی ئەوەستیتەوە، ئیتر تۆ پێویستە هەڵگری ئەخلاقێکی سیاسی تربیت و ئەمەشە کە ئەتکا بەشتێکی جیاواز لە پارتی و یەکێتی!
سەیرکە چونکە دژایەتی پارتی یەکێتی بووە بە فەزیلەت، ئیتر هێزی سیاسی و کەسانی وا پەیائەبن، کە تەنیا لەبەرئەوەی دژی پارتی یەکێتین(هەڵبەتە ئەگەر دژایەتییەکەش ڕاستی بێت) ئیتر ئاساییە هیچ سنورێکی ئەخلاقییان نەبێت، چونکە لای ئەوان ئەخلاقی هەرە باڵا دژایەتی پارتی و یەکێتییە نەک خودی بەها ئەخلاقییەکان!
هەموو مێژوی جەلالی و مەلایی، کە مێژوی شکاندنی یەکترە، بەقەت ئەم چەن ساڵەی دوای دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن کەسایەتی یەکتری تیانەشکێنرا! چونکە هەموو ئەخلاقی سیاسی کورتکرایەوە لە دژایەتی پارتی و یەکێتیداو لێرەشەوە مەساحەیەکی فراوانی بێئەخلاقی سیاسی هیچ باجێکی لەسەر نەما.
ئەخلاقی سیاسی ئێمە هەر لە ڕۆژی یەکەمدا کەوت کە بە تاڵانیی دەستمان پێکرد. دژایەتی ئەم ئەخلاقە کەوتووەش، لەو ڕۆژەوە بەلاڕێداچوو، کە دژایەتی پارتی و یەکێتی بووبە هەموو فەزیلەتی سیاسی!
یەعنی ئەخلاقی سیاسی ئێمە لەبری جارێک دووجار کەوتووەو هەستانەوەیەش بە دواکەوتنی دەنگەدەنگێکی تر نابێت، کە چەن ساڵ جارێک دووبارەی ئەکەینەوە، بەڵکو بە هەڵوەستەو بێدەنگی و بیرکردنەوەیەک.
بیرکردنەوەیەک کە چاومان بکاتەوە هەموو مێشەکانی سەر زبڵەکە وەکو خۆی ببینین و چیتر هەنێکیمان لێنەبێت بە پەپوولە.
بیرکردنەوەیەک وابکات کە تەنیا خۆمان لە زبڵەکە دەرکەین، نەک ئەوەی لە خەیاڵپڵاویی پاککردنەوەی زبڵدانەکەدا هەمیشە خۆمانی تێنێین!
بیرکردنەوەیەک کە دواترو لەوسەرەوە، بمانخاتە سەر هێڵی پاککردنەوەی کۆی زبڵەکەو مێشەکانی سەری، نەک ئەوەی ئیشی ئێمە هەرئەوەبێت چەنساڵ جارێک مێشێک ئیزافەبکەین بۆ سەر زبڵەکە!
ئێمە پێویستمان بە پاکبوونەوەی سیاسییە، پاکبوونەوەش بەوەنابێت کە لەگەڵ مێشا بچین گوو پاکبکەینەوە، ئەمە خودی پیسبوونە!
پاکبوونەوە ئەوەیە کە خۆمان لە مێشەکان پاکبکەینەوە[1].