دین بیەوێ و زانست نەیەوێ، عەدالەت ئەوەیە کە دنیایەکی تر هەبێت، چونکە ئێرە دنیای خۆمان نیە، دنیای ماسکەکانمانە!
حەقیقەت ئەکەوێتە پشتی ماسکەکانەوە، قەراریش نیە ماسکەکان لاچن بۆئەوەی حەقیقەت دەرکەوێ، چونکە ماسکەکە ژیانەو ئێمەش لێرەین بۆ ژیان نەک بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت.
حەقیقەت ئەو وەهمەیە کە پێیناگەین، کەچی ناومانناوە حەقیقەت و پێ ی ناڵێین وەهم!
ماسکیش ئەو حەقیقەتەیە کە ئاشی ئەم ژیانە ئەگێڕێ، کەچی بە وەهم و درۆی ئەزانین و ئەمانەوێ بیخەین!
جا ئەگەر حەقیقەتێک هەبێت، ئەم گەمژەییەی ئێمەیە، چونکە ماسک بخەیت وەک ئەوەیە ژیان بخەیت.
ماسک نە ئیجابییە نە سلبییە، پێویستی و تەبیعەتی ژیانە، ئێمە ئەوکاتەشی کە باشین و ئەوکاتەشی کە خراپین، هەر ماسکدارین، چونکە دۆخی بێ ماسکی بوونی نیە!
بێ ماسکیی ئەشێ عالەمی ڕۆح بێت، لەناو جەستەدا ئیتر ئێمە لەناو ماسکاین، چونکە خودی جەستە، ماسکی یەکەمەو ماسکی ڕۆحی ئێمەیە.
ئەگەر بێ ماسکی بەرائەتی مناڵیی بێت، ئایا کەس ئەتوانێ ڕێگربێ لە گەورەبوونی خۆی؟
ئەگەر بێ ماسکی جۆرێک لە دینداریی بێت، ئایا هیچ دیندارێک ئامادەیە بەنهێنی دینداری بکات و نەیفرۆشێتەوەو نەیکات بە ماسکێکی کۆمەڵایەتی؟
تەنانەت عیرفانیش حەقیقەتی ئێمە نیەو ئەویش هەر جۆرێکە لە ماسک، بەڵام ئەشێ جوانترینی ماسکەکان بێت، چونکە بێنیازترینیانە.
ئەگەر بێ ماسکیی ئازادی تاک بێت، ئایا تۆ کاتێ مومارەسەی ئازادییەکانت ئەکەیت، خۆت ڕازی ئەکەیت یان ماسکی جەماعەت ئەبەستی و ئەوان ڕازی ئەکەیت؟؟ بۆ مەگەر لە ئازادیشدا هەر ئەو شتانە ناکەیەتەوە کە باویەتی و ئەوانی تر ئەیکەن؟
تەنانەت مردنیش ماسک ناخات، بۆیە زیندووبوونەوەیەک گرنگە!
ئاخر دوای مردنمان، هێشتا ماسکەکانمان هەر ماوەو خەڵک هێشتا هەر ڕەحمەت یان لەعنەتی بۆ ئەنێرن!
تەنانەت زەمەنیش دەرەقی ماسک نایەت، چونکە هەنێجار ماسکەکانمان ئەبێتە حیکایەت و جیل لە دوای جیل بۆ یەکتری ئەگێڕینەوە.
دواجار ماسک ئەبێ خودایەک بیخات، ئاخر کابرای ڕیاباز کە لای ئێمە پیاوچاکە، ئەگەر خوا ئەم ماسکەی نەخات، ئیتر ئەم ماسکە خۆی ئەبێ بە خواو بە شتێکی ئەبەدی!
سەیرکە مەوزوعەکە ماسکە، کەچی سەری لە خوداوە دەرچوو! یەعنی قەت بەو درۆیەی کاهینەکان بڕوا مەکە، کە تەنیا دین بتباتەوە بۆ لای خودا! لەڕاستیدا دین تەنیا ئەتبا بۆ لای ئەوان نەک بۆ لای خودا.
هەڵبەتە دینیش ڕێگایەکە، بەڵام دوای ئەوەی کە بە بیری خۆت لە پۆخڵەواتی کاهین پاکیئەکەیتەوە! یەعنی ئاگاداربە، دین شتێک نیە تۆ ڕزگاربکات، دین شتێکە تۆ ڕزگاری ئەکەیت!
بێماسکی ڕۆحە لە تەنیاییدا، ئێمەش لە جەستەداین و لە کۆمەڵگاکادا! ژیانی کۆمەڵایەتیش بە پێ ی کات و شوێن و زروف، بەردەوام ماسک و خۆگونجاندنی ئەوێ.. بۆیە کاتێ ئیدیعای بێ ماسکیی ئەکەین، لەڕاستیدا درۆیەک ئەکەین!
ئەوەی کە ماسک وەکو شتێکی ناشرین وێنائەکرێ، ئەوە جگە لەوەی درۆیە، جۆرێکیشە لە ماسک! هەر خودی ئەوە ماسکێکەو هەنێجار پێویستە بیبەستین و وابڵێین!!
گرنگە ماسک و درۆ لەیەک جیابکەینەوەو تێکەڵێ نەکەین، ماسک کە بووبە درۆ، ئیتر ماسک نامێنێ و ئەوکاتە خراپە، نەک ئەوەی ماسک بە ڕەهایی خراپبێ و درۆبێت! ماسک بە ماسکیی درۆ نیە، ڕاستییە!
ژیان هیچ نیە جگە لە هونەری بەستن و گۆڕینی ماسکەکان، ئێمەش بۆئەوەی بژین پێویستمان بە ماسکە، چونکە لەدنیای ئێمەدا ماسک حەقیقەتە!
مادام ژیان حەقیقەتەو هەموومان بەناویدا ئەڕۆین، مادام تەنیا بە ماسکیشەوە ئەتوانین بەناویدا بڕۆین، کەواتە ماسکی من حەقیقەتی منەو دەموچاوم وەهمەکەیە.
سەیرکە ئێمە پێمانوایە ماسک خیانەتە لە هاوڕێیەتی، بەڵام ئەگەر ماسک نەبووایە قەت بەقەت ئێستا تەحەمولی یەکمان نەئەکردو هاوڕێیەتیمان ئەونەی نەئەخایاند، ڕەنگە هەر دروستیش نەبووایە!
من ماسکی خۆمم خۆشئەوێ و ئامادەم ڕۆژی دە دانە فریدەم و ببەستمەوە، بۆ ئەوەی دە جار لەگەڵ تۆدا خۆم بگونجێنم و ژیانێکی باش بەڕێبکەین.. خۆ ئەگەر ماسک نەبێ، بەدەموچاوی خۆمەوە، ڕەنگە هەر دووجار تاقەتی ئەوەم هەبێت.
تۆش ئەو تاقەتەی لەگەڵ ماسکەکەما هەتە، هەرگیز لەگەڵ دەموچاوی خۆمدا ناتبێت، بۆیە قەدری ماسکەکەم بزانەو مەیخە.
یەکترقبوڵکردنیش یەعنی قبوڵکردنی بەرامبەر وەکو خۆی، وەکو خۆشی یەعنی ئەو بە ماسکەکانیەوە، چونکە ئەو لەدەرەوەی ماسکەکانی بوونێکی نیە[1].