ئەگەر زانین سەرەتایەکی هەبێ، نازانمە، ئەوە نازانم و نەزانینە، کە دواتر ئەبن بە زانین و زانیاری. ئەگەر جەهلیش کۆتاییەکەی هەبێت، گەڕانەوەیە بۆ ئەو سەرەتایەی زانین، یەعنی بۆ نازانم!
عەیبەیی نازانم، ئەزانمێک بەرهەم دێنێ، کە ئەونەی ئەزانمی لابردنی عەیبەکەیە، ئەونە ئەزانمی زانین نیە! ئەونەی وەڵامدانەوەی کۆمەڵگاو ڕازیکردنی ئەوە، ئەونە وەڵامدانەوەی مەعریفەو ڕازیکردنی عەقڵ نیە! لێرەشەوە ئیتر زانین لە خودی خۆیدا مەوزوع نیە، لە ڕازیبوونی ئەودا مەوزوعە! لێرەشەوە ئیتر جەهل دەستپێئەکا، چونکە جەهالەت هەر ئەوەیە کە زانین جگە لە عەقڵ، لەسەر شتێکی تر وەستابێت!
ئیتر تۆش هەر بەوە ئیکتفا ناکەیت، کە درۆ لەگەڵ خۆت بکەیت و نازانمێکی ڕاستەقینە، بە ئەزانمێکی موزەییەف پینە بکەیت.. بەڵکو ئیتر وەهمی زانینت لادروستئەبێ و هەر بەجدیی وائەزانی ئەزانیت! چونکە کە لە باوی کۆمەڵگادا نازانم هەڵەبوو، ئیتر تۆ بزانی و نەزانی، هەر وەڵامە ڕاستەکە هەڵبژێریت کە ئەزانمە.
کۆمەڵگای دواکەوتوو، نازانم تێیدا عەیبەو هەمووان هەموو شتێک ئەزانن، چونکە کەسایەتی تاک شکاوەو شکاویی خۆی بە شتی تر پڕئەکاتەوە، مەسەلەن بە ئەزانمی بەردەوام و نەزیفی قسە!
کۆمەڵگای پێشکەوتوو، تاکەکانی ئازادن و نەشکێنراون و نەچەپێنراون.. ئیتر کەسایەتی خۆی پڕەو پڕکردنەوەی ناوێ.
ئیتر نازانمیش ئاساییەوە بەوپەڕی متمانەبەخۆبوونەوە ئەوترێ، ئەم نازانمانەش پاشەکشێیەکی باش بە زمان و قسە ئەکەن لەبەرژەوەندی عەقڵ و بیرکردنەوە، لەم بیرکردنەوەیەشەوە ئیتر ئەوان دواناکەون و بەردەوام پێشکەوتنی خۆیان بەرهەم ئەهێننەوە، وەکچۆن ئێمە لە قسەوە، هەر دواکەوتنی خۆمان بەرهەمئەهێنینەوە!
چارەسەر دەسکاریکردنی کۆمەڵگایە لەرێگەی تاکەوە، دەسکاریکردنی تاکە لەڕێگەی عەقڵەوە، دەسکاریکردنی عەقڵە لەڕێگەی زانینەوە، دەسکاریکردنی زانینە لەڕێگەی نازانمەوە.
هەر کۆمەڵگایەک، کۆمەڵێک گرێ بۆ تاکەکانی دروستئەکاو گرێکان لەپاڵ شتەکانی تردا بەشێکن لە هاوبەشییەکانی ئێمە! کاری ڕۆشنبیریش ناسین و کردنەوەی ئەم گڕێ جەماعییانەیە. بەمەشبێت ئێمە ڕۆشنبیرمان نیە، چونکە ڕۆشنبیری ئێمە هەمان گرێکانی عەوامیان هەیەو لە گرێدا هەموومان سەرمان لە دۆڵێکایە.
سەیرکە عەوامی ئێمە لە وەهمی زانیندایەو وائەزانێ ئەزانێ، ڕۆشنبیری ئێمەش تا ئێستا نەیتوانیوە بڵێ نازانم! ئەرێ قەت ڕۆشنبیرێکت بینیوە بڵێ نازانم؟؟
ڕۆشنبیری ئێمە، کاتێ دە پرسیاری لێئەکرێ، واباشە هەمووی جواب نەداتەوەو لە وەڵامی دانەیەکیانا، گرنگە بڵێ نازانم! ئاخر لەئێستادا ئێمە، ئەونەی پێویستمان بەو نازانمەیە، ئەونە پێویستمان بە وەڵامە دراوەکانی ئەو نیە!
- بۆئەوەی بەر نازانم بکەوین و بەخۆمان بڵێین، نازانمێک بۆ فڵانی عیملاق عەیب نەبێ بۆچی بۆ ئێمە عەیبە؟
- بۆئەوەی بەخۆمان بڵێین، فڵانی عەلامە ڕێ بەخۆی نادا لەسەر هەموو شتێک بڵێ، ئێمە بۆ لەسەر هەموو شت بڕێسین؟
- بۆئەوەی هانمان بدا بیربکەینەوە لە وەڵامە نەزانراوەکە، چونکە ئێمە تەنەکەی خۆڵ نین هەر تێمان بئاخنن، ئەبێ بواریشمان بدەن بیربکەینەوەو ئەبێ بەشداربین لە پرۆسەی بیرسازی!
- بۆ متمانەبەخۆبوون و بیناکردنەوەی کەسایەتی، ئاخر تۆ کە وەڵامێک بۆ من بەجێدێڵی، وەک ئەوەیە پێمبڵێت، تۆش هەیت! ڕۆشنبیریش ئەوەیە کە کۆتایی بە کەهانەت و بیرکردنەوە لەبەری ئەوانیتر ئەهێنێت و ئەیەوێ هەمووان پێکەوە بیربکەینەوە. ئەوەی لەبری ئێمە بیرئەکاتەوە ڕۆشنبیر نیە، کاهینی ڕۆشنبیرییە.
- هەروەها بۆئەوەی بتی سەقافیمان لادروست نەبێ و کابرا جارجار لە ڕێگەی نازانمێکەوە، ئەو پەیامەمان بداتێ کە ئەو کامڵ نیەو نابێ بیپەرستین.
لە بابی گرنگیپێدانەوەو بۆ دروستکردنی کەسایەتی، گرنگە دایک و باوک و مامۆستا وەڵامی زۆرترین پرسیاری مناڵ بدەنەوەو بێزارنەبن لە پرسیارە زۆرەکانی.. بەڵام هەر بۆ هەمان مەبەست، گرنگە جارجار نازانمێکیشی پێ ی بڵێن! بۆئەوەی مناڵ فێربێت کە ئەو تەنیا لە وەڵامەکانی ئەوانیترەوە زانیاری بەدەست ناهێنێ، بەڵکو بیرکردنەوەی خۆشی ڕێگایە.
پێدانی زانیاری هەموو کات خزمەت ناکات، هەنێجار پێنەدان زیاتر خزمەت ئەکات، چونکە دواجار هەردوکیان بۆ جوڵەی عەقڵەو پێدانی بەردەوامیش عەقڵ ئەوەستێنێ.
لەم وڵاتە ئەوەی زۆر سەرنجم ڕائەکێشێ ئەوەیە کە، جاری وایە لە پاسێکدا ژنێک و مناڵێک لە تەنیشتمەوەن، تا دائەبەزن قسە ئەکەن، شێوازی قسەکانیشیان زۆر جیاوازە لەو قسانەی دایکی ئێمە لەگەڵ مناڵ ئەیکات، شێوازەکە سین و جیم و وەعزو قسەی نێوان گەورەو بچوک نیە کە عادەتەن کورتبڕەو کەمی پێئەچێ، بەڵکو حیواری نێوان دوو ئینسانە بۆیە درێژەئەکیشێ و بەردەوام ئەبێت!
یان هاوڕێیەکم مناڵێکی هەیە، کە ئەیدوێنم زۆرجار لە قسەکانا ئەڵێ (بەڕای من..) منیش بە باوکی ئەڵێم، بێگومان ئەوە لە مەکتەب فێربووە نەک لە ئێوە، چونکە دایکوباوکی ئێمە سەر بە پەروەردەی وەعزو تەڵقینن و ناتوانن حیوار لەگەڵ مناڵ بکەن و وایلێبکەن کە ڕای هەبێت! ئەویش ئەڵێ بەخوا ڕاستئەکەی خۆشمان سەیرمان لێدێ کە وائەڵێت.
بۆیە باسی دایک و باوک و مامۆستاو ڕۆشنبیرم کردو باسی مەلام نەکرد، چونکە پێگەی کەهانەت، لەسەر ئەزانمی بەردەوام و فرۆشتنەوەی وەڵامی ئامادە بیناکراوە! کابرا بڵێ نازانم، ئیتر قەداسەت و مەکانەتی ئەکەوێتە ژێر پرسیارەوەو تۆش ئەچیت وەڵامەکە لە کاهینێکی تر ئەکڕیت.
لە شوێنێکیشدا هەموومان مەلاین، چونکە کۆمەڵگای دواکەتوو پەیوەندییەکانی ستونییەو هێشتا هەر پەیوەندی نێوان گەورەو بچوکەو نەپەڕیوەتەوە بۆ پەیوەندی ئاسۆیی نێوان دوو تاکی بەرابەر! هێشتا هەر وەعزەو نەپەڕیوەتەوە بۆ حیوار! هێشتا هەر تەڵقین و کۆپیکردنەوەو لێکچوونە، نەک بەرهەمهێنانی بیرکردنەوەو جیاوازی!
ئیتر ڕۆشنبیرو مامۆستاش هەر وەکو مەلا، ئەیانەوێ وەڵامێکی کامڵی پێرفێکتمان بدەنێ، نەک مانایەک کە ئێمەو ئەو پێکەوە تەواوی بکەین و بەرهەمی بهێنین!
ئێمە وەکچۆن لە مەشروعی مەلادا بەشدارینین و تەنیا وەرگرین، لە مەشروعی ڕۆشنبیرو پەروەردەشدا هەر نابەشدارو وەرگرین و ئەم سیانە هەرسێکیان پێکەوە بەربەستن لەبەردەم پێگەیشتنی کەسایەتی و عەقڵی ئێمە، چونکە هەرسێکیان هەر بچوکیی و وەرگریی ئێمە تۆخئەکەنەوەو نایەنە پەیوەندییەکی ئاسۆییەوە لەگەڵماندا.
وەڵامەکانی ڕۆشنبیرو مامۆستا، ئەشێ پرسیارو گومانم لادروستبکاو عەقڵم بجوڵێنێ.. بەڵام ئەشێ فاستفودو کەرەستەی حازربەدەستیشبێ و هەروەکو وەڵامەکانی مەلا بیکەمە بەدیلی بیرکردنەوە.
پرسیارێک ئەشێ چەن وەڵامێکی هەبێت، گرنگترینی ئەو وەڵامانە نازانمە، چونکە نازانمی تۆ، تۆپی بیرکردنەوە هەڵئەداتەوە ساحەی من[1].