- دیوێکی ڕێکەوتنەکەی گۆڕان و پارتی، ئەونەی جوڵەبوو بەرامبەر یەکێتی، ئەونە ڕێکەوتنی نێوان خۆیان نەبوو!
دیوێکی گرتنەکەی شاسواریش، جوڵەیەکی یەکێتییە، لەپێشا بەرامبەر گۆڕان، ئینجا بەرامبەر نەوەی نوێ!
ئاخر ڕووبەری جەماوەریی ئەم دوو هێزە یەکێکەو هەر حەدەسێک باڵانسی نەوەی نوێ بەرزبکاتەوە، باڵانسی گۆڕان دائەبەزێنێ.
- بڕوام بەو قسانە نیە کە ئەڵێ شاسوارو نەوەی دروستکراوی ئەمو ئەون.. لەڕاستیدا شاسوارو نەوەی نوێ هاتوون بۆئەوەی هەبن، وەکو یاریکەرەکانی تر یاریش ئەکەن و یاریشیان پێئەکرێت.. بوونشیان کە زەرەر لەم بداو قازانج بەو بگەیەنێ، تەبیعەتی ململانێ ناتەندروستەکەیە نەک تاوانی نەوەی نوێ. ئەگەرچی نەوەی نوێ خۆشی هەر چیلکەی تێوەرئەداو خۆشی هەر بەرهەم و بەرخۆری سەر ئەو ململانێ ناتەندروستەیە.
- ئەوەشی کە لای یەکێتییەوە سیناریۆ بێت، بۆ نەوەی نوێ و کەسایەتییەکانی ئەشێ عەزێت و بارگرانیبێ و بێویژدانییە بڵێین لە دیوی ئەوانیشەوە هەر سیناریۆیەو شتەکە دوولایەنەیە.. بەڵام ئەشێ ئەوانیش سودمەندبن لێی.
- یەکێتی لەوەدا قازانجی نیە، کە نەوەی نوێ مونافسێکی ئەهوەنتربێ لە گۆڕان، ئەسڵەن توندترو ڕادیکاڵتریشە.. یەکێتی لەوەدا قازانجیەتی کە جسمی ناڕازیی پەرتبووەو لەبری جسمێکی گەورە، چەن جسمێکی بچوکی لە بەرامبەردایە.
بەڵام ئەمە قازانجێکی کاتییەو ئەم پەرتە بچوکانە قابیلی گەورەبوونن، بەتایبەت نەوەی نوێ، کە ئەیەوێ میراتگری تەقلیدی خەتی دژەپارتێتی و جەلالیزم بێت، ئەم خیتابەش ئەگەرچی من کێشەم لەگەڵی هەیە، بەڵام لە دەڤەری سەوز، هێشتا موگناتیسی جەماوەرەو هێزێکی ڕاکێشانی بەهێزی هەیە!
- وەکچۆن شەرعیەتی شۆڕشگێڕی لەسەروی یاساوەنیە، شەرعیەتی موعارەزەییش لەسەروی یاساوەنیە!
دەسەڵات دادگا بەکاربێنێ بۆ شەڕی سیاسیی، یان موعارەزە کێشەی یاسایی هەبێ و بە کەیسی سیاسیی بیفرۆشێتەوە، ئەمە هەردوکی یەک شتەو لەسەر حەسابی منو تۆو یاسایە.
بەڵام کە یاساش بۆ هەمووان نەبوو، ئیتر تەرەفی لاواز ستەمکاریشبێ هەر ستەملێکراوە، چونکە ئیتر دادگا خۆی بووە بە بەشێک لە ململانێ و لە ستەمکاریی.
- بێحورمەتیکردن بە ئینسان تاوانە هەرکەس بیکات، نمونەی هەرە دیاری بێحورمەتیکردنیش بە ئینسان و بە مۆزەفی دەوڵەت، شەقهەڵدانبوو لە مامۆستا (بە بەرچاوی هەموو عالەمەوە)! نەک کەیسی پشت پەردەی دوو ئاسایش، کە چەنێک ئەگەری ڕاستێتی هەیە، ئەونەش ئەگەری داتاشراویی هەیە!
- هەموو سەرکردەکان بە ڕێژەی جیا، نەخۆشی نەرجسیەتیان هەیەو شاسواریش کە خواستی سەرکردەبوونی هەیە، لەمە بەدەرنیە، مەشروعە ئیعلامی و سیاسییەکەشی چەنێک مەشروعی بچوککردنەوەی فەسادو ستەمکارییە، ئەونەش مەشروعی گەورەکردنی خۆیەتی! ئەوەش مافی خۆیەتی و من چەنێک ئازادم ڕەخنەی لێبگرم، ئەویش ئەونە ئازادە کە وابێت.
- بەڵام ئەوە بزانە کە سەرکردە خزمەتگوزاریی بێ بەرامبەری نیەو ئەوکاتەشی کە قوربانییەکی گەورە ئەدا، فیدباکێکی گەورەتری ئەوێ!
بزانە کە موزەحییترین سەرکردە، هەرئەونەی کە سەرکردەیە، ئیتر ئیگۆی خۆی لە منو تۆ خۆشتر ئەوێ!
ئەو سەرکردانەشی کە لە قۆناغێکی سەرەوەی تەمەن و هۆشیارییدا کاریان بە ئیگۆ نامێنێ، پێشتر تەمەنێک ئیگۆسازییان کردوەو گەورەکردنی وێنەی خۆیان لە چاوی ئێمەدا، ئامانجی هەرە باڵایانبووەو بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجەش کەرەستەی بەکارهاتوو هەر منو تۆبووین!
- ئەو کوڕێکی چالاکەو سود لە هەموو فرسەت و شتەکانی بەردەستی وەرئەگرێ و هیچیان پاس نادا، لە ئیعلام و تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە بگرە، تا ئەگات بە کەیسەکانی دادگا..
وەکچۆن دەسەڵات بەشیوازی خۆی دادگا بەکارئەهێنێ، ئەویش بەشێوازی خۆی سودی لێوەرئەگرێ!
جا ئەوەی ڕووئەدا، ئەگەر سەتا نەوەتو نۆی یاری بێت، بۆ من تاقە پۆینتێک (ئەگەری مەزڵومیەت) بەسە بۆئەوەی پشتیوانی ئینسانێکی گیراو بکەم و داوای ئازادی بۆبکەم، ئەگەرچی زۆریش جیاواز بیربکەینەوە!
خۆی ئەسڵەن هونەری پشتیوانیش هەر لە جیاوازییدایەو وابزابم پشتیوانی لێکچووەکان هونەرێکی تیانیە.
- لەگەڵ شاسواردا ئازادی بۆ گیراوانی بادینانیش، ئەو گەنجانەی کە هەمووان بە پۆستێکی فەیسبوک و بەیاننامەیەک لێیانگەڕاین و لە کۆتاییدا تەنیا کاک (قادر نادر)یان لەگەڵ مایەوە!
لێرەوە سوپاس بۆ ماندوبوونەکان، یان ڕاستتر ماندونەبوونەکانی هاوڕێ قادریش چونکە ئەو ماندو نابێت[1]!