(باش و خراپ لە خودی کردەکەدا باش و خراپن، نەک لە بکەرەکەیدا.) لای ئێمە ئەم سەرەتا سادەیە تێکچووە بۆیە ناتوانین هێزی باش بەرهەم بهێنین و هەمیشە ململانێکانمان لەنێوان خراپ و خراپتردایە!
چونکە چیتر لە سیاسەتی ئێمەدا، ئەوە خراپ نیە کە خراپە، ئەوە خراپە کە پارتی ئەیکات! ئەوە باش نیە کە باشە، ئەوە باشە کە دژەپارتییە!
براوەی یەکەمی ئەم یارییەش هەمیشە پارتییە، چونکە لەلایەک، هێزی خراپی ڕەها بوونی نیەو خراپترین هێز ڕێژەیەک حەقیقەتی هەر لایەو هیچیشی لانەبێت، لانیکەم مافی ئەوەی هەیە کە هەبێت. کاتێکیش تۆ ئەو ڕێژەیە نادیدەئەگریت و بە نەفەسی سڕینەوە ئەچیتە بەرامبەری، ئیتر تۆ بتەوێ و نەتەوێ، ستەمێک ئەکەیت و ستەمکار ئەکەیتە قوربانی، ستەمکاریش هێز لە خیاتبی قوربانیبوون وەرئەگرێ و پێ ی خۆشە بیخەیتە ئەو مەوقیفەوە!
لەلایەکی تریشەوە شەیتاندنی پارتی، وایکردوە کە هەمیشە هێزەکانی تریش، ئەگەر خراپترنەبن باشترنەبن لە پارتی، چونکە لە سیاسەتی ئێمەدا، خودی باشیی فەزیلەت نیە، دژەپارتێتیی فەزیلەتە!
ئیتر بەرامبەر پارتیش هێزی باش و جیاواز نایەنە مەیدان و هەر ئەو هێزانە دێن کە ڕووی پارتی سپی ئەکەنەوە. چونکە تەنیا دژەپارتێتی بەسەو ئەسڵەن پێویست ناکا جیاوازو باش بیت!
تۆ بە دیدێکی ستەمکارانەوە ناتوانی دژی ستەمکاریی بیت، بەڵام ئەتوانی دژی ستەمکاربیت و لەپشتی ئەم دژایەتییەوە خۆشت ستەمکارێکی تربیت! یەعنی دژایەتی خراپ ناکاتە باش! ئەکرێ تۆی دژەخراپ خراپێکی تربیت.
چیتر کاری ئێمەش هەر ئەوەنیە کە دوای خراپ نەکەوین، ئەوەشە کە فریوی دژەخراپ نەخۆین و (باش و دژەخراپ) لەیەک جیابکەینەوە! تا ئەمەش نەکەین ناتوانین هێزی باش بەرهەمبهێنین.
سەیرکە کاتێ یەکێتی دژی پارتیی خۆی توندئەکاتەوە، لای ئێمە وەکو هێزێکی باش دەرئەکەوێ، لەکاتێکا ئەو نەک باشتر نیە، ئەشێ خراپتریش بێت!
یان هێزمان هەیە موڵکی گشتی داگیرکردوە، بەڵام کاتێ دژی پارتییە گوێ نادەینێ، کە نزیکئەبێتەوە لە پارتی ئینجا یەخەی ئەگرین لەسەر موڵک و ماڵی گشتی!
یان لە دیدی باوی ئێمەدا، یەکێ لە خراپییەکانی پارتی، ئەوەیە کە حیزبی دیکتاتۆریەتی بنەماڵەیە. دەی هێزی تر هەیە نەک هی بنەماڵەیەک، بەڵکو هی تاقە کەسێکەو کابرا وەکو مۆبایلەکەی و سەیارەکەی، حیزبەکەشی موڵکی تایبەتی ئەوە! کەچی ئەمە نابێتە جێ ی ترسی ئێمە وەکو نموزەجێکی تری دیکتاتۆری، بەڵکو هەر لەبەرئەوەی دژەپارتییە، لامان ئەبێتە پاڵەوانی دیموکراسی!
یان هەرلەخۆمانەوە کۆمەڵمان لە یەکگرتوو پێباشترە، مەسەلەکەش تەنیا دوورو نزیکییە لە پارتییەوە، ئەگینا لە ئەخیری ڕێگاکەدا دواجار ئەو دووانە هەر یەک شتن!
ئەمەوێ بڵێم، پارتی تەنیا دەسەڵاتی ئەم وڵاتەی کۆنترۆڵ نەکردوە، بەڵکو کۆی عەقڵیەت و دنیابینی سیاسیی ئەم وڵاتەی کۆنترۆڵکردوە!
ئاخر لە شەستەکان و زەمانی جەلالی و مەلاییەوە، ئێمە قەت پارتی و شتێکی ترمان نیە، هەمیشە هەر پارتی و دژەپارتییمان هەیە. دژەپارتیش ناتوانێ شتێکی تربێت، چونکە کاردانەوەیەو لە فەلەکی کاردایەو بوون و وجود لە پارتی وەرئەگرێ!
بە زمانێکی شاعیرانە، وەکچۆن لە ئاوێنەدا عەکسی خۆت ئەبینیت، لە عەکسێتی پارتیشدا هەر پارتی هەیە! لەڕاستیدا خەتی دژەپارتی، بە زەرورەت خەتی دووەمی پارتییە، خوانەخواستە لەبەرئەوەنا کە کەسەکان جاسوسی پارتیبن، بەڵکو لەبەرئەوەی کە یارییەکە هەر ئەو نەتیجەیەی هەیە.
پارتیش هێندە سودمەندە لەم خەتە، ڕەنگە ئەگەر فەترەیەک نەمێنێ خۆی دروستیی بکات!
چونکە ئەم دژەپارتێتییە هەمیشە ڕێگرە لەوەی شتێکی جیاواز لە پارتی دروستببێ، ئاخر تۆ بۆئەوەی دژی پارتی بیت، ئەسڵەن پێیوستت بەوەنیە جیاوازبیت و خۆت تەیاربکەیت بە جیاوازی، بەڵکو هەرئەونەی دژەپارتی بیت بەسەو ئیتر تۆ باشیت و چەپڵەت بۆ ئەکوتن!
کاتێکیش دەرئەکەوێ کە باش نیت و جیاوازنیت و تەنیا دژەپارتییەکیت و هیچی تر. ئیتر تەرەفی دۆڕاوی ململانێکە هەمیشە تۆیت و براوەکەش هەمیشە پارتییە. ئەم براوەییەی پارتیش هەر بەردەوام ئەبێ، تا نەفەسی جەلالیەت هەبێ.
(جەلالیەت مەبەستم ئەوەیە، کە تۆ بە هەمان عەقڵیەت و ماهییەتی پارتییەوە، دژی پارتی بیت و ئەمەش فەزیلەتی سیاسی بێت!)
ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین مونافسی پارتی دروستبکەین و لێ ی ببەینەوە، ئەبێ عەقڵیەتێکی سیاسی دیموکرات بێنینە مەیدان. شەیتاندنی سیاسی عەقڵیەتێکی نادیموکراتەو مەیدانی پارتی خۆیەتی و کەس لەو مەیدانەدا لێ ی ناباتەوە، مونافسەکانی پارتیش هەمیشە خۆیان لەسەر شەیتاندنی پارتی بینائەکەن بۆیە هەمیشە ئەدۆڕێن!
لە شەیتاندندا پارتی بشدۆڕێ، پارتییەکی تر ئەیباتەوەو بۆ ئێمە هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ.
ڕقی سیاسی ناوەڕۆکێکی تر دروست ناکات، ناوی تر دروست ئەکات، ناوەکانیش دێن و دەڕۆن و پارتی هەر وەکو خۆی ئەمێنێتەوە، چونکە پارتی بە ناو لێینادرێ، بە ناوەڕۆک لێیئەدرێ.
دژەپارتێتی دوو سیفەتی نەگۆڕی هەیە (یەکەم لەمسەرەوە بە سەریعی جەماوەرت بۆ کۆئەکاتەوە. دووەم لەوسەرەوە بەمسۆگەری دۆڕاویت.)
سەت ساڵی تریشبێ، لە ئەخیرا هێزێک لە پارتی ئەباتەوە کە هێزێکی (نادژەپارتییە)! کە هێزێکی دیموکراتەو ئەسڵەن بڕوای بە شەیتاندن و سڕینەوەی پارتی نیە! هێزێکە کە لە جەوهەرو ماهییەت و خودی خۆیدا شتە، نەک ئەوەی هیچ نەبێ و تەنیا دژەپارتیی بێت!
.. ئەم هێزە نەشیباتەوە ئەتوانێ شێوازێکی تری ململانێ دابهێنێ کە بڕێک تەندروست بێت.
دواجار #سلێمانی# داینەمۆی گۆڕانکاریی کۆمەڵگای ئێمەیەو تا سلێمانی لە شەپۆلی جەلالیەت ئازادنەکەین کوردستان لە هەیمەنەی مەلاییەت ئازاد نابێ[1].