کە باسی زمان دێتە پێش، یەکسەر خەیاڵمان بۆ دوو شت ئەچێ:
یەکەم ستەمی گەلانی سەردەست، کە لە مەسەلەی زمانی دایکدا لە ئێمەیان کردووە.
دووەم داواکردنی زمانی یەکگرتوو.. وەکو ڕەگەزێکی گرنگی دەوڵەتسازی و نەتەوەسازیی.
ئێ ئەو دووانە هەردوکی یەک شتە، تۆ کە یەکەمیانت پێ ستەمبوو، ناکرێ داواو خواستی دووەمیانت هەبێ، چونکە ئەویش هەمان ستەمە! ئاخر مناڵێکی #خانەقین#ی، عەرەبی بخوێنێ یان #سۆران#ی فەرقی چیە، هەردوکی هەر زەوتکردنی زمانی دایکی ئەو نیە؟
ناکرێ مەسەلەی دەوڵەت و نەتەوەسازی بکەینە پاساوی یەکزمانی و پێشێلی زمانەکانی دایک، چونکە ئەگەر وابێت، کەواتە تورک و فارس و عەرەب ستەمێکیان لە ئێمە نەکردوەو هەر ئەوەیانکردوە کە دەوڵەت و نەتەوەسازی ئەیخوازێ!
ستەم بە ستەم لانابرێ، ستەم بە عەدالەت لائەبرێ، ئێمە بۆئەوەی ستەمی سەدان ساڵەی ئەموئەو لەسەر خۆمان لابەین، ئەبێ چارەسەرێکی ناستەمکارانە بدۆزینەوە.
یەکزمانی حەل نیە کێشەیە، هەورامییەک چۆن ئینتیمای بۆ مەشروعی نەتەوەسازییمان هەبێ، کە زەوتکردنی زمانی دایکی ئەوی تیابێت؟ دواتر هەورامی ئەگەر لە ژێر حوکمڕانی کوردا ئەلفوبێ و خوێندنی خۆیان نەبێت، ئەی کەی و لەکوێ هەیانبێت؟!
تۆ پێتوایە ئەگەر هەورامان سەربەخۆیی زمانیان هەبێ، دوو ڕۆژیتر سەربەخۆیی سیاسیشیان ئەوێ و ترازان و پەرتبوونی نەتەوەیی ڕووئەدا.. ئەمە ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستە! ئەو مافەی ئیمڕۆ لە چوارچێوەی مەشروعی پێکەوەییدا نەیاندەیتێ، دوو ڕۆژیتر خەیاڵ و مەشروعی جیاخوازیی دروستئەکات.
لەڕاستییا باوی ئەوە نەماوە مەشروعی نەتەوەسازیی، مەشروعی لێکچوونبێ و دابڕاوبێ لە دنیا، سەردەمی ئەوەیە نەتەوەسازیی فرەیی و جیهانیی بێت.
هەر خۆمان ئەڵێین هێز لە یەکێتیدایە، پێکهاتەی ئێمەش ڕەنگاوڕەنگەو یەکێتی و هێزمان لە جیاوازییەکاندایە. مەشروعی نەتەوەسازیشمان، ئەبێ مەشروعی موراعات و پاراستنی ئەو جیاوازیانەبێت نەک مەشروعی سڕینەوەیان.
ئاخر مەشروعی لێکچوون پێش ئەوەی کێشەو دوژمنی دەرەکی هەبێت، لە خودی خۆیدا کێشەی ناوخۆی هەیەو کۆکەرەوەو پتەو نیە.
مناڵی ئێمە، جگە لە زمانی دایک و ئینگلیزی، پێویست ناکا بە زمانی ترەوە عەزێت بدرێن. زمانی دایک وەکو پێویستییەکی سروشتی و ئینسانی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی، زمانی ئینگلیزیش وەکو پێویستییەکی جیهانی. لە دنیای ئێستادا هەر ئەونە بەس نیە کە خۆت بیت، ئەبێ خۆتبیت و جیهانییش بیت.
بۆ خۆبوون زمانی دایک کافییەو زمانی دایکی ئێمەش، هەموو ئەو زمانانەیە کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا هەیە.
ئێمە پێویستمان بە زمانێک نیە جێ ی زمانە دایکەکان بگرێتەوە، ئێمە پێویستمان بە زمانێکی هاوبەشە، کە خاوەن زمانە دایکەکان بەیەکەوە گرێبداتەوە!
ئەو زمانەشی کە پێویستە هەورامییەک و #دهۆک#ییەک قسەی پێبکەین، هەرگیز زمانی کوردی نیە! چونکە ئەوان خۆیان بە کوردی قسەئەکەن! دەی زمانیش بۆ لێکتێگەیشتنەو ئەوان بە کوردی لەیەک ناگەن!
ئەو زمانە ئەشێ ئینگلیزی بێت.
زمانی ئینگلیزی جگە لەوەی لەگەڵ جیهانگیریدا گڕیمان ئەداتەوە، ئەشێ کەرەستەیەکی گرنگی ڕزگارییشمان بێت!
ئاخر ئێمە لەژێر هەیمەنەی کولتوریی تورک و عەرەب و فارسداین، عەقڵیەتی کوردی پەراوێزێکی بچوکی عەقڵیەتی ئەوانە، هۆشیاریمان سێبەری هۆشیاریی ئەوانە!
ئێمە کە بۆ ئیخبار بگەڕێینەوە بۆ جەزیرەو بۆ حەڵقە بگەڕێینەوە بۆ تورک و بۆ گۆرانی بگەڕێینەوە بۆ فارس، وەرگێڕانیشمان دەسدووبێ و وەرگێڕانی وەرگێردراوەکانی ئەوان بێت.. ئیتر ئێمە پاشکۆی عەقڵیەتی ئەوانین و لەناو دنیابینی ئەواندا دیلین و ناتوانین لێیان ئازادبین.
ئێمە ئەبێ عەقڵمان دنیای ئەوان تەجاوزبکات، ئینجا ئەتوانین جیاو سەربەخۆبین لێیان. زمانیش کەرەستەیەکی باشە بۆ ئەم ڕزگارییە کولتورییە!
خەڵکی ئێمە ئنگلیزانبێت، دەستی بە سەرچاوەی زانین باشتر ڕائەگاو ئەتوانێ هۆشیاریی کۆمەڵگاکانی چواردەور تێپەڕێنێ، ڕزگاریی سیاسی و نەتەوەییشمان ئەکەوێتە دوای ئەو ڕزگارییە عەقڵییەوە.
ئێمە گاڵتەو نوکتە بە هیندییەکان ئەکەین، لەکاتێکا لایەکی تەکنەلۆجیاو زانستی ئەم هەسارەیە ئەوان ئەیگێڕن! هۆکاری ئەم پێشکەوتنەشیان دوو شتە، سەقافەتی یەکترقبوڵکردن و دەستڕاگەیشتن بە زمانی ئینگلیزی. هیندییەکان لەو دوو لینکەوە تەواو جیهانیین!!
لەملاوە ئەدەبیاتی عەرەب و تورک و فارس و ئەم ناوچەیە، ئەدەبیاتی توندوتیژیی و سڕینەوەیەو تەواو ناوچەیی و ناجیهانییە!
ئێمەش لەناو دنیای ئەواندا هەر ئەوان بەرهەمئەهێنینەوە. تا نەپەڕینەوە بۆ دنیایەکی تر ناتوانین خۆمانێکی جیاواز بەرهەمبهێنین و لە فرەیی و پێکەوەژیان تێبگەین، زمانیش کەرەستەیەکی باشی ئەو پەڕینەوەیەیە.
عەرەب عەرەبیی فوسحەیان هەیەو کوێتییەک و مەغریبییەک بۆی ئەگەڕێنەوە، بەڵام سۆرانییەک و بادینییەک کوردییەکی بنچینەیان نیە بۆی بگەڕێنەوە، چونکە زمانی کوردی ئەسڵەن بوونی نیە، زمانی کوردەکان بوونی هەیە!
زمانی کوردەکانیش کرمانجی و سۆرانی و هەورامی و لوڕی و زازاکی و ئەمانە هەموویەتی.. ئەمانەش هیچیان بەتەنیا زمانی کوردی نین، هەموویان پێکەوە زمانی کوردین. کە خۆشیان کوردین ئیتر پێویست ناکا جارێکیتر بە کوردیەک بیانبەستینەوە بەیەکەوە، ئەشێ بە شتێکی جیهانیی گرێیان بدەینەوە، چونکە سەردەمەکە سەردەمی جیهانگیرییە.
تا ئێرا بەس زمانی کوردەکانبوو، خۆئەگەر زمانی کوردستانییەکان حساب بکەین، ئەوە تورکمانی و سریانی و عەرەبی و شتی تریشی دێتە سەر.. دەی ئەمانە هەرکامیان بسەپێنیت ستەمەو پەرتبوون و نەگونجان دروستئەکات نەک یەکێتی نەتەوەیی و نیشتمانی، زمانی هاوبەش ئەبێ هیچیان نەبێت!
ئەوەی باسیئەکەم خەیاڵ نیە، مەسەلەن ئێستا ئیدارەی ڕۆژئاوا نیوەی کارەکەی کردوەو لەوەدا هێناویەتی کە هەر پێکهاتەیەو بە زمانی دایکی خۆی ئەخوێنێ و فرسەتی یەکسان دراوە بە هەموو جیاوازەکان.. ئەوە ماوە کە بە زمانی ئینگلیزیش هەموویان گرێبداتەوە لەگەڵ یەکترو لەگەڵ جیهان، بوونی ئەمریکییەکانیش فرسەتی باشەو گرنگە لەپاڵ ڕێکەوتنە سەربازی و سیاسییەکان، سودی فەرهەنگییشیان لێوەرگرین.
زمانی ئینگلیزی وەکو زمانی هاوبەشی ئێمە، مەترسی نیە بۆ سڕینەوەی زمانی ئێمە، چونکە لێرەدا من باس لە دۆخێک ئەکەم کە هەموو زمانە دایکەکان هەن و خۆیان بەرهەم ئەهێننەوە.. ئەوەی کە خەتەرە بۆ سڕینەوەی زمان و کولتوری ئێمە، یەکزمانییەکە، کە جێگەی زمانە دایکەکان بگرێتەوە، نەک زمانی هاوبەش.
ئەچمەوە سەرەتاو دووبارەی ئەکەمەوە، ئێمە ستەمی نەتەوەییمان لێکراوە کە زمانی دایکمان زەوت کراوە، ناکرێ ڕزگاریی نەتەوەییمان لەسەر هەمان ستەم بینابکەینەوەو ئەمجارە ستەمەکەش خۆمان لە خۆمانی بکەین[1]!