گەلان ئەبێ ئاسایی لە حاڵەتی جوڵەو هەستکردن بە شتەکاندابن، نەک ئەوەی لە جموددابن و شۆک بیانجوڵێنێت. یەعنی ئەوە خراپە کە بگەیتە ئەوەی شۆک بتجوڵێنێ، بەڵام لەوە خراپتر ئەوەیە کە تەنانەت شۆکیش نەتجوڵێنێت!
جا ئێمە ڕێک لەو دۆخە زۆر خراپەداین، چونکە ئەم ساڵانەی کە ڕۆشتووە، بایی دەیان هەڵوەستەو بیرکردنەوەی قووڵ شۆکی تیابووە، کەچی ئێمە جگە لە قسە هیچمان لەسەر بینانەکردن.
شتەکان دێن و لەباشترین حاڵدا، لای ئێمە تەنا کاردانەوە دروستئەکەن، کاردانەوەش کەمەو بەس نیە، چونکە بەرامبەر کار، کاردانەوە تاکە شتێکە کە بیرکردنەوەی ناوێ!
ئاخر کاردانەوە یەکێ لەو چرکەساتانەیە کە عەقڵ تیای میوان نیە، ئێمەش زۆرترین قسەکانمان ڕێک لەو ساتەدا ئەکەین، بۆیە ناچنەوە سەر باشکردن و هەر دنیاکەی پێ ئاڵۆزو خراپتر ئەکەین.
ئەگەر ساتێک هەبێ بۆ بێدەنگێ، بێ شک ئەبێ ساتی کاردانەوەبێت. تا ئەم ساتە لە زمان وەرنەگرینەوەو نەیدەین بە عەقڵ، تا لە ساتی قسەوە نەیکەین بە ساتی بیرکردنەوە، تا لە ساتی بڕیاری سەریع و هەڵچوونەوە نەیکەین بە ساتی ئارامگرتن و تێڕامان، ناتوانین (ڕەخنەو هەڵوێست) بەرهەمبهێنین!
ئاخر ڕەخنە ئەبێ لە تەواوی ئاگاییەوەبێت، نەک لە ساتی کاردانەوەدا کە ئەگەر هەمووشی لە دەست نەدەیت، زۆرینەی هۆشت تیا لە دەستداوە.
ئاخر هەڵوێست ئەبێ لە ئیرادەیەکی دامەزراوەوەبێت، نەک لە کەفوکوڵێکەوە کە دواتر دامرکێتەوە.
یەکێ لە هۆکارەکانی ڕەشبینی و نائومێدیمان، ئەم تێکەڵکردنەی ڕەخنەو هەڵوێستە بە کاردانەوە!
ئاخر ڕەخنەو هەڵوێست بنیاتنەرن، کەچی ئێمە هیچی لێ سەوزناکەین! چونکە ئەوەی ئێمە ئەیکەین و وائەزانین ڕەخنەو هەڵوێستە، تەنیا کاردانەوەیەو هیچی تر.
کاتێکیش شتەکە هەمان نەتیجەو بەرهەمی ڕەخنەو هەڵوێستمان ناداتێ، ئیتر نائومێد ئەبین.
کاردانەوە نائومێدکەرە، چونکە ڕێک نیوەکەی تری ئەو دنیایەیە کە گیرمان تیای خواردوە، نەک کەرەستەی پەڕینەوە بۆ دنیایەکی تر!
سەیرکە ڕۆژانە هەر شتێک دێ، یەکسەر دابەشی دوومان ئەکاو ئەمانکا بە دوو لەتەوە. بۆچی؟
یان مەسەلەن نەوەی نوێ بەردەوام ئەیەوێ پێمان بڵێ، ئەوانیتر هەموویان لەتێکن و من بە تەنیا لەتەکەی ترم. بۆچی؟
چونکە ئێمە هێشتا سەربە سەقافەتی سڕینەوەو دنیای ڕەش و سپین و هەڵنەکشاوین بۆ دنیابینی ڕەنگاوڕەنگ و فرەیی.
بۆ ئەوەشی بگەین بە سەقافەتی فرەیی، ئەبێ ئیتر نەیەڵین کاردانەوەی شتەکان و شەپۆلەکانی سرێنەوە دابەشی دوومان بکەن.
شتە خراپەکان ئەوانەنین کە بەشێکن لە ئاگاییمان، ئەوانەن کە بوون بە بەشێک لە نائاگاییمان، ئاخر ژیان ڕاهاتن ئەیگێڕێ نەک عەقڵ، ئێمەش ئەبێ کاردانەوە بگۆڕین بە بیرکردنەوە، بۆئەوەی لەم ڕاهاتنەی ئێستاوە بپەڕینەوە بۆ ڕاهاتنێکی تر!
مەسەلەن ئێمە وا ڕاهاتووین، بۆ هەرشتێک یەکسەر قسەی خۆمان بکەین و هەر ئەو ڕۆژە ببین بە دوو لەتی یارو نەیارەوە. جا ئێمەی کورد بە تەبیعەت عینادیشین، ئیتر ئەم قسەیە کە لە ساتێکی هەڵچووندا ئەیکەین و بنەمایەکی پتەوی نیە، بەرگرییەکی پتەوی لێئەکەین و تا مریشکە ڕەشەی ئەبەین!
(وەرن با ئەم نەریتە بگۆڕین بەوەی، چیتر شتەکان دوای سێ ڕۆژ قسەیان لەسەر بکەین.)
سێ ڕۆژ لە زمانت بگرەوەو بۆ عەقڵت، یەکەم دەسکەوت ئەوەیە کە کاردانەوەت تێپەڕاندوەو هەنگاوی دروستت ناوە بەرەو ڕەخنەو هەڵوێست!
دوای سێ ڕۆژ بیرکردنەوە، بێگومان ئەگەیتە قسەیەک کە جێ ئەگرێ، یان ئەگەیتە ئەوەی کە ئەسڵەن شتەکە ناهێنێ قسەی لەسەربکەیت و بێدەنگییەکەت جێیەکی باشتر ئەگرێ[1].