ئایدۆلۆژیا شتێکە وەکو ڕستەی خەبەری، لە ئەخیرەکەیدا خاڵێک دانراوە. بەڵام فکر نابێ بە خاڵ کۆتایی بێت، جوملەی عەقڵ هەمیشە ماویەتی، خاڵ دانێ ی جوملەی بێ عەقڵیی دەستپێئەکات!
ئایدۆلۆژیا هەمیشە دوو کەسە، کەسێک لە دوێنێدا بیری کردۆتەوە، کەسێک لە ئێستادا بیرناکاتەوەو ئەگەڕێتەوە بۆ کەسی یەکەم یەعنی بۆ دوێنێ.
لێرەدا ئایدۆلۆژیا پرۆسەی بە دوێنێکردنی ئەمڕۆیە، کەچی هەمیشە بەڵێنی سبەینێیەکی گەشت پێ ئەدا!
لێرەدا ئایدۆلۆژیا هەمیشە لەمسەرەوە بە عەقڵ دەستپێئەکاو دروستبوونی بەرهەمی عەقڵە، چونکە بیرکردنەوە هەیە. هەمیشەش بە بێ عەقڵیی کۆتایی دێو مانەوەی بەرهەمی بێ عەقڵییە، چونکە لەوسەرەوە بیرکردنەوەیەک نیە.
ئایدۆلۆژیا سیستەمی بیرکردنەوەیە لەسەر ئەساسی گەڕانەوە، گەڕانەوەش عادەتەن بۆ دواوەیە، ئاخر فیکرەکە عادەتەن لە مێژوودایە، یان موفەکیرەکە هاوجیلی خۆتەو جوڵەکە بۆ تەنیشتە، ئیتر لەگەڵ ئایدۆلۆژیادا تۆ ڕۆشتنێکت نیە بۆ پێشەوە! ئیتر لەگەڵ ئایدۆلۆژیادا تۆ ناگەیت، چونکە لە ڕۆیشتن ئامانجت گەیشتن نیە، ئامانجت گەڕانەوەیە.
ئایدۆلۆژیا بڕیاری پێشوەختەیە لەسەر شتەکان، بڕیاری پێشوەختیش هەمیشە نامەوزوعییە، چونکە هەموو شتێک زەمەنی خۆی هەیەو زەمەن بەشێکە لە زروفی مەوزوعی شتەکان، بەڵام پێشوەخت و پێشزەمەن نا.
لەگەڵ ئایدۆلۆژیادا تۆ شتەکان ناناسیت، چونکە بەر خودی ئەوان ناکەویت، بەر ئەو تەفسیرە ئەکەوی کە ئایدۆلۆژیاکەت بۆی کردون. لە ئایدۆلۆژیادا ئەسڵەن وەزیفەکەت ئەوەنیە بگەیت بە ماهیەتی شتەکان، وەزیفەت هەر ئەوەیە کە شتەکان بهێنیتەوە بۆ لای ئایدۆلۆژیا[1][1].
لەگەڵ ئایدۆلۆژیادا پێشناکەویت، چونکە پێشکەوتن گەیشتن نیە بە هیچ خاڵێک، ئەوەیە کە خاڵی کۆتایی نادیارەو ڕۆشتن بەردەوامە. بەڵام لە ئایدۆلۆژیادا خاڵی کۆتایی جگە لەوەی دیارە، ئەشکەوێتە دواوە!
لەگەڵ ئایدۆلۆژیادا ناتوانی ئازادبیت، چونکە ئازادی یەکەم ئازادی عەقڵەو ئایدۆلۆژیاش کۆتی عەقڵە چونکە بەدیلی بیرکردنەوەت ئەداتێ کە بیری ئامادەیە.
بیری ئامادەش لەگەڵ بیری ئاودا لەوەدا لەیەک ئەچن، کە ئەگەر لەناو بیری ئاوەوە سەیری سەرەوە بکەیت، هەموو دنیا ئەبێت بە بازنەیەکی بچوک کە تیرەکەی مەترێ مەترو نیوێکە. لەناو بیری ئامادەشەوە دنیا هەر ئەونەیە، چونکە تۆ لە کونێکەوە سەیری ئەکەیت.
بەڵام ئایدۆلۆژیا زۆر کاریگەرە لە دروستکردنی وەهمی ئازادیدا، ئەمەیە کێشەکە!
ئیتر تۆش هەر بەوە ئیکتفاناکەیت کە پێتوایە خۆت ئازادیت، بەڵکو کەڵکەڵەی ئازادکردنی دنیاو ئەوانیتریش ئەکەوێتە سەرتەوەو دنیاکەش لێرەوە خراپ ئەکەیت.
ئایدۆلۆژیا ئەگەرچی وەهمی ئیرادەیە، بەڵام لە ڕاستیدا خودی تەسلیمبوونە! چونکە پێشمەرجەکەی تەسمیبوونی عەقڵەو تۆ هەموو شتێکت لەسەر ئەو تەسلیمبوونە بیناکردوە. تەنیا بیرکردنەوەیەکیش بەسە بۆ وەرگرتنەوەی عەقڵ و ڕوخانی بینا وەهمییەکە.
لە ئایدۆلۆژیادا ئەخلاق لەجێئەچێ، چونکە ئیتر ئایدۆلۆژیا سنور بۆ ئەخلاق بۆ دیاری ئەکات، سنورەکەش هەر هەمان سنوری ئایدۆلۆژیاکە خۆیەتی! ئیتر تۆ کە سنوری ئایدۆلۆژیاکە ئەبەزێنیت، ئۆتۆماتیکی سنوری ئەخلاقت بەزاندوە.
ئایدۆلۆژیا کێشەی لەگەڵ هەندەسەی وجودی تۆدا هەیەو ئەیەوێ بە نەوعێکی تر داتڕێژێتەوە.
لێرەدا کارلێکراو تۆیت، کەچی مافی ئەوەت نیە قسەت لەسەر شێوازی داڕشتنەوەی خۆت هەبێت! ئەمەش کێشە گەورەکەیە، چونکە تۆ لە خراپترین دۆخی خۆتدا، هێشتا باشتریت لە دۆخێک کە خۆت تیایا مەوزوع نەبیت.
کۆمەڵگا لە تاکەوە بینائەکرێتەوە، ئایدۆلۆژیاش هەنگاوی یەکەم لە تاک ئەدات، چونکە یەک قاڵبی هەیە بۆ هەمووان، ئیتر بینایەکیش ناکات، چونکە لە ڕوخانەوە دەستی پێکردوە!
ئایدۆلۆژیا مەکینەی بەرهەمهێنانی لێکچوونە، کاری عەقڵیش بەرهەمهێنانی جیاوازییە. یەعنی ئەم دووانە هەر بە سروشت پێچەوانەن و یەکێکیان ئەویتریان هەر ئەوەستێنێ!
جا عەقڵ سروشتی تۆیەو جوڵەش سروشتی عەقڵە، مەیەڵە بوەستێ بۆئەوەی لە سروشتی خۆت دەرنەچیت و نەبیت بە ڕۆبۆت و بە وەحشی ئایدۆلۆژیا.
ئەگەرچی هەر بە ناوەکەیدا یەکسەر خەیاڵت بۆ بابەتێکی عەقڵیی ڕووت ئەچێ، بەڵام لەڕاستیدا شتەکە تەواو پێچەوانەیەو ئایدۆلۆژیا سەربە دنیای عاتیفەو وروژاندنە، نەک دنیای عەقڵ و بیرکردنەوە! ئایدۆلۆژیا لە دنیای فکر، تەنیا ئیشی بە هەنێ عینوان و شیعاراتە بەشی مەستبوون، نەک بەشی ئاگایی.
ئایدۆلۆژیاکان لەسەر مستەوای بیرمەندەکان، مەراحلی تەتەوری فکرە، بەڵام لەسەر مستەوای کۆمەڵگاکان وێستگەی وەستانی عەقڵە!
بەجۆرێک کە هەر ئایدۆلۆژیایەک فەترەیەکی زەمەنی عەقڵی جەمع تیای وەستاوە، مرۆڤیش بە تەبیعەتە ئاژەڵییەکەی حەزی لەو وەستان و دووبارەبوونەوەو ئیستقرارەیەی ژیان هەیەو کاتێکی زۆری ئەوێ تا بە تەبیعەتە مرۆڤییەکەی بیر لە گۆڕین بکاتەوە، چونکە گۆڕین شڵەژانە.
دنیا بە عەدالەت ئەڕوا بەڕێوە، عەدالەتیش هیچ ئایدۆلۆژیایەکی ناوێ، تەفسیری ئایدۆلۆژیایەک بۆ عەدالەت خودی ناعەدالەتییە، چونکە ئایدۆلۆژیای ترو تەفسیری تریش هەن. عەدالەت دوای ئایدۆلۆژیایە، ئایدۆلۆژیا تەنیا مژدەی عەدالەت و فریوی عەدالەتە.
بۆ ئەوەی خۆت لە ئایدۆلۆژیا ڕزگاربکەیت، قەناعەت بە خۆت بێنە (کە شتەکان وێنەی تریشیان هەیە).
هەر ئەوە بکە سیحری ئایدۆلۆژیات بەتاڵکردۆتەوە، چونکە ئایدۆلۆژیا یەک وێنەت ئەداتێ و سیحری خۆی لەسەر تاقانەیی ئەو وێنەیە بیناکردوە!
پێویستیش ناکا بکەویتە شەڕ لەگەڵ ئایدۆلۆژیاو وێنەکەی بدڕێنیت، با ئەوەی ئەویش لەپاڵ وێنەکانی تردا یەکێکبێت لە ئەگەرەکان، بەڵام ئەوەش بزانە کە ئەم ئەگەرە هەمیشە لاوازترینە، چونکە ژیان ئەڕوا، وەلێ ئایدۆلۆژیا وەستاوە.
...........
هیچ هەر ویستم بڵێم، لە مانای حەرفیداو لە پێناسەی عیلمیدا شتەکە هەرچی بێت، لە واقعی حاڵدا ئایدۆلۆژیا تەنیا جینۆسایدو چەکێکی کۆکوژەو هیچی تر[1].