متمانە سەرەتایەو ئەبێ لەوێوە دەستپێبکەین، خواهەڵناگرێ هەر لەوێشەوە دەستمانپێکردوە، بەڵام بەعەکسەوە، یەعنی متمانەمان دروستنەکردوە، کاولمانکردوە!
متمانە داننانە بەیەکتردا، بەڵام ئێمە کێشەمان لەگەڵ وجودی یەکتردا هەیە، متمانەش کێشەی لەگەڵ ئەو کێشەیەدا هەیە!
متمانە بڕیارە، هەر پەرتێکی ئێمەش، بڕیاری داوە کە پەرتەکەیتر جاش و دزو خائینە.. ئیتر پەرتبوون بۆتە قەدەرمان، ئیتر متمانەیەک نەماوە بەشی یەکبوون.
بۆئەوەی ئەو قەدەرە بگۆڕین، ئەبێ سەرەتا بڕیارەکە بگۆڕین، ناڵێم ڕاستی بکەین بە قوربانی درۆ، بەڵام ئەشێ ڕاستییەک بکەینە قوربانی ڕاستییەکی باڵاتر!
یەعنی ئەو تەخوین و شەیتاندن و قسانەی بە یەکتری ئەڵێین، ئەشێ بەشێکی زۆری ڕاستبن، بەڵام ڕاستییەکەی گەورەتر وێران ئەکەن کە متمانەیە، ئەمەیە کێشەکە.
بەڵام بۆچی بڕیاری پێشوەختەمان شەیتاندن و تەخوینە؟ بەڵام چۆن کاری پێکەوەیی بکەین، لەکاتێکا پێکەوە لە هەموومان پێکدێ و ئێمەش یەکتر ئەسڕینەوە؟!
لێرەدا ئەبێ بڕۆینە سەر ئەسڵی مەوزوعەکەو بڵێین، کاتێ کولتوری ئێمە خێڵەکی و تاکڕەهەندو نادیموکرات بێت، ئیتر خیانەتیش نەبێت تەخوین هەر ئەبێت!!
چونکە تۆ پێویستت بە سڕینەوەی ئەویترەو پاساوی سڕینەوە نەشبێ بۆی دائەتاشیت.
چونکە سیستەمی بیرکردنەوە لێکچوونەو جیاوازیی هەڵئەداتە دەرەوە، هەر خۆشی بیانووی هەڵدانە دەرەوەکەت بۆ دروست ئەکات.
یەعنی 16ی ئۆکتۆبەرو 31ی ئاب و ئەم شتانەش نەبێ، حیزبەکان لە چاوی یەکترەوە هەر جاش و خائین و خۆفرۆشن، چونکە کولتوری یەکترسڕینەوە وا ئەخوازێ!
یەعنی کێشەکە خیانەتێک نیە کە کراوەو ئەکرێ، کێشەکە کولتورێکی خیانەتخوازە، کە کاری بەوەیە خیانەت هەبێ، جا چ ڕاستبێ چ داتاشراو!
یەعنی ئەوەشی لەپشت تەخوینەوە وەستاوە خیانەت نیە، بەڵکو کولتوری یەکترسڕینەوەیە.
ئەسڵەن هەر ئەم کولتورەشە پاڵت ئەنێ بۆ خیانەت، چونکە مانەوە لەناو کولتوری سڕینەوەدا قورسەو کاری نەکردەی ئەوێ، ڕێک ئەو کارانەی ئەوێ کە نابێ بیکەین.
کاتێ ئالیکخۆرێکی پاراست ئەڵێ (#سلێمانی# جاشە) پێش هەر شتێ ئەمە جوملەیەکی بێ ماناو نامەنتقییە، وەکو وایە بڵێیت (ستۆکهۆڵم کوڕی چاکە)!
یان کاتێ جەماعەتی #پەکەکە# دەمیان ڕاهاتووە بە زەمی باشور، باشور واو باشور واو باشور وا..
لێرەدا ئەسڵی مەسەلەکە شارێکە کە پارتی بۆی قووتناچێ و پارچەیەکە کە پەکەکە بۆی قووتناچێ نەک شتێکی تر! قسەکانی تر ڕاستیشبن پلە دوون، مەسەلەی پلەیەک عەقڵیەتی سڕینەوەیە کە بەو شێوەیە فیچقەی کردوە.
سەیرکە چوار دەوڵەت بوونی خۆیان لەسەر نەبوونی سیاسیی ئێمە بیناکردوە. ئێمەش لەناو خۆماندا، هەر حیزبێک بوونی خۆی لەسەر نەبوونی ئەویتر بیناکردوە. یەعنی هەمان کولتوری سیاسی! یەعنی ئێمە هێشتا نوخبەی سیاسیمان نیە، چونکە سیاسیی ڕاستەقینە، کێشەی لەگەڵ تەقلیدو باوی سیاسیدا هەیەو ئەیەوێ کولتورێکی تر سەرپێبخات.
سیاسیی ئێمەش نایەوێ دنیایەکی تر دروستبکات، ئەیەوێ هەمان دنیا قۆرخبکات، دەی ئەمەش هەر بە عەقڵە کۆنەکە ئەکرێ و عەقڵیەتێکی نوێ ی ناوێ!
بۆ ئەوەی یەکترقبوڵکردن بخەینە شوێنی یەکترسڕینەوە، کاری پێکەوەیی بخەینە جێگای موعجیزەی پاڵەوانی تاقانە.
پێش ئەوەی لە مناڵەوە دەسپێبکەم و بڵێم، پێویستە پەروەردەی (تەڵقین و ئیمتیحان) بگۆڕین بە پەروەردەی (ڕاهێنان و بەحس) و هەر لە سەرەتاوە مناڵەکان کارەکان پێکەوەبکەن..
بە گەورەکان ئەڵێم با چیتر نەکەوینە ئەم معەسکەرەوە بۆ زەڕبلێدانی ئەو معەسکەر.
مەبەست بێهەڵوێستی و بێلایەنی نیە
تۆ ئەتوانی ئەوپەڕی هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئینسانیت هەبێ و لایەنداریش نەبیت.
تۆ ئەتوانی لایەنداریش بیت و ئەو گرگنییە نەکەیت، کە دنیا بۆ حیزب ڕەش و سپی بکەیت.
ئاخر لە خاکی ڕەنگاوڕەنگدا متمانە ئەڕوێت، بەڵام لە خاکی ڕەش و سپیدا نا[1].