لەگەڵ ئەوەنیم پسپۆڕیی مەرجی قسەکردن بێت لەسەر شتەکان، ئەمە جۆرێکە لە قۆرخکاریی و دیکتاتۆریەتی مەعریفی.
پسپۆڕیی پابەندییە بە هەنێ میتۆد کە ئەشێ خودی ئەو میتۆدانە جێ ی قسەو پرسیاربن، یاخود کۆن بووبن و شتی تازەتر هەبن..
هەر ئەوەی کە مەنهەج دنیا ئەکات بە دوو بەشی ناو مەنهەج و دەرەوەی مەنهەج، مانای ئەوەیە کە مەنهەج هەموو دنیاکە نیەو تەنیا نیوەیەتی!
دواجار پسپۆڕی و میتۆدەکان ئەتگەیەنن بە گۆشەیەکی بینین نەک بە هەموو بینین، ئەشێ وێنەکە گۆشەی تریشی هەبێ کە لە دەرەوەی مەنهەج و پسپۆڕییەوە، لە کەسێکی نەخوێندەوارەوە دیاربێت! دەی ئەوەش هەر بینینەو نابێ لە خاچی پسپۆڕی بدرێت.
پسپۆڕیی گرنگەو قسەی یەکەم با هەمیشە پسپۆڕەکان بیکەن، بەڵام با قسەی تریش هەبێ و پسپۆڕیی نەبێتە کەرەستەی دەمکوتکردن و جەلادی ئازادی و پۆلیسی بیرکردنەوەو نەبێتە مەکینەیەکی تری بەرهەمهێنانی خۆبەکەمزانیی و کەسایەتی شەرمن و شکاو!
ئاخر تۆ کە بەشێکی قسەکان لە ترسی دایک و باوک و بەشێکی تری لەبەر دین و مەلاو بەشێکی تر لەبەر مەکتەب و مامۆستاو بەشێکی تر لەبەر نەریت و کۆمەڵگاو بەشێکیش لەبەر پسپۆڕیی و پسپۆڕەکان نەکەیت، ئەی کەی قسەبکەیت؟؟
لێگەڕێ هەمووان بیربکەنەوەو هەمووان قسەبکەن ئەگەرچی هەڵەو کاڵوکرچیش بێت، تۆ کە خۆت بەڕاست ئەزانیت لێگەڕێ با ئەو هەڵەبێت، خۆ هەڵەی ئەو ڕاستی تۆ ناشارێتەوە بەڵکو دەریئەخات.
واز لە دادگایی ئەوانیتربێنە لە مەحکەمەی ڕاستی و هەڵەیی، چونکە بیرنەکردنەوە خەتەرترە لە هەڵەبیرکردنەوە، چونکە دەمکوت خراپترە لە قسەی هەڵە، ڕاستییەکەی تۆش هەر ڕەنگێکبێ، هەر ڕەنگاوڕەنگی جوانترە!
مەرجی قسەکردن با تەنیا ئازادیی بێ، کێ چی ئەڵێ با بیڵێ، کێش بێدەنگ ئەبێ با ببێ بەڵام بە خواستی خۆی نەک بە دەمکوت و ناچارییەکان.
قسەکان بکرێن باشترە لەوەی لە کەسایەتییدا بمێننەوەو ببنە شکاویی، لە دڵدا کۆبنەوەو ببنە ڕق، لە دەرووندا کەڵەکەبن و ببنە گرێ..
کێشەی ئێمەش قسەکردن نیە لەسەر هەموو شتێک، بەڵکو کێشەکە زەڕب لێدان و ڕەتکردنەوەی هەموو شتێکە!
زەڕبی لێدە، چونکە لەگەڵ دین نایەتەوە، چونکە تەخەلوفی دینییە، چونکە دژی نەریتی کۆمەڵگایە، چونکە پارەپەیاکردن و سەرمایەدارییە..
ئەوەشی ئەم قوڕەی خەستکردەوەو سەقافەتی زەڕبلێدانی گەیاندە لوتکە، موعارەزەیەکبوو کە هات و زەڕبی دا لە هەموو شتێک! ئێستا ئیتر جیلێک دروستبووە کە هەموو (ئازایەتی و ئازادی) لەوەدا ئەبینێ، کە بە ڕاستو چەپا زەڕب بوەشێنێ!
ڕۆشنبیریش ئەدەبی ڕەشبینیی کرد بەدەرزی و لە گەنجی ئەو وڵاتەی دا، ئیتر گەنجێک دروستبووە بەخۆی ئەڵێ: خۆ ئەوسەری سەقافەت هەر زەڕبلێدانی دنیایە، جا بۆ لەمسەرەوە زەڕبەکە لێ نەدەین و موسەقفیشبین؟
ئیتر (موسەقەف و موعارەزە) بە هەردوکیان ڕەخنەیان کورتکردنەوە لە ڕەشکردنی دنیاداو لێرەشەوە ڕەخنە خۆی ڕەشبوو بە کەڵکی سپیکردنەوەی دنیا نەما، وەکو خوێ گەنیوەکەی لێهات و بە کەڵکی ئەوە نەما بیکەیت بە گۆشتەکەوە!
ئیتر دنیاکەش دیندار هەر ڕەشی ئەکاو بێ دین هەر ڕەشی ئەکاو موسەقەف هەر ڕەشی ئەکاو موعارەزە هەر ڕەشی ئەکاو تەنیا دەسەڵات بە دەم ڕەشی ناکات، ئەو خراپتر بە کردار ڕەشی ئەکات!
لە دنیایەکی ڕەشیشدا ئیتر زەربلێدان ئەبێتە پەسەندی عەقڵی جەمع و سەقافەتی باوی کۆمەڵگا!!
ئیتر ئێمەش بە هەموو جیاوازییەکانمانەوە لەوەدا لەیەک ئەچێن کە هەر ڕەتئەکەینەوەو هەر زەڕب لێئەدەین.
ئیتر تۆ جارێک وەکو دین زەڕبەکە ئەوەشێنیت، جارێک وەکو کۆمەڵگا جارێک وەکو کەسێکی موعارەزە جارێک وەکو کەسێکی موسەقەف هەمیشەش وەکو ڕەخنەگر.. بەڵام جارێک وەکو خۆت قسەیەکت نەکرد!
ئەو قسانەشی کە ڕۆژانە لەسەر شتەکان ئەیکەیت، قسەی کۆمەڵگاو ئایدۆلۆژیاو پەرستگاو حیزب و عەقڵی جەمعە.. نەک قسەی تۆ.
(ئێمە کە ئەبین بە وتەبێژی عەقڵی جەمع، کارەکە بیرکردنەوەیەکی ناوێ و عەزێتێکی تیانیە، بۆیە هەموومان قسەئەکەین. کە قسەش ئەکەین هیچ ناڵێین چونکە وتن ئەوەیە کە بیرکردنەوەی لە پشتەوەبێت!)
ئیتر ئێمە ئەبین بە کەسانی دڕەندەو ئەوەی شایەنی لێبوردن و چاوپۆشییە نایبورین، بەڵکو زەقی ئەکەینەوەو لەسەری ئەوەستین، چونکە لە دنیایەکی ڕەشدا عەقڵی جەمع لێبوردەیی ناوێ، زەرب لێدانی ئەوێ!
ئیتر کابرا هەزار کاری باش بکات جارێک پێ ی ناڵێین دەستخۆش، بەڵام لەکارێکا هەڵەیەک بکات، هەزارجار پێ ی ئەڵێین دەستت بشکێ! چونکە سەقافەتی باوی کۆمەڵگا، سەقافەتی لێدان و دەستت بشکێییە نەک سەقافەتی دەستت خۆشبێ و هاندان.
ئیتر ئێمە جوانبینیمان ئەمرێ و ناتوانین چێژ لە شتەکان وەرگرین، چونکە ئەسڵەن بۆ ئەوە سەیری شتەکان ناکەین کە جوانییەکەی ببینین و چێژی لێوەرگرین و خۆمان ڕازی بکەین، بەڵکو بۆ ئەوە سەیری ئەکەین کە هەڵەیەکی تیابگرین و بیکەین بە هەڵاو عەقڵی جەمعی پێ ڕازی بکەین!
ئێمە بە هەموومان عەقڵێکی جەمعمان دروستکردوە، کە هەزار پاساوی قبوڵکردن نابینێ و لەسەری ناوەستێ، بەڵام یەک پاساوی ڕەتکردنەوە هەبێت، ئەیبینێ و زۆر بە قورسیش لەسەری ئەوەستێ! جا گرنگە یارییەکە عەکس بکەینەوەو تۆزێ لەسەر خودی ئەو عەقڵیەتە بوەستین و زەڕبێکی موستەحەقیشی لێدەین و بەو زەڕبەش کۆتایی بە سەقافەتی زەڕبلێدان بهێنین و هەنگاوێک هەڵنێین بەرەو سەقافەتی لێبوردەیی و جوانبینی[1].