پشتیوانەکەت ئەگەر بەکارە
باراش لە ئاشی ژووروو بهاڕە
ئەگینا کارمان لێرە لە پاشە
پیشەی پێشوومان دەوەن بە ئاشە
لە پەندەکانی پیرەمێرد[1]
لە کوردەوارییدا دەوەن بە ئاش ئاماژە بە بەربەرەکانێ و پێشبڕکێ و ڕقەبەرییەک کە براوەی تێدا نێێە و هەردوولا ماڵوێران و دۆڕاون.
دەگێڕنەوە کە مرۆڤێکی گوندیی لادیی کورد چووە بۆ ئاش، لەوێ باراشی خۆی لێکردووە و گەنمەکەی هاڕیوە و بارە ئاردی بارکردووە و بەرەو ماڵ کەوتووەتەوە ڕی !.
لەڕێگا توشی دەبێت بە توشی گوندیی لادیی یەکی دیکەوە کە بەرەو ئاش دەروا بە بارە گەنمەوە، و هەردوو دەکەونە وتووێژ.
کابرای کە بەرە و ئاش دەڕوات هەواڵی بار و دۆخی ئاش لە کابرای گەڕاوە دەپرسێت.
ئەویش دەبێژێت وەڵڵا زۆر قەرەباڵغە و خەڵکی زۆر لێیە، بەمزوانە نۆرەت نایە و بەرت ناکەوێ. ئەوی دیکە دەپرسێ ؛ ئەی تۆ چۆن نۆرەت هات، لە وەڵامدا دەڵێ : وەڵا بە زۆرە ملیی، من لەوانی دیکە بەهێز تر و بە توانا تر بووم. !
کابرا کە بۆ ئاشی دەچێ دەڵێ : وەڵا ئەگەر من لەوێ بوومایە نەمدەهێشت کاری وا بکەیت من لە تۆ بە تواناتر و بە دەسەڵاتترم : هەر دوو لێیان دەبێ بەناخۆشی. ئەو جا یەکێکیان دەبێژێ با ئەو دەوەنە بکەین بە ئاش و، گریمان ئەو دەوەنە ئاشە با باراشی خۆمانی لێکەین، با بزانین کێمان ئازاترە ؟
هەردوو مرخێش مرخێش دەست پێدەکەن، یەکێکیان گەنمە نەهاڕدراوەکەی کێش دەکات بۆ سەر دەوەنەکە و، ئەوی دیکەیان ئاردە کە، ئەوجا مستە کۆڵەیەک لەم و شەقێک لەو، تا لە کۆتاییدا گەنم و ئارد هەڵدەڕێژن بەسەر دەوەنەکەدا. ئەمیان ناگاتە ئاش کە گەنم بهاڕێ و بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، ئەوی دیکەش ئاردەکە ناگەیەنێتە ماڵەوە لەو چیاوچۆڵە هەڵیدەڕێژن،
هەردوو کەللە ڕەق بە سەروگوێلاکی شکاوەوە دەگەڕێنەوە و لە ماڵیشەوە هەردوولا بێ ئارد و بێنان و ماڵ و خێزان برسیی.[2]