#ئامینە کاکەباوە#
ئامینه کاکەباوە، نوێنەری پارتیی چەپ لە پەرلەمانی سوێد، ڕایگەیاند؛ ژن و منداڵێکی زۆر لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا بوونەتە قوربانی و پێویستە جیهان #عەفرین# بە تەنیا جێنەهێڵێت.
ئامینە کاکەباوە، پەرلەمانتاری پارتیی چەپی سوێد ڕایگەیاند؛ تورکیا کێشەی ناوخۆیی و بەڕێوەبەردن هەیە. ئاکەپە کە لەنێو خۆیدا تەنگاو بووه، بە هێرش کردنە سەر عەفرین دەیەوێ سەرنجەکان لەسەر کێشە نێوخۆییەکانی لابدات، بۆ ئەوەش یاری به هەستی شۆڤێنیزمی نێوخۆیی دەکات.
(ئەردۆغان و ئەسەد دەربارەی کوردان وەکوو یەک بیر دەکەنەوە و لە دژی گەلی کورد بە نهێنی هاوکاری یەکتر دەکەن. هەردوولایان لەسەر ئەوە هاوڕان کە کورد نابێ هیچ قەوارەیەکی سیاسیی هەبێت. ئەسەد بۆخۆی ئەو هێزەی نییە کە خۆسەریی کوردان هەڵوەشێنێت، ئەردۆغان لە هەوڵی کردنی ئه و کارە دایە و ئەسەد-یش زۆر پێی خۆشحاڵە.)
کاکەباوە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد؛ ئەردۆغان، خۆبەڕێوەبەری دێمۆکراتی کە لەلایەن کوردان و گەلانی دیکەوە لە ڕۆژاوا بنیاتنراوە وەکوو هەڕەشەیەک لەسەر خۆی دەبینێ. خوازیارە گەلی کورد و گەلانی دیکە لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەر بکات و 3.5 ملیۆن ئاوارەی سووریا کە لە تورکیا ڕاگیراون، لە ڕۆژاوا نیشتەجێ بکات.
ئه و پەرلەمانتارەی سوێد وتی؛ ئەمەریکا، وەڵاتانی ڕۆژاوایی و ڕووسیا بۆ ئەوەی کە شەڕی #داعش# بکەن، پشتیوانی کوردیان دەکرد، بەڵام ئەوان خۆشحاڵ نین بە مۆدێلی دێمۆکراتی و سۆسیالیستی کە ژیانێکی یەکسان بخولقێنێت. ئەو تێکۆشانەی کە بۆ ئازادی دەکرێت، لای ئەردۆغان تیرۆرە. سەرەڕای ئەوەی کە ئەردۆغان پاڵپشتی لە هێرشی گرووپە جیهادییەکان بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان-یش دەکرد، بەڵام گەلی کورد کانتۆنی دێمۆکراتیی خۆیان دامەزراند.
(ئەمەریکا و وەڵاتانی ڕۆژاوایی لە بابەتی ئۆکراینا لە دژی ڕووسیا یەک دەگرن، بەڵام کاتێک کورد بۆردومان دەکرێت، بێدەنگی هەڵدەبژێرن. زۆر کەس لەو هەڵوێستە تێناگەن، بەڵام ئەوانەی کە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە لایانەوە گرینگە، بەباشی لەو یارییە تێدەگەن. هەم وەڵاتانی خۆسەپێنی ڕۆژاوایی و هەمیش وەڵاتانی هەرێمی وەک ئێران و عێراق به بێدەنگیی خۆیان، پشتیوانی لەو هێرشانە دەکەن. بۆ ئەمەریکا بەرژەوەندییەکانی لە تورکیا و شوێنە سەربازییەکانی گرینگن، دەیەوێ بەهێزتر و بەرفرەوانتریان بکات. ئەمەریکا بۆ ئەوەی ناوچەکە لە داعش پاک بکاتەوە، هاوکاریی کوردی کرد، بەڵام لەبەرئەوەی نایەوێ لەگەڵ تورکیا کە هاوبەشی ستراتیژی خۆیەتی، نێوانیان تێکچێت، چاوی خۆی لە ئاست کوشتنی کوردان دادەخات.)
لە درێژەی قسەکانیدا، ئامینە کاکەباوە دەستنیشانی کرد؛ تورکیا بەو چەکانەی کە لە ئەمەریکا و ئەورووپای وەردەگرێ، هێرشی کردۆتە سەر گەلی عەفرین و هێزە کوردییەکان. ئەردۆغان بەو کارەی هیچ حیسابێکی بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان نەکردووە و هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگەیەک لە خاکی وەڵاتێکی دیکە. ئەوە دەرخەری ئەوەیە کە لەنێوان ئەواندا لە دژی کوردان ڕێککەوتنێکی شاراوە هەیە. بەڵام گەلی کورد کە به بەخشینی گیانی هەزاران #شەڕڤان#، لە ڕۆژاوا مۆدێلێکی خۆبەڕێوەبەری دامەزراندووە، لە عەفرین-یش بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی درێژە بە بەرخۆدانی خۆی دەدات.
ئامینە کاکەباوە، دەربارەی بێدەنگیی یەکێتی ئەورووپا لەمەڕ هێرشەکانی سەر عەفرین، ڕایگەیاند: ئەوان هاوکاری ئەو دەوڵەتانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونیان هەیە، به باشتر دەزانن لە هاوکاری کردنی مۆدێلێکی ئازادیخواز. لە لایەکی دیکەشەوە دەترسن کە ئەردۆغان ئەو کۆچبەرانە ڕەوانەی ئەورووپا بکات.
پەرلەمانتارەکەی پارتیی چەپی سوێد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد؛ جاران دەوڵەتی سوێد لە کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پاڵپشتی لە گەلانی بندەست دەکرد. ئێمە وەکوو پارتیی چەپ، ئەم بێ هەڵوێستییەی ئێستای حکوومەتی سوێد قبووڵ ناکەین. من لە وەزیری دەرەوە دەپرسم بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە دەتانەوێ چی بکەن؟ ئەو وەڵامی من دەداتەوە کە یارمەتییە مرۆییەکان زیاتر دەکەین! کاتێک کە وەڵاتێک دەچێ مرۆڤەکان لە وەڵاتێکی دیکە دەکوژێ، باس کردن لە هاوکاری مرۆیی کارەساتە. ژن، منداڵ و خەڵکی بێتاوان دەمرن و وەزیریش دێت و باسی هاوکاری مرۆیی دەکات! ئێمە داوا لە وەزیر دەکەین بە ڕاشکاوانە ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار بکات و بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان، بابەتەکە بەرێتە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا.
ئامینە کاکەباوە داواشی کرد لە کۆمەڵگەی جیهان، گەلانی بندەست، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سیڤیل، مافی مرۆڤ و کرێکاران کرد، لە دژی هێرشەکانی ئەردۆغان بۆ سەر عەفرین بوەستنەوە. وتی؛ نابێ گەلی عەفرین بە تەنیا بهێڵدرێنەوە.
کاکەباوە لە کۆتایی قسەکانیدا بەڵێنی پشتگیری خۆی بۆ عەفرین دووپات کردەوە و ڕایگەیاند؛ بە بەردەوامی بابەتی عەفرین دەکەینە ڕۆژەڤی پەرلەمان و ڕای گشتیی سوێد. هەروەها لە بەرامبەر هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین هەتا کۆتایی پشتیوانی لە گەلی عەفرین دەکەین[1].