بەڕێزان:
کاک عبدالڵە موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کاک موستەفای هیجری سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کاک سەید ئیبراهیمی عەلیزادە سکرتێری کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کمونیستی ئێران
کاک موستەفا مەولودی سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان
کاک عومەر ئیلخانیزادە سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
وێڕای سڵاوێکی شۆڕشگێڕانە
ئێمە وەک کۆمەڵێک چالاکی سیاسی و مەدەنی کورد بە واژۆی ئەم نوسراوەیە داواکاری خۆمان ئاراستەی ئێوەی هێژا ئەکەین و چاوەڕوانین بە چاوێکی ئەرێنی لە داواکەمان بڕوانن.
وەک ئاگادارن لە شەڕی خۆکوژی نێوان کۆمەڵە و دێموکرات سەدان ڕۆڵەی تێکۆشەرو گیان لە سەر دەستی گەلەکەمان گیانی ئازیزیان بەخت کرد.
لێرە نامانەوێ ئەو لاپەڕە پڕ لە شەرمە هەڵ بدەینەوە و زامی ساڕێژ نەبووی بنەماڵەی ئەو ئازیزانە تازە کەینەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوەش بە مافی گەلی خۆمان ئەزانین لە ڕۆژو کاتی گونجاودا هەموو ئەو کەسانەی ڕۆڵیان لەو تاوانەدا بووە لە بەردەم دادگایەکی دادپەروەردا ئامادە بکات و لێپێچینەوەیان لێبکرێت.
بۆ دووبارە نەبوونەوەی تاوان و هەڵەی هاوشێوەی ئەو شەڕە نگریسە داوا لە ئێوەی ئازیز ئەکەین، لە دەرەوەی یەکتر بە تاوانبار زانین، لەم کاتەدا هەستن بە ئەنجامدانی ئەو سێ خاڵەی خوارەوە.
1 بە فەرمی داوای لێبوردن لە گەلی کورد بە گشتی و بنەماڵەی ئەو شەهیدانە بە تایبەتی بکەن.
2 سۆزو پەیمان بە گەل بدەن کە شەڕی برا کوژی هێڵی سوور ئەبێت و لە ژێر هیچ پاساوێکدا جارێکیتر ئەو هەڵە کوشندەیە دووبارە ناکەنەوە. ئەو بەڵێن و پەیمانە بە فەرمی و بە نوسراوێکی شەفاف بێ نەک لە ژوورە تاریکەکان و شتێکی زارەکی.
3 ئەو شەڕە نگریسەی لە ڕابردوودا ڕوویداوە لە ئاگربەس دەرباز بکەن و بە فەرمی و بە نووسراوێکی ڕەسمی بیکەن بە ئاشتی.
وێڕای ڕێزو حورمەتی دوبارە بە ڕاشکاوی ڕای ئەگەیەنین ئەگەر لە ڕێکەوتی 24 سێپتامبری 2019ەوە بۆ ماوەی یەک مانگ بە ئەرکی خۆتان کە ئەبوا چەندین ساڵ پێش ئێستا بە جێتان بگەیەندایە هەڵنەستن، هەڵوێست و ڕێ و شوێنیتر ئەگرینە بەر.
بەهیوای سەرکەوتنی گەل و نیشتمان[1].