تەوەری پیاوان لە ڕوانگەی ژنانی یەکسانییخواز
لەوڕۆدا زۆربەی پیاوان - هەر یەکەو بە گوێرەی بیروباوەڕی خۆی - بە گفتار دان بە یەکسانیی نێوان ژنان و پیاواندا دەنێن.. بەڵام بێجگە لە کەمایەتییەکی زۆر کەمیان زۆربەی هەرە زۆریان لە ڕەفتاردا پیاوسالار و چەوسێنەرن! بە بەدووداچوونی ئەوەی کە ئایە کێشەکان و هۆکارەکان چین؟ بەو چەند پرسیارە پەیوەستدارە ژنان دەدوێنین:
پایزە ئەحمەد: ئایە خودی پێکهاتەی سروشتی پیاو وەک ڕەگەزی نێر پیاوان بەو جۆرە ئافەریدە دەکا؟ یان ئەوە دابونەریت و دین و دەسەڵاتە پیاوان بەو شێوەیە بەرهەم دەهێنن کە هەن، یان هەردوو هۆکار هەر یەکەو بە ئاست و جۆرێک کارتێکردنی خۆیان هەیە؟
#نالیا ئیبراهیم#: سروشتی پیاو و ژن یەک سروشتە.. سروشتی مرۆڤە بۆیە هۆکاری دووەم کاریگەرە!!
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێ بگەرێینەوە بۆ مێژوویەکی دوور لە هەزاران ساڵ کە کاتێک ژن سینبولی جوانیی، میهر، ئەمەکداریی و خوداوەندی سەرزەمین بووە کە لە لای بابلیەکان (عەشتار)، لای ڕۆم و یۆنانیەکان (ڤینۆس و ئەفرۆدێت) و لای مسرییە کۆنەکان (ازیز) خوداوەند بوون، تا ئەو کات مرۆڤایەتی لە سایەی ئاسوودەییدا دەژیا، شەڕەنگێزیی پیاو و فەرهەنگی پیاوسالاریی پاشی ئەو دێ کاتێک هێز پیرۆز دەکرێ و جوانیی و میهر بە کەم تەماشا دەکرێن، لەوێوە پیاو لە کۆششی لێسەندنەوەی پیرۆزیی لە ژن و پیرۆزکردنی هێز و شەڕدا بوو، بە درێژایی ئەو مێژووە تا ئەمڕۆ پیاوسالاران و هێزپەرستان بە پشتیوانیی دین و کلتووری شەڕەنگێزیی سیستەمی پیاوسالارییان فەراهەم کردووە. ئەم فەرهەنگە بۆتە فەرهەنگێکی باو و زۆرێک یان هەموو ڕیشەکانی ژیانیان گرتۆتەوە بۆیە نەک هەر پیاو بگرە هەندێک ژنیش لە ژێر کاریگەریی ئەو فەرهەنگە پیاوسالارەدا، واتە دین و کلتووری باو و پەروەردە فاکتەری سەرەکیین.
پایزە ئەحمەد: ئایە تەنیا پیاوان هۆکاری ئەو باری چەوسانەوەی ژنانن یان ژنانی ناهۆشیار و دەستەپاچەش ڕۆڵی خۆیان هەیە لە درێژەدانی ئەو بارەی خۆیان؟ چارە چییە.. یان چاکترین ڕێیەکانی چارەسەر چین لەو ڕووەوە؟
نالیا ئیبراهیم: وەک لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا گوتم.. لەمڕۆدا مرۆڤ بە ژن و پیاوەوە لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکان دا لە ژێر کاریگەریی یەک فەرهەنگ، دین و پەروەردە دان.. بۆیە دەکرێ ژنێک لە ژێر چەتری کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا پیاوسالار بێ، ئەوەش بەو واتایە نایەت کە ژن جەلادی خۆی بێ یان تاوانبار بێ.. بەڵکو ئەوە پیاو بووە ئەو کاتەی ژن خوداوەند و سنبولی جوانیی بووە (جوانیی بە واتا ستاتیکیەکەی نا) لە کۆششی پیرۆزکردنی دەسەڵات و هێزدا بووە و فەرهەنگی پیاوسالاریی کردۆتە فەرهەنگی باو و ژنانی کردۆتە کۆیلە!! بەپشتیوانیی دین.. هێز و دەسەڵاتی خۆی پیرۆز کردووە.. مرۆڤەکانی دابەش کردووە بە پلەی یەکەم و دووەم، بە پێی ڕەگەزی نێرینە و مێینە.. لە کاتێکدا ڕەگەزی نێرینە و مێینە یەک ڕەگەزە کە مرۆڤە!! هەر لێرەوە دەتوانین بڵێین ڕێگەچارە گەڕانەوەیە بۆ ڕەگەزی مرۆڤ و سڕینەوەی هەموو ئەو وێنە دەستکردانەی کە دەکێشرێن بە ناوی دین و کلتوور و داببونەریتی نەزانانەوە بۆ شێواندنی وێنای مرۆڤ و مرۆڤایەتی!!
پایزە ئەحمەد: هەر کەسێک لە ناخەوە بەو ژنکوژییە زۆرەی ئەو دواییانە ڕادەچڵەکێ یەکسەر پەنجەی تاوانکاریی بۆ حکومەت و تەواوی دەسەڵاتداران ڕادەکێشێ، بەڕێزت لەو بارەوە چ دەبێژی؟
نالیا ئیبراهیم: ئەوە حکومەت و دەسەڵاتە سیستەم و فەرهەنگ و دینێک دەکەنە چەتری کۆمەڵگە، لێرەوە ئەوان بەرپرسی یەکەمن لە فەرهەنگی باوکسالاریی!! هەروەها لە ڕووی یاساییشەوە یاساگەلێک پیادە دەکەن کە دین تێیدا (مەرجەع)ە لە بری ئازادیی و مافاکانی مرۆڤ!! بۆیە دەکرێ بڵێین بەڵێ حکومەت بەرپرسە لەبەردەم هەر کلتوورێکی دزێو و هەر نابەرامبەرییەکی تاکەکانی کۆمەڵگە و تاوانی ژنکوژیی!! کە دواجار هێز تێیدا باڵادەستە و و ئازادیی تێیدا پێشێل دەکرێ و تاوانی ژنکوژیی ئەنجام دەدرێ!!
پایزە ئەحمەد: لەبەرچی ژنان زۆر بە کەمیی بەشداریی لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەن؟ یان لەبەرچی زۆربەی زۆری ژنان ڕێکخراوەکانی ژنان بە پشتوپەنای خۆیان و داکۆکیکەر لە ماف و ئازادییەکانیان نازانن؟ ئایە ئەوەش بە هۆی دەستتێوەردانی پیاوانە؟ ئایە بەڕێزت بە باشتری نازانی ڕێکخراوی ژنان لە ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز پێکبێ؟
نالیا ئیبراهیم: ئێمە دەپرسین کام ڕێکخراوی ژنان!! لە کام کۆمەڵگەدا!! ناکرێ هەر ڕێخراوێک ناوی ژن بکاتە تایتڵی خۆی لە ژێر فەرمانی حیزب و هۆشمەندیی و ڕامانی پیاوگەراییدا بێ ناوی بنێین ڕێکخراوی ژنان!!
لە کۆمەڵگەیەکدا کە ئازادیی تێیدا بەند بکرێ و یاسا کارپێکراو نەبێ، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بڵندگۆی دەسەڵاتی حیزب و خێڵگەرایی و ئاغاکان بن.. ئیدی ئێمەی ژن لە کام ڕێکخراوی ژناندا چالاک بین و بۆ کام مەبەست!!!
بۆ وەڵامی بەشی دووەمی پرسیارەکەت هیچ لارییەک لەوە نییە گەر ڕێکخراوێکی ژنان لە ژێر بەندەکانی مافی مرۆڤ و ژناندا کاری ڕاشکاوانە بکەن، دەکرێ چالاکوانان لەو ڕێکخراوەدا پیاو بێ یان ژن یان پێکەوە بۆ یەک ئامانج و کۆمەڵگەیەکی یەکسان کار بکەن!
پایزە ئەحمەد: خۆت وەک ژن تا چەند لە بەرانبەر هاوسەر یان باوک و برا یان هەر نێرێک کە لەگەڵی دەژی لە چەوسانەوەی پیاوسالاریی ڕزگار بووی؟ کێشەکان چین کە تا ئێستا خۆت یان خۆت لە چوارچێوەی ژنان بە گشتیی بە تەواویی لە بندەستی پیاوانی کۆنەپەرست و چەوسێنەر یان سیستەمی پیاوسالاریی ئازاد نەبووی؟ ڕێگەچارەکانت چین؟
نالیا ئیبراهیم: کاتێک دەگوترێ کێشەی ژن واتا کێشەی کۆمەڵگەیەک نەک کێشەی تۆیەک یان منێک وەک ژن، ئەشێ من یان چەندین ژنی دیکە دووچاری گرفتی پیاوسالاریی نەهاتبن لە خێزاندا بەڵام ئەمە نابێتە پێوانەیەک بۆ کۆمەڵگەیەک کە ژنکوشتنی کردۆتە فەرهەنگ!
من وەک ژنێک کێشەی هەر ژنێک بە کێشەی خۆم دەبینم، هەر تاوانێک بەرامبەر ژنێک بکرێ بە تاوان بەرامبەر خۆم دەیبینم.. لەوەش پتر ئێمەی نێر و مێ ڕەگەزی مرۆڤین و هەر تاوانێک بەرامبەر مرۆڤێک بکرێ تاوانە بەرامبەر من[1]!