(بۆ خانمە کوژراوەکان)
رەفیق سابیر
لەم وڵاتە هەموو شت زۆرە، بەنی ئادەم کەم.
(هێمن)
تینوو
دڵشکاو، جەستە پڕی برینە
رۆح وێنەی گزینگ باڵەفڕەیەتی،
تینووی چڕینە.
هەر دەمێکی ساڵ
وەرزی جوانییە
وادەی ئەوینە.
ئەوین
رەنگین و پڕراز، ڕەنگە وەک فاڵ بێت،
هاوشێوەی جوانی
ئەوینیش
تاڵ بێت.(2)
قیبلەنوما
لە هەر جێ بۆنی مردن دێت،
بەرەو ڕێی ژیانە
ئەوین.
ئێمە بە ئەوین
زەمان دەپێوین.
گۆڕی بێ ناو
هاوسنوور بێ ناز و بێ ناون
کێلەگۆڕ لار و خوار
وەک نەمام،
وەک ئەوین
بە پەلە نێژراون.
شایەت
رەنگە ڕۆژێ دار و بەیان،
تریفە،
روبار،
یان ویژدان،
لە باسی ئەو جوانەمەرگانە
بێنە گۆ،
یان دەشێ پیرە گۆڕستان:
تۆ!
شین
وەرزی وەرینە
ئازادیی دیل و
جوانی تازیەبار
شینی ئەوینە.
فریشتە
بەڵام خانمە ونناوەکان!
هەر چۆن بوون و
هەر کەسێک هەن
خوا شایەتە
لەچاو هەموواندا
فریشتەن!
فریشتەن!
بە یادی ئێوە
لە هەرجێیەک بم
بە یادی ئێوە لەگەڵ جوانیدا
لەگەڵ ئەویندا
رووناکی دەچڕم.
سەرنج و پەراوێز:
1-خانمە ونناوەکان (خانمی ونناو) مەبەست لەو ئافرەت و کچانەی هەرێمی کوردستانە، کە مێردەکانیان، یان کەسوکاریان، جانەوەرانە کوشتویانن. بەشێک لەوانە تەرمەکانیان فڕێ دراون. دواتر شارەوانی لە گۆڕستانی تایبەتدا ناشتوونی. دەزگای پۆلیسیش، لەجیاتی دۆزینەوەی تاوانباران و سزادانیان، بە بەهانەی ئەوەی کەس داوای یاسایی، لەبارەی ئەم کوژراوانە، تۆمار نەکردووە، ئەو کەیسانەیان پشتگوێ خستوون. بە پێی ڕیپۆرتاجێکی ڕۆژنامەی ئاوێنە، تەنیا لە گۆڕستانی سەیوان، لە #سلێمانی#، دوو هەزار ژنی لەم جۆرە، لەشوێنێکی تایبەت، بە ناوی (گۆڕستانی بێناسنامەکان) نێژراون، لە #هەولێر#یش دوو گۆڕستانی هاوشێوە هەن، کە ڕیپۆرتاجەکە هیچی لەبارەیانەوە باس نەکردووە، هەروا بەلای #دهۆک#یشدا نەچووە.
ناوی (بێناسنامەکان)!! بەرهەمی ژنکوژی و دیاریی دەسەڵاتی کوردییە بۆ ژنان و کۆمەڵی کوردستان و بۆ تەواوی مرۆڤایەتی!!. دەسەڵات، کە تاوانباران وەک بکوژ سزا نادات، ناڕاستەوخۆ هانی ژنکوژی دەدات. ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بۆتە کوشتارگەی ژنان، یان (خێڵخانەی ژنکوژان). بۆیە هەق وایە، خەڵکی ئازادیخواز و ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ، خەباتی دژی دیاردەی (ژنکوژی-ژیانکوژی) فراوانتر بکەن. هەروا، پێشنیار دەکەم، ناوی (گۆڕستانی فریشتەکان) یان (گۆڕستانی شەهیدانی ئەوین) یاخود ناوێکی لەو شێوەیە، لەو گۆڕستانانە بنێن.
هیوادارم ڕووناکبیرانی ئازادیخواز دەنگیان لە بەرامبەر دیاردەی ژنکوژی-ژیانکوژی، زیاتر هەڵببرن. هونەرمەندانی داهێنەر، گۆرانی و شانۆنامە، پەیکەڕ و تابلۆ، بۆ ئەم ئاشقە بێموراد و جوانەمەرگانە، کە قوربانیانی ئەوینن، دابهێنن. چونکە ژنکوژی و نەرمی و خۆگێلکردنی دەسەڵات، لەم تاوانە، هەموو سنوورێکی قانوون، ویژدان، ئینسانییەت و هەموو ڕێسا و پیرۆزییەکی ئینسانی و ئاینیی بەزاندووە،
ناوی (بێناسنامەکان) گومڕاکردنێکی ئاشکرای زمانیی پێوە دیارە، کە ناوەرۆکی تاوانەکە، دەشارێتەوە. چونکە ئەمانە ئەگەر ناسنامەیان هەبێت، یان نەبێت، کوژراون. ئەرکی دەسەڵاتە بکوژرکان بدۆزێتەوە و وەک بکوژ سزایان بدات. هەروا بێناسنامە! کەسێکە دەشێت ژن، یان پیاو بێت. کەچی ئەمانە هەموویان ژنن. لەمەش زیاتر ئەم قوربانییانە بێناسنامە نین، ناسنامەکانیان لای بکوژانیانە، کە زیاتر باوک و برا و مێردەکانیانن و بەشێکیان، لای خەڵکی گەرەک و گوندەکانیان، ناسراون.
بۆ زیاتر لەبارەی گۆڕستانی بێناسنامەکان، بڕوانە: ڕێژنە سەردار- بێناسنامەکان، گۆڕستانی ئەو ژنانەی بێکەسکوژران، ئاوێنە، ژمارە 2148 ڕۆژی 15-5-2019
2-ئاماژەیە بۆ شیعرێکی ئارتۆر ڕامبۆ کە دەڵێ:
(ئێوارەیەک، جوانیم لەسەر ڕانم دانا -بینیم تاڵ بوو)[1].
بڕوانە: :
-Arthur Rimbaud, Helvete och Illuminationer, Urval och översättning: Helmer Lång, Dikter symposion, Stockholm, 1994, s.51
-ارثور ڕامبو، حیاتە وشعرە، ترجمة خلیل الخوری، مطبعة الشعب، ط1، بغداد 1978 ص131
-ئارتۆر ڕامبۆ، وەرزێک لە دۆژ و درەوشانەوە، وەرگێڕانی ئەحمەدی مەلا، ئاراس، هەولێر 2001، ل22