پێویستیی بە ئەقڵییەتێکی ڕەخنەگرانەی ڕادیکاڵی شۆڕشگێڕانە هەیە...
دەسەڵاتی باشوور، وەک خڵتە و بەرهەمی هەموو دەسەڵاتەکانی تری ئەم ناوچەیە تا دێت زیاتر لەناواخنی خۆیدا دادەڕزێت، لەگەڵ خۆیشیدا تاک و کۆمەڵگەش دادەڕزێنێت. ئەم دەسەڵاتە دەستبەرداریی هەموو بوارە سیاسی و قانوونی و خزمەتگوزارییەکان بووە و گەیشتۆتە ئاستێک ئیدی دەیەوێت تەنیا به بوارە ئیسخباراتیی و سەرکوتکارییەکانی خۆیەوە بەردەوام ببێت. بێگومان ئەمجۆرە دەسەڵاتانەش لەهەموو جۆرەکانی تری دەسەڵاتدارێتی تەمەنکورتتر و ڕیسواتر دەبن.
ئەم دەسەڵاتە لەم قۆناخەی ئێستای خۆیدا لەجاران زیاتر دەستی بە دەستگیرکردن و ڕفاندنی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی کردووە، تەواو هاوئاهەنگ لەگەڵ هێزە داگیرکارەکان - بەتایبەتی هێزە سەربازیی و ئیستخباراتییەکانی تورکیا و ئێران – لەهەوڵی لەناوبردنی بزووتنەوەی ئازادی گەلەکەمانە لە هەموو کوردستاندا. بۆئەوەی زیاتر تەمەنی خۆی درێژە پێبدات؛ وا خەریکی جۆرێک لە سەودا و مامەڵە و قوماربازییە لەسەر ئه و دەستکەوتانەی گەلەکەمان لە باشوور و ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵات. بچووکترین پرۆژە و بەرنامە و پلانی بۆ خزمەتگوزاری و بەره و پێشەوە بردنی مافپەروەریی و ئازادی بیر و ڕا و ئازادی ڕێکخستنبوون و چالاکی نواندن نییە. هێشتاش بێباکە له و دۆخە ناهەموارەی چینی ناوەندی کۆمەڵگە (کە زۆر بەی مووچەخۆری دەسەڵاتن ) تێیدا دەژیت. لەبەرامبەر خەڵکی هەژار و بێکار و بێدەرامەتدا، وەک دەسەڵاتێکی تاڵانکار و دژە هەژاران، لەبێباکییش دەرچووە و چۆتە قۆناخی ئەوەی سیستەمێکی مۆدێرینی کۆیلایەتی جێگیر و ڕەوا بکات. لەم دۆخەدا ڕۆژانە ڕێژەی کوشتنی ژنان، دەستدرێژی بۆسەر ژنان، دژواربوونی دۆخی منداڵان، پیر و پەککەوتە و خاوەن پێداویستانی تایبەت تادێت دژوارتر و بەئازارتر دەبێت. دۆخی ژینگە و سروشتی ئەم وڵاتە لەخراپترین دۆخی خۆی دایە و تادێت دەرفەتی ژیان لەم ژینگەیەدا کەمتر دەبێتەوە. ڕێژەی نەخۆشییە جەستەیی و دەروونییەکان پەتائاسا لەتەشەنەسەندن دان ، شەپۆڵەکانی جێهێشتنی وڵات تادێت فراوانتر دەبێت. ئەوە بوارەکانی پەروەردە، ڕۆشنبیری، کشتوکاڵ، خزمەتگوزاریی ڕێگاوبان و تەندروستی و ئاو و کارەبا و ئاسایشی خۆراک و ئابووری لەخراپترین دۆخی خۆی دایە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە؛ کەچی دەسەڵاتدارێتی باشوور دەیەوێت بە سەرکوتکردن و ڕەشبگیری و تۆقاندن درێژە بەتەمەنی خۆی بدات. ئەم دەسەڵاتە ئەوەندە بێباک و ملهوڕە، تەنانەت زۆر بەئاسانی و بێویژدانانە گەمارۆی ئابووری و سیاسی دەخاتە سەر ئاوارەکانی وارگەی پەنابەرانی مەخموور، کە زیاتر لە 15 هەزار کوردی وڵاتپارێزی خەڵکی باکووری کوردستانی تێدا دەژیت. هەروەها ڕۆژانە بۆردومانی گوندەکانی سەرسنوور دەکرێت و خەڵکی مەدەنی تێدا شەهید و بریندار دەبێت، کەچی نەک هەر باکی بەهەموو پێشێلکاریی و داگیرکارییە نییه و لێی بێدەنگە ، بەڵکو بەهەموو شێوەیەکیش هاوکار و یارمەتیدەریشیەتی.
ئه و دۆخەی ئەم دەسەڵاتدارێتییە دروستیکردووە تادێت کۆمەڵگەکەمانی لە ڕاستینەی کۆمەڵایەتییبوونی خۆی دوورخستۆتەوە. واتا کۆمەڵگەی بەئاقاری داڕزاندن و داتەپین ئاراستەگیر کردووە و بەها کۆمەڵایەتی و ئینسانیی و نەتەوەییەکان بەخێرایی دەهاڕێت و پێوانە ویژدانیی و ئەخلاقییەکان لە داڕمانی زیاتر دان. شاڵاوە فەرهەنگییە دەرەکییەکانیش بەردەوام پەلاماری بەها فەرهەنگییەکانی کۆمەڵگە دەدەن و ئەمڕۆ مەترسیدارترین جۆری داگیرکاریی، کە داگیرکاریی فەرهەنگییە، هەژموونی خۆی تادێت زیاتر دەکات. ئەوەی ئه و مەترسیانەی زیاتر و ترسناکتر کردووە؛ نەبوون یان لاوازیی؛ هزری ڕەخنەیی و بەرەنگاریی، ڕۆحی بەرگریخوازی، ڕێکخستنی بەرگریخواز و چالاکیی بەرگریخوازییە.
بۆیە دۆخی ئێستا کە دۆخێکی گێژاویی و تاریکە، بەرلەهەموو شتێک پێویستیی بە ئەقڵییەتێکی ڕەخنەگرانەی ڕادیکاڵی شۆڕشگێڕانە هەیە تا بتوانێت ئەم دۆخە بە ئاراستەی وەرچەرخان و گۆڕانکاریی ببات، ئەقڵییەتێک لەدەرەوەی ئەقڵییەتی دەسەڵاتخوازێتی و پاوانخوازێتی بتوانێت کۆمەڵگە بکاتە تەوەری تێکۆشانی خۆی. ئینجا پێویستیی بە وەرچەرخانێکی ڕیشەیی لەڕووی هزری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی هەیە، تا بتوانێت ئه و شۆڕشە زیهنی – ویژدانی کۆمەڵایەتییە بەرپا بکات کە ئازادی، دادپەروەری، یەکسانی و ژینگەپارێزی و بەیەکەوەژیانی دیموکراتیانە بە ئامانج وەربگرێت[1].