دەرکەوتنی هەر کچێک لەشاشەی هەر کەناڵێکی کوردی دەبێ جێگەی دەستخۆشی بێت، لەبەر ئەوەی هاتنە پیشەوەی ژن لە کلتوورێکی داخراوی وەک کۆمەڵگەی کوردستان هەروا ئاسان نییە.
بۆ کارکردن لەبوارێکی زیندووی وەک میدیا بەتایبەت میدیای بینراو کە دەرکەوتنی تێدا بێت و ژنێک هەموو ساتێک ڕووبەرووی بینەرێکی بێسنوور دەربکەوێت، لەساڵانی زوو دەرکەوتنی ژن لەبواری میدیای بینراو سنوودار بوو، بۆیە ئه و ژنانەی دەرئەکەوتن جیگەی دەستخۆشی بوون، بەڵام ئێستا وەک جاران دەرکەوتنی ژن لە کەناڵی کوردی سەنگ و کاریگەری نییە.
بەداخەوە بەشێک لە کەناڵەکان و بەشێک لە خانمەکان ئەوەندەی وەک نمایشکەرێک دەردەکەون لەشاشەی تیڤییەکانمان وەک کەسێکی کاریگەر و بەتوانا دەرناکەون، بەشێک لە کێشەکە خودی کەناڵەکانن، بەشێکیش ژن خۆی ئه و دۆخەی پێ قبووڵە.
زۆر بە دەگمەن دەبینم ژنە پیشکەشکار و بێژەرەکان کارامەییی و توانایی بەرێوەبردنی بەرنامە ڕاستەوخۆ و ڕوماڵە ڕاستەوخۆکانیان هەبێت، بە سەرکەوتوویی بەرێوەی ببەن، ئه و توانا و سەلیقه و کارامەییەی لە میدیا خوێنراو دەیبینم دڵخۆشکەرترە وەک لە میدیای بینراو.
زۆر کات ئه و قسەیەم کردووە، بێژەرو و پێشکەشکاری ژن لە کۆمەڵگەی کوردستان ئەوەندەی پێویستییەک یا هۆکارێکی لاوەکی بۆتە هۆیەک بۆ گەیاندنی بە میدیا، کەم هەیە لەبەر توانا و کارامەیی و پسپۆرێتی لە کەناڵەکان کاربکات، بە پێچەوانە زۆربەی کات کەسە بوێرو بەتوانا و ئەکادیمییەکان لە بواری میدیا لە ناوەندو بواری میدیا جیگەیان نابێتەوە، بەهۆی ئه و سیستەمە ناراستەی کە لە بەرێوەبردنی دەزگای میدیایی لە کوردستان هەیه.
لە ئێستادا کەناڵ نییە، میدیاکاری (ژن)ی تێدانەبێ، لە هەموو بوارەکان دەبینرێت، بەبەردەوامیش ئەگەر دەرفەتی کارکردن هەبێ لە میدیا بە ژن دەدرێت تا پیاو، لەگەڵ ئەوەش زوو زوو ئاگادارییەکانی کەناڵەکانمان بەرچاو دەکەوێت، لە یەکەم دێر نووسراوە:” پێویستمان بە بێژەری ژن هەیە”، وای نازانم کەناڵەکان ئەوەندە لە خەمی ئەوە بن کە زۆرترین ژن کاری دەستبکەوێت و بێنە بوارەکه و بەره و پێشی ببەن ئەوەندەی کە بۆ ئەوە کاردەکەن کە کچێکی جوان و سەرەنج ڕاکێش بە مانا تەقلیدییەکەی بخەنە سەر شاشە.
نەبوونی ژن لەناوەندی بەرێوەبردنی میدیا” یەکێکی دیکەیە له و هۆکارانەی کە وایکردووە ژن وەک میوان سەیر بکرێت له و بوارەدا و لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن.
ئەگەرچی تاک و تەرا هەوڵی ژن دەبینین بۆ شکاندنی ئه و بەربەسته، بەڵام کورتخایەنه و کاریگەری کەمه.
ئەگەر لە لایەنێکی دیکەوە لە پرسەکە بڕوانین، هەبوونی هەموو ئه و گرفتە کۆمەڵاییەتی و بەربەستانەی دێنە بەردەم ژن لەسەرجەم بوارەکان، بۆ ڕاگەیاندن زیاترە، به و پێییەی ڕاگەیاندن پیشەیەکی زۆر کۆن نییە سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، ژنان لە بواری ڕاگەیاندن کەمتر بڕواییان بە ئایندەی کارەکەیانە، تەنها بۆئێستا کاردەکەن بۆیە هەوڵی جدی نابینرێت.
تێگەیشتنی کۆمەڵگە، بەتایبەت بینەران، کە لەرێگەی سۆشیال میدیا لە ئێستادا(فید باک) زانیاری گەڕاوە زووتر دەگات بە میدیاکار، ئەگەرچی بینەری کوردی بۆ ئه و بابەتە لە ئاستێکی زۆر سەرەتایە.
بیرو بۆچوون و سەرەنجەکان تەنیا بەسەرداهەڵداگوتن و ستایشە، یاخود دەستدرێژییە بۆسەر کەسێتی و لایەنە تایبەتمەندییەکانی ژیانی میدیاکارەکە:”پەیامنێر، پێشکەشکار، بێژەر”، ئه و بوارانەی کە دەرکەوتنی تێدایە.
کچان و ژنان قوربانی یەکەمن لە سۆشیال میدیا، ڕۆژ نییە بێژەرێک یا پێشکەشکارێک نەکەوێتە بەر شەپۆڵی بێ بنەماکانی بەکارهێنەران و بینەران[1].