(پیاو سالاری) وشەیەکی باوی نێو ئەدەبیاتی میدیای کوردی و جێی سەر زاری ئافرەتان و پیاوانیشە.
لە بەر ڕۆشنایی ئەم تاریفەدا کە بۆ کۆمەڵگەی کوردستان کراوە، دەبینین ڕۆژانە دیاردەو کاردانەوەکانی پیاوسالاری ڕۆشنتر دەبینرێن و دەبیسترێن، واتا پیاوسالاری کە هەژمونی خۆی بەسەر میدیاو تەواوی بوارە جیاوازەکانی ژیان و خێزانی کوردیدا داناوە، پرسیار ئەوەیە، ئایە میدیای کوردی لە 115 ساڵەی تەمەنیدا، چی بۆ ئافرەتان کردوە ؟ ئەی ڕۆڵی ژن خۆی بۆ کرانەوەی کۆمەڵگەو بەگژداچونەوەی ئەو کۆت و بەندانەی لە سەر ژیانیاندا هەیە چی بووە ؟
من وای دەبینم هەروەک چۆن پیاوان لە نێو میدیای کوردیدا نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی بابەتیانە دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان بخەنە ڕوو، بە شێوەیەک کە بتوانێ پرەنسیپەکانی گۆڕانکاری لە عەقلیەت و ئەو جۆر بیرکردنەوانەدا بە دوای خۆیدا بەجێبێڵێ، کە هەیمەنەی پشت ئەو دیاردەیەن، بە هەمان شێوە و بگرە خراپتر ژنانیش لە ژێر هەمان کاریگەری تێڕوانینەکانی پیاواندا بوونە.
بە داخەوە ئەوەی میدیای کوردی لەو بارەیەوە کردویەتی لە سنوری ڕوماڵی هەواڵ و خستنەڕووی ڕووداوە کارەساتبارەکانی دژ بە ئافرەتان لە سەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکاندا تێپەڕنەبووە، بەشێک لە میدیا کەم وزۆر خۆی لە قەرەی توندووتیژییەکانی دژ بە ژنان نادات، لەو خراپتریش هەیە، میدیایەکە کاتێک لاپەڕەکانی واڵادەکەیتەوە، تەنها هەواڵی ژنکوژو قوربانییەکان بڵاو دەکاتەوە، بە جۆرێک سوکایەتی بە ژن دەکات و دەنووسێت: لە سەر (کێشەی کۆمەڵایەتی کوژراوە) بێ ئەوەی پێمان بڵێت : ئەو کێشانە چین کە کۆمەڵایەتین و کچان و دایکانی کورد لە نێو دەبات ! لە باتی وەک تاوان لە سەری بدوێت و هانی یاسا دنیایی و ئاسمانییەکان و پیاوانی ئایینی بدات، لە جیاتی ئەوەی بە گژ ئەو عەقلیەتەدا بچێتەوە، کەچی دەستەواژەی (کێشەی کۆمەڵایەتی) دەکاتە بەرگی داپۆشینی تاوانێکی گەورەو لە ناوبردنی ئینسانێک.
میدیای کوردی زوڵمێکی گەورەی لە ئافرەت کردوە و دەیکات، میدیای کوردی مێژوویەکی خراپ بۆ خۆی تۆمار دەکات، ئەگەر نەبێتە بەشێکی سەرەکی لە هۆکاری هۆشیارکەرەویەکی بەرچاو لە نێو خێزان و کۆمەڵدا، کە بە شێوەیەکی زانستی ڕێگاچارەکانی ئەو دەردە کۆمەڵایەتییانە بدۆزێتەوە.
بۆیە پێویستە مەسەلەی ژنکوژی ببێتە تەوەرێکی ئەساسی و بەرجەستە لە نێو میدیای کوردیدا[1].
24-09-2019