تەکنەلۆجیا:
جیهان بەردەوام لەهەوڵ و کۆششدا بووە لەدێر زەمانەوە، بۆ بەدەست هێنان و گەیاندنی خواست و داواکاریەکانی خەڵک بەڕێگایەکی خێرا، بەتایبەت بازرگانەکان، لەدوای شۆڕشی پیشەسازی و فراوان بونی خواست و داواکاریەکانی خەڵک، هەوڵدان بۆ گەیشتن بەڕێگایەکی خێرا، بۆ گەیاندنی بەرهەم هێنراوەکانیان بۆ دەستی بەکاربەر، ئایا ناوخۆیی بێت یاخود نێودەوڵەتی یاخود جیهانی، بەجۆرێک جیهانی بازرگانی لەڕێگای تەکنەلۆجیا بەشێوەیەکی بەرچاو فراوان بووە تەنیا خۆی لەکەرتی خواردەمەنی ناگرێتەوە بەڵکو کەرتی تەندروستی و خۆراک و پۆشاک و مامەڵە بازرگانیە نێودەوڵەتیە زەبەلاحەکانیش دەگرێته وە.
هەنگاو بەهەنگاو لە ڕۆژئاوا ئاستی گەشەسەندنی تەکنەلۆجیا فراوان بوو، سەرەتا ئامێری گەیاندنی تەلی، کۆمپیتەر، فاکس، ئینتەرنێت، سایتەکان....هتد
تائەم ئاستەی ئێستامان کە زۆربەی کاروبارە ڕۆژانیەکانمان بەبێ بونی ئینتەرنێت پەکی دەکەوێت، گەر چرکه یەک ببچڕێت ئەوکاتە لەگرنگی و بەهای تەکنەلۆجیا دەگەین و دەزانین بۆچی مەبەستێک بەکاردێت.
ئاستی بەکار هێنانی تەکنەلۆجیاو هۆشیاری بەکارهێنانی لە ڕۆژئاوادا شێوازێکی زانستیانەی هەیە، هۆکاری هۆشیاری بەکار هێنانی بۆ بەرزی ئاستی ڕۆشنبیری تاکەکان بەپلەی یەکەم، وە پاشان هیواشی گەشەسەندنی بڵاوبونەوەی تەکنەلۆجیا دەگەڕێتەوە.
تاکی ڕۆژهەڵاتی هەمیشە وەک مشەخورێکی بێ دەسەڵات دەوری هەبوە بەسەر جیهاندا، تەنیا جیهانی قەرەباڵغ کردوە، ئەوەتا سەرکردەکان مێژوو و خەباتی چەند ساڵەیان هەرزان فرۆشکرد. تەنیا جەرگ سوتان بۆ دایکەکان مایەوە، ئێستاش نەوەیەک لەئارادایە، مەترسیەکی گەورە بۆ مێژوو داهاتووی وڵات دروست دەکەن، مشەخۆرێکی زیانبەر لەئارادا هەیە.
لەڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا هەڕەشەیەکی گەورە هەیە لەبەردەم نەوەی داهاتودا، بەتایبەت لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراقدا بەشێوەیەکی خێرا تەکنەلۆجیا دەستی بەسەر کۆی جومگە کۆمەڵایەتیەکاندا گرتووە، بەشێوەیەک کۆمپانیاکان لەبەر قازانجی بازرگانی خۆیان بواریان نەدا هۆشیاری بەکارهێنانی بڵاو بکەنەوه، وەزارەتی ڕۆشنبیریش بەئەرکی خۆی نەزانی هۆشیاری ببەخشێت بەتاکەکان، گەر پسپوڕێکی دەروونی شیکار بۆ نەوەی تەکنەلۆجیادا بکات لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بێ ئومێدیەکی قوڵ لەئایندەیاندا دەبینرێت.
لەگەڵ بەرەو پێش چونی تەکنەلوجیادا عەقڵیەتی تاکی ڕۆژ هەڵاتی بەرەو بچوک بونەوەو داخزان و خاو بونەوە دەڕوات، وە ڕۆژ بەڕۆژ فراوان بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان تێکچونی شیرازەی خێزان و داخرانی عەقڵیەتی تاکەکانی لێدەکەوێتەوە.
سەرەتای فەیسبوک دەستێکی باڵای هەبوو، لەمۆنۆپۆڵ کردنی فیکروو ئایدیای تاکەکان پاشان ئینستا و سناپ چات کە هەوڵێکی بە ئاژەڵ کردنی تاکەکان بو کۆمه ڵگای کوردی بەرەو هەرەس هێنانی کلتوری نەتەوەیی برد.
دەرکەوتنی دیاردە دەکان و بڵاوبونەوەیان :
لەم ساڵانەی دوایشدا چەندین دەرهاویشتەو لێکەوتەو دەرئەنجامی خراپ ڕوبەڕوی کۆمەڵگاکەمان بوەتەوە، بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە سەرەتا دەرئەنجام و دەرهاویشتەکان لەفەیسبوکەوە ده ستی پێکرد.
چه ندین کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی تەشەنەی کرد، وردە وردە تۆڕەکانی تریش ئینستا، تیک تۆک، سناپ چات، هێندەی تر کێشەکان قوڵتربۆیەوە.
ئێمەو مانان ئەمە بەخەمێکی قوڵی کۆمەڵگەی لێک دەدەینەوە، پێوستە هەر تاکێکمان دەست بخاتە سەر برینەکانی کۆمەڵگا بەمەبەستی چارەسەرکردنی نەک قوڵترکردنی و فروان کردنیان.
لایڤ کردنەوه سەرەتایەکی غەمگین بوو بۆ دەرهاویشتە خراپەکان، فراوانبونی کێشەکان لایڤ جنێو و تەشهیر و سوکایەتی و ناوزڕاندن و بوختانکردن چه ندین کردەوەی ناشرینی هێنایە ئاراوە، ڕق و کینەی نێو تاکەکانی قوڵترکردەوە متمانە کۆمەڵایەتیەکان نەما، پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بەرەو لەنێوچون ڕۆیشت.
سەرەتا لایڤ جنێو شەرم و عەیبە بو ئێستا کە دەیبینین بوە بەدیاردەیەکی قێزەونی نێو کۆمەڵگە، یاخود دەرهاویشتەکانی چ توندو تیژی خێزان و کۆمەڵایەتی چ دەست درێژی جنسی بێت یاخود ماڵ بڕین، یاخود کوشتن، فراوانتر بوە بەخەست بونەوەی ڕق و کینه و هاندانی تاک بەتاکی کۆمەڵگە بۆلایڤ جنێو.
بەداخەوە که ناڵەکانی ڕاگەیاندن ماڵپەڕەکان و توڕێکی گەورەن بەشێوازێکی بەرنامەڕێژ کراو بۆ ئاسایی کردنەوە ئەم دیاردانە، بەتایبەت چەند کەناڵێکی دیاریکراو ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لەسەر نوێ کردنەوەی ڕق و بەشەڕدانی کەسەکان لەنێو پڕۆگرامێکی بێ سودا.
سەرباری ئەوە کەناڵی باشیشمان هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی مەعریفی و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاک، بەڵام بەداخەوە گەنج و تاکی ئێرە دیسان غەدر لەخۆی دەکات ڤیوی ئەم کەناڵانە زۆر کەمن، وەخێزان و خوێندنگەش سێکتەرێکی سەرەکین لەسەر ئاستی هۆشیاری تاکەکان و هاندانیان بۆ دروستکردنی تاکێکی هۆشیار یاخود بیرخاو.
سەرباری هەژاری میلەتەکەمان لەبەرهەمی ناوخۆ نەبونی ئابوریەکی سەربەخۆ و لاوازی هۆشیاری سیاسی سەر کردەکانمان، ئەم قەیرانانە بەسن تا نەگەین بە قەیرانێکی دژوارتر.
قەیرانی داڕمانی بەهای کۆمەڵگە سەخترین قەیرانە هەر نەتەوەو و وڵاتێک تێی بکەوێت دەبێتە هۆی ئەوپەڕی خاوی بیرو ئایدیا و ئامانج و خەونی تاک و نەوەی داهاتوو، هەوڵی خۆ بەکۆمیدیا کردن و خۆ هەزەلی کردن لەسەر حسابی برینارکردنی بەرامبەر برینێکی تری ئەم کۆمەڵگەیەیە.
ئێستاش هەوڵێکی تر لەئارادایە ئەویش ئاسایی کردنەوەی بەکاڵاکردنی خۆیی ئافرەت ئەمەش ترسناکترین زەنگی نائومێدی و پەرت بون و داڕمانی کۆمەڵگایە بەناوی ئازادی تاکەوە کۆمەڵگە چەواشەدەکرێت، گەر ئەم دەنکە تەسبیحە نەخەینەوە شوێنی خۆی ئەوانی تریش بەدوایدا گلۆر دەبنەوە و ئەمەش دەبێت بەدیاردە و ئاسایی دەبێتەوە.
با ئێمەش لەپشتی مۆبایلەکەمانە وە دانەنیشین تەنیا ڕەخنەی زل زل و قسەی زل و جنێو بدەین، کە ئەمە هیچ بەرهەمێکی نابێت، ئەرکی هەر تاکێکمانە خەمی لێ بخۆین بەجدی کاری بۆ بکەین، ئێمە بۆ ئەوەی بەو ئامانجە بگەین سەرەتا لەخۆمانەوە دەست پێ بکەین، پاشان خێزان و دواتر چارەسەرو ڕێگاچارەکان بگەیەنرێت بەنەوەی نوێ و هۆشداری بەنوێیاندا بڵاو بکرێتە، ئاستی مەعریفیان بەرز بکرێتەوە.
خەم و ویست و عەقڵی گەنجی ئێستا لەنێو ئەکاونتەکەیدا هەڵگیراوە، ئەو سەردەمەی #سەردەشت# و #سۆران# و ویدادو کاوەی تێدا تیرۆر کرا سەردەم و چاخی قەڵەم وبەگژاچونەوەی دەسەڵات بوو، بەداخەوە گەنجی ئێستا ئەو ڕوحیەتە یاخیگەریەی نەماوە، هێنده تێکەڵ بە تەکنەلۆجیاو مەسرەف گەرایی و مۆدێرنه بوون دەکەونە داڕشتنی پیلان بۆکوشتنی هاوڕێکەی له پێناو بڕە پارەیەکی کەم ئێستامان ئێستایەکی مردووە ئێستایەکی ئاڵۆزو بێ بەرنامەو بێ خەون و کرچ و کاڵ ئێستایەک پڕ لەڕق و کینە و بوغزاندنی یەکتر و ماڵ وێران کردنی یەکترکاڵ تاکە خەون زۆر بونی ژمارەر لایک و کۆمێنت و ڤیوە دەبێت بەسەلمێنەری تواناکەی کەسەکە لە خۆنمایش کردن و ماسک پۆشیندا [1]...