لە لیستی خواردنەکانی چێشتخانەیەکی #سلێمانی#دا، بەشێکی تایبەت جیاکراوەتەوە و بە گەورەیی لەسەری نوسراوە: خواردنی تەندروست (وەک ئاماژەیەکی ڕوون بۆ نا-تەندروستیی خواردنەکانی دیکە، واتە ئەو خواردنە زۆرانەی ڕۆژانە دەیانخۆین، هەموویان نا-تەندروستن).
ئێمە بەبێ ئەوەی بە خۆمان بزانین بە دوو دەست پارە دەدەین، بە دەستێک پارە دەدەینە خواردنە نا-تەندروستەکان و خۆمان قەڵەو دەکەین، بە دەستەکەی دیکەش پارە دەدەینە هۆڵەکانی لەشجوانی بۆ ئەوەی کێشمان داببەزێنین. لە هەردوو جارەکەشدا ئەوان دەیبەنەوە.
ئێستا “لەشولاری ڕێک” جێگەی “تەندروستییەکی باش”ی گرتۆتەوە، ئێمە لەبری ئەوەی هەوڵبدەین جەستەیەکی تەندروستمان هەبێت، بەپێچەوانەوە لەپێناو لەش و لارێکی ڕێکدا هەوڵدەدەین (ئەگەرچی بەمانایەک لە ماناکان لەشولاری ڕێک هۆکارە بۆ تەندروستییەکی باش، بەڵام ئەمڕۆ ئامراز و ئامانج تێکەڵ کراون و هەمووان لەشولاری ڕێکیان دەوێت وەک ئامانجێکی گەورە تەنانەت ئەگەر تەندروستییەکی باشیشی بەدواوە نەیەت).
رەنگە هەڵەش نەبن لەوەدا، چونکە ئەگەر جاران “تەندروستییەکی باش” هۆکاری مانەوەمان بووبێت لە ژیاندا، ئەوا ئێستا بەجۆرێک لەجۆرەکان “لەشولارێکی ڕێک” هەلی مانەوەمان پێدەبەخشێت!
کۆمپانیا قازانجپەرستەکان، کە ئێستا جێگەی “سیاسییەکانیان” گرتۆتەوە و حوکمی جیهان دەکەن، هەلی کاری زیاتر دەبەخشنە ئەوانەی لەشولاری ڕێکیان هەیە (لەمەدا ژنان وەک نێچیر تەماشا دەکەن). ئەمە جیا لەوەی بۆ هەر سەردەمێک ستاندارێک بۆ “جوانی” دادەنێن و هەمووانیش ناچار دەکەن دوایان بکەون.
“چیتر کاتی خۆتان بە وەرزشکردنەوە بە فیڕۆ مەدەن، دەرمانێکمان لایە بەگەرەنتی کێشت دادەبەزێنێت” کۆمپانیایەکی بازرگانی بەمشێوەیە ڕیکلام بۆ دەرمانێک دەکات، کە کێشی لەش دادەبەزێنێت. ئەمەیش دەقاودەق ئەرگۆمێنتەکەی سەرەوە دەسەلمێنێت، کە خەڵک لەشولارێکی ڕێکیان دەوێت نەک تەندروستییەکی باش (بێگومان بەکارهێنانی ئەم جۆرە دەرمانانە، کاریگەریی خراپ لەسەر تەندروستی دادەنێت).
بە مانایەکی تر دەتوانین باسی تایپێکی نوێ لە ڕۆژووگرتن بکەین، کە ناوەرۆکە ئیمانییەکەی خۆی لەدەست داوە و بە زمانی ئەمڕۆ پێیدەوترێت (رێجیم). لە ئێستادا سەرمایەداری ئەو دۆخەی ڕەخساندووە کە هەموو سروتە دینییە کۆنەکان بە فۆرمێکی ئاوەژوو بێنێتەوە و ناوی تریان لێ بنێت و لە جەوهەرە عەقیدەییەکەی دایانماڵێت، ئەمەیش بە پاشکۆبوونی هەموو ئایدۆلۆژیا کۆنە دینییەکانە بۆ سەرمایە، وەک بڵێی سەرمایە جۆرێک بێت لە تیۆلۆژیا یان ئیلاهیاتی نوێ، بەڵام لەکۆپەیوەندییەکی زەمینیدا. بەو دیوەی تریشدا چیتر شتەکان بۆ نیگای خودا ئەنجام نادەین، بەڵکو بۆ نیگایەکی کۆمەڵایەتیی نمایشکراو ئەنجامدەدەین، کە ئەوانی ترن (یان بەمانا فیکرییەکەی نیگای زەقی کۆمەڵگە). فشارەکان لە ستونییەوە گۆڕدراون بۆ ئاسۆیی، واتە ئەو فشارەی کە گوناهی دینی دروستی دەکرد، ئێستا بە شێوەیەکی ئاسۆیی و کۆمەڵایەتی لە نیگای ئەوانی ترەوە دەردەچێت، بۆنمونە مەسەلەی (لەشولار)، گەرچی لەپێشتردا پێدراوێکی خودایی بوو، کەچی ئێستا وەرگەڕاوە بۆ پێدراوێکی ناو سیستەم خۆی کە دەبێت بۆی کەم و زیاد بکەین و خۆمان لە ستانداردەکانی غافڵ نەکەین، بە وردیی مامەڵە بەو عەزاب ویژدانەوە بکەین کە بۆمان دروست دەکات، بەکورتییەکەی پرسی لەشولار نەک هەر لە پرسێکی دینییەوە بۆتە پرسێکی ئیستاتیکی، بەڵکو هەڵگەڕاوەتەوە بۆ پرسێکی دینی – دەروونیی فشارساز. دواجار سەرمایە بەناو جەستەی ئێمەدا خۆی بەرهەم دێنێتەوە و لەشولارمان پێناسە دەکاتەوە و جەستە لە تۆپەڵێک گۆشتی کرچوکاڵەوە وەردەچەرخێنێت بۆ یەکەیەکی ڕەمزی و پێناسەکراو و تەنانەت ئایدۆلۆژیش[1].